بەغدا بۆ یەكێتی، پێویستییە نەك پیرۆزیی

10:34 - 2023-03-01
ئازاد ئیبراهیم ئەحمەد
306 خوێندراوەتەوە

سەردانەکانی سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ بەغدا «بە دواهەمین دیداریشییەوە لەگەڵ سەرۆک و نوێنەرانی پەرلەمانەكانی عەرەب لە بەغدا»، تەنها ئامادەبوونێكی دووبارەی وێنە مێژووییەكەی كورد نییە لە بەغدا، بەڵکو ئامادەبوونێكیشە لە دەرەوەی ئەو تێڕوانینە كوردییەی كە هەمیشە بۆ بەغدای هەبووە. 
واتا بە گەڕانەوەی سەرۆك بافڵ بۆ بەغدا و جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی كە پێشتر رایگەیاند «یەكێتی دەگەڕێتەوە بەغدا و لقێكی مەكتەبی سیاسی لەوێ دەكاتەوە و خۆی سەرپەرشتی دەكات»، لە سادەترین مانادا ئەوە دەردەخات ئێستا بەغدا لەلای سەرۆك بافڵ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، قووڵایی ستراتیژییە، بە بڕوای سەرۆك بافڵ پێویستە لە نێوان پشتتێكردن و تەریككردنی بەغدا لەلایەك، گەڕانەوە و جۆشدانەوەی كوانووی حزبایەتی و كوردایەتیمان لەلاكەی ترەوە، گەڕانەوە بۆ بەغدا وەك ئۆپشنێكی عەقڵانیتر كاری لەسەر بكرێت. 
لەم دیدەوە ئێستا بەغدا بۆ یەكێتی بەغدایەكە پێویستی و قووڵایی ستراتیژییە نەك پیرۆزییەك بێت و بە چاوی پیرۆزیی لێی بڕوانرێت.
واتا گەڕانەوەی سەرۆك بافڵ و یەكێتی بۆ بەغدا، گەڕانەوەیەكی مادی نییە كە لە پێشوودا بەغدامان بە مادەوە ویستووە، خراپترینی وێنەی بەغدا بەلای كوردەوە ئەوەیە كە هەركاتێك بەغدا پارەی نارد بۆ هەرێم بەغدامان خۆشبوێت و هەركاتێكیش پارەی نەنارد ئیدی دژی بوەستینەوە و نەهی لێبكەین، بەڵام كاتێك كە بەغدا لەلای سەرۆك بافڵ دەبێتە «پێویستی و قووڵایی ستراتیژی» ئیدی بەغدا بەگشتی بەغدای تەواوی مافەكانی گەلی كوردە، نەك تەنها بەغدای مووچە و بودجە. 
بەغدای مافەكانیش بەغدایەكی مادی نییە بە تەنها، بەڵكو بەغدایەكی چارەسەری پرسی كورد و رێكەوتنە، لەبەرامبەردا سروشتی یەكێتیش وەهایە دژی پیرۆزكردنە و هەرگیزیش بەغدا وەك شوێنێكی پیرۆز سەیر ناكات، كە پێی دڵخۆش ببێت و حەزبكات بەردەوام تێیدا بمێنێتەوە.
مەخابن، بەهۆی ئەو وێنە خراپە مێژووییەوە كە بۆ بەغدامان كێشابوو، هەمیشە بەغدا تەنها بەغدایەكی مادی بوو، تەواوی مافەكانی دیكەی كوردمان  لە بیركردبوو، هەموو مافێكی كورد لە پرسێكی بچووكدا قەتیسكرابوو، زۆرێكی لایەنی كوردی نەیدەپەرژایە سەر مافەكانی دیكەی وەك سەروەریی خاك و مافی پێشمەرگە و مادەی 140 و جێبەجێكردنی دەستوور و ....هتد. دەستكاریكردنی ئەم تێڕوانینە كوردییەش بۆ بەغدا تەنها بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و سەرۆكەكەی دەكرێت و ئامادەبوونیشیان لە بەغدا، واتە ئامادەبوونێكی هەمیشەیی لە سەنتەری پرسە هەستیار و گرنگەكانی عیراق، واتە دانانی تەواوی پرس و مافەكانی كوردیش لەسەر مێزی گفتوگۆ و نزیككردنەوە لە چارەسەر و دەمەزەردكردنەوەی ئەو داوا و مافانەی كورد لە لایەنە سیاسییەكانی عیراقی هەیە.
بە تێگەیشتنێكی دیكە، بۆ ئەوەی دیدگای بەغداش بۆ تەواوی مافەكانی كورد بگۆڕێت، كەواتە پێویستە سەرۆك بافڵ و یەكێتی لە بەغدا بن، لایەنی عیراقیش روخساری سیاسیی یەكێتی و سەرۆكەكەیان پێ قبووڵە و خۆشحاڵن كە یەكێتی بەشێكە لە چارەسەری تەواوی پرسە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەكانی عیراق بە پرسی كورد و مادەی 140 یشەوە لە سایەی دەستووردا، لە ئاستی دەرەوەشدا ئەم وێنەیەی عیراق قبووڵكراوە.

كاتێك كە بەغدا لەلای سەرۆك بافڵ دەبێتە «پێویستی و قووڵایی ستراتیژی» ئیدی بەغدا بەگشتی بەغدای تەواوی مافەكانی گەلی كوردە، نەك تەنها  بەغدای
 مووچە و بودجە

وتارەکانی نوسەر