ئایا ئەوەی تاڵەبانی باوک بناغەکەی دانا تاڵەبانی کوڕ تەواوی دەکات؟

10:53 - 2023-03-01
وتار
427 خوێندراوەتەوە

محەمەد ئەمین پێنجوێنی

ئەمڕۆ لە کۆڕبەندی هەولێردا بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تۆپێکی گەورەی تەقاند.
 
بافڵ تاڵەبانی، وەرن با لەبری ئاڵای حزبایەتی، ئاڵای کوردایەتی هەڵگرین، وەرن باپێکەوە کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، براکانمان لەڕۆژئاوا لە ژێر فشاردان و هەموو رۆژێك بۆمباباران دەکرێن، وەرن بایارمەتیان بدەین، 
وەرن پێکەوە پڕۆسەی ئاشتی لە نێوان برایانی پەکەکە و دەوڵەتی توركیا پێكبهێنین و چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا بەئاشتی بکەین. 
ئەمە قسەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بوو کە داوا لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات بۆ بەرژەوەندی گەلەکەمان و گەلانی ناوچەکە با پێکەوە هەوڵ بدەین بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ئەم کێشانە.
بۆچی نا، خۆ سەرۆکی کۆماری عیراق، رەوانشاد جەلال تاڵەبانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم رۆڵی کارگەریان هەبوو لە پڕۆسەی ئاشتیدا کە پێنج ساڵ ئارامی و ئاسایشی بەرهەمهێنا بۆ گەلی کورد و گەلانی تورکیا.
دەبا تاڵەبانی کوڕ و بارزانی کوڕ و سەرۆکی هەرێم و پەکەکە و هەدەپە پێکەوە کاربکەن بۆ بەدیهێنانی پڕۆسەیەکی تری ئاشتی و ئاشتەوایی بۆ چارەسەری کێشەکانی کورد و کورد و کورد و دەوڵەتانی هەرێمی، چونکە هەلەکە زۆر لەبارە بۆ ئەوەی هەر حزب و کەسایەتی سیاسی بتوانێ رۆڵی مێژوویی خۆی تیا بگێڕێت  گۆڕانکاری سەرسوڕهێنەر لە ناوچەکەدا روودەدات، ئەوەش بەسەر گەلی کوردیدا دەسەپێنێت کە یەكگرتن و یەكهەڵوێستی و دیالۆگ بۆ چارەسەری کێشە تایبەتییەکان تاکەڕێگەی نیشتمانی و مێژووییە.

وتارەکانی نوسەر