سه‌رژمێری‌ دانیشتوان هه‌نگاوێكی‌ پێویست بۆ گه‌شه‌پێدان له‌ عیراقدا

09:34 - 2023-03-02
بورهان شێخ رەئوف
345 خوێندراوەتەوە

سه‌رژمێریی‌ و ئاماری‌ دانیشتوان‌ له‌ هه‌ر وڵاتێكدا بوار ده‌ڕه‌خسێنێت بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری‌ ورد و درشت و واقیعی‌ و جێ متمانه‌ له‌سه‌ر  هه‌موو پێشووه‌چوونه‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئابوورییه‌كان له‌و وڵاته‌ و هه‌روه‌ها له‌سه‌ر پێكهاته‌ی‌ دانیشتوان و ژماره‌یان له‌و وڵاته‌دا.

ئامانج له‌ سه‌رژمێریی دانیشتوان
ئامانج له‌ سه‌رژمێریی‌ دانیشتوان، زیاتر بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ زانیاری‌ دروسته‌ له‌سه‌ر بنه‌مای زانیاری‌ دیمۆگرافی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئابووری‌ له‌سه‌ر هاووڵاتیان، هه‌روه‌ها دابه‌ش بوون وپۆلینكردنیان به‌ گوێره‌ی‌ (ژینگه‌، ته‌مه‌ن، ره‌گه‌ز)، هه‌روه‌ها دۆخی‌ گوزه‌رانیان له‌ بواره‌كانی‌ ته‌ندروستی و په‌روه‌رده‌ و فێركردن، ئه‌مه‌ چ جای زانیاریی‌ پێویست  له‌سه‌ر سه‌رچاوه‌ی‌ داهاتی هاووڵاتیانی ئه‌و وڵاته‌ و هه‌لی‌ كار و  داهاتی‌ ساڵانه‌ و  هه‌ژاری‌ و كۆچ و جۆری‌ كار و چالاكیی‌ بازرگانی‌، سه‌ره‌ڕای‌ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری‌ و ئاماری‌ وردتر له‌سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كان له‌ یه‌كه‌ كارگێڕی‌ و هه‌رێمه‌كان.
دوا سه‌رژمێریی گشتی دانیشتوان له ‌عیراقدا له‌ ساڵی‌ 1987 كرا و ئه‌و ده‌مه‌ش له ‌ناوچه‌ ئازادكراوه‌كانی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ شۆڕشی‌ كوردستان سه‌رژمێریی‌ به‌ڕێوەنه‌چوو، له‌ ساڵی‌ 1997 یش سه‌رژمێریی‌ له ‌عیراق  كرا جگه‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كە له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتی رژێمی به‌عس بوو.
له‌ ساڵی‌ 2010  ده‌بوو سه‌رژمێریی‌ دانیشتوان له‌عیراقدا بكرێت، به‌ڵام به‌هۆی‌ بوونی ناكۆكی‌ و ململانێی‌ سیاسییه‌وه‌ پڕۆسه‌كه‌ دواخرا، هه‌رچه‌نده‌ هه‌موو رێكاره‌ یاسایی و ته‌كنیكییه‌كانی بۆ  ئاماده‌ كرابوو.

هه‌مواركردنی یاسای  سه‌رژمێریی دانیشتوان
له‌ ساڵی‌ 2008دا ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران بڕیاری‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌می‌ یاسای‌ سه‌رژمێریی‌ دانیشتوانی‌ ژماره‌ (40) ساڵی‌ 2008 ی‌  ده‌ركرد، هه‌مواركردنه‌ش بریتی‌بوو له‌ زیادكردنی‌ ژماره‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆمیسیۆنی‌ باڵای‌ هه‌ڵبژاردن، هه‌روه‌ها زیادكرنی‌ هاوبه‌شی‌ تر له‌و  لایه‌نانه‌ی‌ كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌ سه‌رژمێرییه‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ پێناوی مسۆگه‌ركردنی‌ به‌شداریی‌  هه‌موو لایه‌ك له‌ پڕۆسه‌كه‌دا.
له‌ مانگی‌ كانونی‌ یه‌كه‌می‌ ساڵی‌ 2018 به‌ پشتیوانیی‌ سندوقی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان (UNEPA)، عیراق توانی‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی‌ سه‌رژمێریی‌ گشتی‌ دانیشتوان رێكبخات، كه‌ پێكهاتبوو له‌ چوارچێوه‌ی‌ گشتی‌ و پلانی‌ كار به‌ ته‌واوی‌ بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ سه‌رژمێریی‌ دانیشتوان، دواتریش له‌ ساڵی‌ 2019  عادل عه‌بدولمهدی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ ئه‌وكاتی عیراق، ساڵی‌ 2020 ی‌ دیاری‌ كرد بۆ به‌ڕێوه‌چوونی‌ سه‌رژمێریی‌ گشتی‌، ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیرانیش هه‌موو تێچووه‌ داراییه‌كانی‌ بۆ ته‌رخانكرد.

پشتگیریی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان
سندوقی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش بۆ دانیشتوان، هه‌موو پشتگیرییه‌كی‌ ته‌كنیكی‌ پێشكه‌شی‌ عیراق كرد، له‌ رێگه‌ی‌ وه‌زاره‌تی‌ پلاندانانەوە و چه‌ندین سه‌ردانی‌ بۆ تیمه‌كانی‌ عیراق رێكخست بۆ میسر و ئوردن بۆ راهێنان و شاره‌زابوون به‌ شێوه‌یه‌كی‌ مه‌یدانی‌، بۆ  به‌رزكردنه‌وه‌ی‌  توانستی‌ كارمه‌ندانی‌ ده‌زگای‌ ئاماری‌ عیراق تا سه‌رژمێریی‌ ئه‌لەكترۆنی‌ بكرێت له‌ جیاتی‌ سه‌رژمێریی‌ له‌سه‌ر كاغه‌ز و به‌ شێوه‌ كلاسیكی‌یەکە.
له‌ ساڵی‌ 2020دا سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو هه‌وڵه‌كانی‌ حكومه‌تی‌ فیدراڵیی عیراق و حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ به‌ڕێوەچوونی‌ سه‌رژمێری،‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌ خه‌ڵك به‌ گرنگی‌ ئامار بۆ گه‌شه‌پێدانی‌ گشتی‌ له‌ وڵاتدا، به‌ڵام نه‌توانرا پڕۆسه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ببرێت .

گرنگی به‌ڕێوه‌چوونی  سه‌رژمێری له‌ عیراقدا
ئێستا كاتی‌ ئه‌وه‌ هاتووه‌ سه‌رژمێریی‌ گشتی‌ دانیشتوان له‌ عیراقدا بكرێت و هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانیش هه‌وڵبده‌ن  كۆسپ و ته‌گه‌ره‌كانی‌ به‌رده‌م پڕۆسه‌كه‌ لاببه‌ن له‌به‌ر گرنگی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ له ‌وڵاتدا، چونكه‌ ناتوانرێت ده‌ست به‌ پڕۆسه‌یه‌كی‌ گشتی‌ گه‌شه‌پێدانی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌ و ئابووری‌  بكرێت،  بەبێ‌ بوونی‌  ئامارێكی ورد له‌سه‌ر هه‌موو سێكته‌ره‌كان.

وتارەکانی نوسەر