راپەڕین و ئازادی، ئێستا مانایەکی تری هەیە

09:26 - 2023-03-05
رەمزی سەعید
373 خوێندراوەتەوە

یادكردنەوەی راپەڕینی 1991 هەڵوەستەكردنە لەسەر ئەو دابڕانەی لە نێوان خەڵک و شۆڕشی ئەو کاتی پێش راپەڕین دروست بووە، پرسیاركردنە لەسەر ئەوەی ئەو دابڕانە مێژووییە چۆن دروستبوو؟ بۆیە ئەگەر وەڵامی ئەم پرسیارە بۆ هەموو دابڕانە مێژووییەكانی شۆڕشەکان، بەو مانایە بێت كە شۆڕش و راپەڕین بۆ دادگاییكردن و لێپرسینەوە بووە لەو حکومڕانییەی كە ئەو شۆڕش و راپەڕینەی تێدا دروستبووە، واتا لەدوای ئەو ساتەوە ژیان و مێژوو داوای مانایەكی دیكە دەكەن، بەڵام ئەم مانا و ئامانجە، پێویستیی بەوە هەیە هەموومان وەك تاك، وەك گروپ و حزبەكان، خۆمان رووبەڕووی ئەو پرسیارە بكەینەوە، ئایا ئێمەش چۆن لێپرسینەوە لەگەڵ ئێستای خۆمان بكەین و چ بڕیارێك بدەین بۆئەوەی ژیانمان مانایەكی هەبێت و چۆن پێكەوە كاربكەین بۆئەوەی مێژووی راپەڕین و خۆشمان ئامانجێكی دیاریكراوی هەبێت؟ 
مێژووی راپەڕین، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو مێژووەی كە وەك ئەڵقەیەك بە مێژووی بزووتنەوەی شۆڕشەکانی تر بەتایبەتی شۆڕشی نوێوە گرێدراوە، بەڵام نەخۆی لەناو مێژووی شۆڕشی نوێ و مێژووی راپەڕیندا ون دەكات، نە خۆشی بە مانا شارەواكانەوە سەرقاڵ دەكات، بەڵكو ئەو مێژووە تێدەپەڕێنێت و دێتە سەر ئێستا، ئێستایەك كە پێویستی بە وەڵامدانەوەی یەكە یەكەی تاكەكان و پێكەوە كاركردنی هەموان هەیە، بۆئەوەی لەگەڵ ئێستا لێپرسینەوە بكەین و هەنگاو بۆ ئاییندەیەك هەڵبنێین كە ژیان و مێژوو مانایەكی هەبێت و ئەو ئامانجەشمان لەبەرچاو بێت كە مێژووی راپەڕین و مێژووی کۆی گشتی شۆڕشەکانی كوردستان ئامانجی بووە، ئایا ئەو ئامانجەش ئازادی و فرەیی و یەكسانی هەموان بووە لەبەردەمی یاسا و رێزگرتنی هاوبەشی ئەم بووە لەوی دی؟

راپەڕین بەرهەمی خەباتی خەڵکی کوردستانە
پێش ئەوەی بەرهەمی ئیرادەی حزبە سیاسییەکانی كوردستان بێت، واتا بەگشتی خەڵک و حزبەکانیش بەرهەمی هەمان ئیرادەن، بۆیە راپەڕین نابێتە بەرهەمی حزبێك و ئیرادەی خەڵك نابێتە رەنگدانەوەی ئیرادەی حزبێك.
 راپەڕین فێرمان دەكات، ناكرێت حزبەكان لەناو مێژووی راپەڕیندا غەدر لە ئیرادەی خەڵك بكەن و بە ئیرادەی حزب لە قەڵەمی بدەن. 
ئەگەر راپەڕین ئامانجی گەیشتن بە ئازادی بووبێت، ئەوا دەبێت ئەو (ئەوسا)یەی خەڵك، پێناسە و هەڵسەنگاندنی ئێستای پێبكرێت، بەواتایەكی دیكە دۆخی ئێستامان، پێویستیی بەیەكڕیزیی نێوماڵی كورد هەیە، هیچ لایەنێك ناتوانێت بەتەنیا خۆی پێوانە بکات بە زۆرینەی کورسیی پەرلەمان کە دەزانین چەند ساختەکاریی هەیە لە دزینی دەنگی خەڵک، کە ئەمە باسێکی تر و شڕۆڤەیەکی تری پێویستە.
هەموان هاوبەشین لە دەستکەوت و زیان
چۆن رابردوو دەستکەوتەکان و ئێستا هی هەمومانە، ئاواش بە هەمان پێوانەی هەڵە و كەموكورتییەكانیش كە روویانداوە هی هەموومانە، چۆن شانازی بە دەسكەوتەكانەوە دەكەین، دەبێت هەمووشمان ئەو ئۆباڵە لە ئەستۆ بگرین و پێكەوە شانی بدەینە بەر بۆئەوەی هەڵە و كەموکووڕییەكان راست بكەینەوە. 
نەک بە هێزی زۆرینە، بەڵکو بە شەراکەتی راستەقینەی هێزە سیاسییەکانی سەرگۆرەپانەکە دەکرێت.
ئێستا دوای 32 ساڵ لە دەسەڵاتی خۆمان، ھەق وایە بپرسین، ئەو نەوەیەی راپەڕینی کرد، تا چەندە  ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ھاتۆتەدی؟ تاچەند رازییە لە گوزەرانی خۆی و ماڵ و منداڵی و بارودۆخی کوردستان و فەرمانڕەوایی کوردی؟
نەوەی دوای راپەڕین، چەند پەروەردە کراوە و چەند خزمەتی پێکراوە و دواڕۆژی خۆی چۆن دەبینێ لەژێر سایەی حکومەتی کوردیدا کە دوایینیان کابینەی نۆیە؟ بەرپرسانی حکومەت چەند لە ئەدای خۆیان و دەسەڵات و بڕیار و خزمەتگوزارییەکانیان بۆ گەل رازین، پڕۆژە و بەرنامەی چییە بۆ داهاتووی ئەم گەل و نیشتمانە؟  
ئایا هەر لە یەک بازنەی بەتاڵدا بەردەوامین لە ختووکەدانی هەستی نەتەوایەتی خەڵک، یان وەک هێنانە بەرباسی گشتپرسی و ئازادی لەولاشەوە بەناوی ئاسایشی نەتەوەیی رۆژنامەنووسان توند بکەین لە بەندیخانە وەک گیراوانی بادینان؟

راپەڕین بۆ سەلماندنی ئیرادەی نەتەوەی کورد بوو

وتارەکانی نوسەر