ئەفەندینامە

32 وەکە لە هەفتەیەکدا

09:28 - 2023-03-05
رەنج ئازاد
339 خوێندراوەتەوە

شەممە: راپەڕین کرا، خۆرهەڵات و رووناکییەکی ئومێدهێنەر لە پەنجەرە گەورەکەوە هاتە ژوورەوە، هەموان پێدەکەنین، خەڵک ئومێدی گەورەی بە شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ بوو، پێیانوابوو لە شاخەوە رۆحییەتی پێشمەرگکەوتن و خۆکردنە قوربانی بۆ ئامانجە گەورەکانی کورد و کوردستان خراونەتە کۆڵەپشتەکانەوە و هێنراون بۆ شار، بۆ ئەوەی لە شاری سەردەمی حوکمڕانیی کوردی، یۆتۆپیای شاخ و وێنە جوانەکانی کوردایەتی بکەنە حەقیقەتی ژیانێکی باشتر بۆ کوردەواری.
یەکشەممە: هێشتا ساوا بووین، یەکەم هەنگاومان بەرەو دیموکراسی نا، ئەو دیموکراسییەی بڕیار بوو پێبەپێی خەباتە رزگاریخوازەکە باڵا بکات، بێ ئەوەی بە خۆمان بزانین، کراین بە چەند رەنگێکەوە، زەرد و سەوز و سوور و ...، تەنانەت سپیشمان کردە رەنگێکی لایەندار، هەر زوو کەوتینە گزیکردن لە یەکتری، زەردەکان هەر لەو کاتەوە کەوتنە زیندووکردنەوەی مردووەکان، بۆیە لە سەرەتای تاقیکردنەوە دیموکراسییەکەدا گلاین، کەوتین، تا ئێستاش برینەکان بەسەر ئەژنۆکان و ئەنیشکەکانمانەوەن.
دووشەممە: بێزراوترین رۆژی هەفتەکەیە، هیچ رۆژێکیان هێندەی ئەمەیان تووڕەم ناکات، ئەو رۆژە بوو کە رەنگکردنەکەی رۆژی یەکشەممە تۆختربۆوە، لێکترازاین، براکان دەستیاندایە یەخەی یەکتری، هەموو شتێک کرا بە دوو بەشەوە، خاک و ئاو و ئاسمان، خەڵک و پارە، سنوورێکمان لە نێوان خۆماندا کێشا، دەستخرایە دەستی دوژمن و پۆستاڵ و دەبابە هێنرایەوە پایتەخت، بە میدیای جیهانیان وت، «ئێستا هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ سەدامدا نییە».
سێشەممە: ئەو رۆژە بوو کە دونیا هاتە سەرخەت لەگەڵمان، چونکە براکان خۆیان نەیاندەتوانی بگەنە ئاشتی، لە هەردوولای کوردستانە بەشکراوەکەدا کۆبوونەوە دەکرا، جارێک لەملا و جارێکی تر لەولا، بەڵام هیچ کۆبوونەوەیەکی سەر خاکی کوردستان ئاشتینەکردینەوە، ناچار بردیانین بۆ ئەوروپا و ئەمریکا و دواجار لە واشنتۆن ئاشتییەکە راگەیەنرا. 
چوارشممە: من ئەم رۆژە ناودەنێم رۆژی «بوونەوە بە عیراقی»، زۆرینە کەیفیان بەم رۆژە دێت، چونکە رژێمێکی چەوسێنەر و بکوژ راماڵرا، کورد چاوی لە عیراقێکی باشتر بوو، هەموو عیراقییەکانیش هەروا، قەوارە کوردستانییەکەش کرایە رەسمی و چووە دەستووری هەمیشەییەوە، ئەمەیان شتێکی باش بوو، بەڵام بە نزیکەیی، زۆربەی شتەکانی دیکە وەک ئەوە رێناکەن کە چاوەڕێمان دەکرد، زۆرجار وا دێتە بەرچاو کە هێشتا ئێمەی کورد و عیراقییەکانی دیکە زۆر باش لەیەکدی تێناگەین، گوماندەکەم کە هێشتا دیدی خۆ بە سەروەرتر زانین لای بەشێک لە هاوبەشە عیراقییەکانمان مابێت، دیدێک کە دەکرێت دووبارە گرفتی گەورەمان بۆ دروستبکاتەوە.
پێنجشەممە: شەممە 32 ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، ئەو رەوایەتییەی پێشتر شۆڕشگێڕەکان هەیانبوو، وەک جاران نەماوە، تا ئێستا لەبارەی یەکشەممەی دیموکراسی و هەڵبژاردن و گزی و زیندووکردنەوەی مردووەکانەوە مقۆمقۆمانە،  دوو لەتبوونەکەی دووشەممە هەر لەناوماندایە، ئەو ئاشتییەی سێشەممە پێیگەیشتین، گیاندەدات، چونکە هێشتا نییەتی خراپمان بەرامبەر بە یەکدی هەیە، دیار نییە چوارشەممەکانی دیکەمان لەگەڵ عیراقییەکان بەکوێ دەگات، هەموو رۆژێکیشمان هەر پێنجشەممەیە و بەدەوری بازنە داخراوەکەی ئەو کوردایەتییەدا دەخولێینەوە، کە رێی خۆی ون کردووە.

ئەی هەینی بە کوێمان دەگەیەنێت؟


وتارەکانی نوسەر