گەشە و سەرکەوتن *

رەنگڕێژكردنی تەمەن

09:48 - 2023-03-05
ئەرشەد تەحسین
1206 خوێندراوەتەوە

تەمەن لەهەر قۆناغێكدا بێت، لێو رێژە لە خەندە و خۆشی، ژیان بە وێنەی مێزێكی رازاوەی پڕ لە خواردنی خۆش و جۆراوجۆرە. بەشی تەمەنت، دەست كەوتی تۆ لەژیان دەكەوێتە سەر ئەوەی ئامانجت چی بووە و هەوڵەكانت چۆن بوون، چیت لە ژیان ویستووە و چۆن هەوڵی بەدەست هێنانیت داوە، ژیان بەوێنەی ئاوێنەیەكە دەبێت بزانیت چی ئاڕاستە دەكەیت تا ئەوە وەربگریتەوە.
 كاتێك سفرەیەكی رازاوە لەبەردەمتدایە و تۆش دەستەوستان لێی رادەمێنیت هیچت بەدەست ناكەوێت، یان خواردنەكانی سەر سفرەكەی بەردەمت بێ كەڵك دەبن و لەبری چێژ دەبنە مایەی بۆن و بەرامەی ناخۆش و بێزاریی، بەهەمان شێوەش كاتێك دەستەودامان لە ژیان رادەمێنیت و بەبێ ئامانج و بەبێ هەوڵ سەیری دەكەیت، ئەوا تەمەنت بێ چێژ دەبێت و ژیانت بێ بەرهەم. بەڵام كاتێك ئامانجت هەیە و هەوڵی بەدەست هێنانی دەدەیت، چنگت لە خواردنی پڕ چێژی بەختەوەریی گیردەبێت.
 ئەوەت لەلاروون بێت كە دەشێت هەر بەربەستێك، هەر گیروگرفتێك، هەر كێشەیەكی سەر رێی ژیانت، ببێتە خاڵی وەرچەرخانی گەورە و رێڕەوی ژیانت بگۆڕێت، چونكە هەمیشە ژیان بەوێنەی چیایەكە، دەنگدانەوەی ناخی خۆمان پێدەدات، تۆ داوای چی لێ بكەیت و چی ئاڕاستە بكەیت ئەوەت پێدەداتەوە، تێڕوانین و دنیا بینی تۆ، گۆڕینی ئاڕاستەی رێڕەوی ژیانت رەنگدانەوەی بەسەر تەمەنتدا هەیە و رەنگی داوەتەوە.
 زۆركات بۆ ئەوەی بتوانیت تەمەنت پڕ بەرهەمتر و ژیانت پڕ چێژتر بێت، دەبێت هەندێك ئازار و ناڕەحەتیی و كۆسپی ژیانت هەزم بكەیت و هەندێك كۆسپ و لەمپەر ببڕیت، زۆركات دەبێت لاستیكی لێبوردەیی بەسەر هەندێك دێڕی ژیانتدا بهێنیت  و هەندێك شتی ژیانت بسڕیتەوە، یان بیانخەیتە پەراوێز و فەرامۆشیەوە.
 بۆ ئەوەی ژیانت خۆشتر بكەیت، دەبێت بزانیت چۆن ژیانت رەنگین دەكەیت و هێڵە رەشەكانی ژیان دەسڕیتەوە، ئەوە  خۆتی رەنگ و بۆ بە ژیانت دەبەخشیت، تۆیت چۆنت بوێت ئاوا ژیانت دەنەخشێنیت.

وتارەکانی نوسەر