پەشمەک

ئازادی کە خەتەرناک دەبێت

09:55 - 2023-03-05
ڤینۆس فایەق
383 خوێندراوەتەوە

88

لەوەتەی ئایدیاکان سەریان هەڵداوە، زۆرترین قسە و مشتومڕ لەبارەی چەمکی «ئازادی»یەوە دەکرێ، لە نێوان ئەوەی ئایا ئازادی واتای ئەوەیە ئادەمیزاد بەبێ سنوور و سانسۆر هەرچی بیەوێت بیکات؟ یان ئازادی ئەوەیە هەموو شتێک بکەیت بەبێ ئەوەی سنووری ئەوانی تر ببەزێنیت؟ 
لەڕاستیدا «ئازادی» بۆ خۆی بابەتێکی قورس و ئاڵۆز و تەنانەت خەتەرناکیشە، تاکەکان بەپێی تێگەیشتنی خۆیان پێناسە و پیادەی دەکەن، یەکێکە لەو چەمکانەی بە ئەستەم ئیجماع لەسەر پێناسەی هەبێت. 
سوکرات دەڵێت: «ئازادی توانستی ئادەمیزادە بۆ کردنی شتە باشترینەکان»، واتا لەوەدا ئازاد بیت بتوانیت هەڵوێستە باشەکان وەرگریت، هەنگاوە باشەکان بنێیت یان را باشەکان دەربڕیت. بەلای زۆر کەسیشەوە ئازادی ئەوەیە بتوانیت رووبەڕووی ئەوانی تر بیتەوە و توانای رەتکردنەوەت هەبێت، ئازاد بیت لەوەی بۆ نموونە بەرهەڵستیی دەسەڵاتێک بکەیت، یان رەتی بکەیتەوە. ئەو دەسەڵاتە، لەناو ماڵدا، لەسەر ئیش یان لەسەر ئاستی دەوڵەت بێت. بەدیوێکی تریشیدا بەشێکی زۆری ناوەڕۆکی چەمکی ئازادی لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە ئادەمیزاد مافی هەڵبژاردنی هەبێت. هەڵبژاردنی شێوازی ژیانێک کە ئارەزووی دەکات، ئایدیا تەنانەت دین. 
پێش ئەوەی لەمانە تێبگەین، دەبێت بپرسین ئایا ئادەمیزاد بوونەوەرێکی ئازادە؟ بێگومان کە سوکرات دەڵێت «ئازادی» توانستی ئادەمیزادە بۆ کردنی باشترینەکان، مەبەستی چاکەکارییە و چاکەکاریش دەمانخاتە ناو بازنەی «ئەخلاق»ەوە،  ئەویش دواجار دەکەوێتە ژێر خانەی مەعریفە و دنیابینییەوە. بۆ ئەوەی توانای ئەوەشت هەبێت کە سوکرات دەیڵێت دەبێت لەناوەوە هێندە ئازاد بیت کە بتوانیت ئازادانە شتێک بکەیت بە چاکە ئەژمار بکرێت. 
ئەرستۆ گرنگییەکی زۆری بە ئازادیی تاک داوە، تەئکیدی لە پەرەپێدامی کەسێتیی ئادەمیزاد کردۆتەوە بە ئامانجی ئەوەی بتوانێت بەو شێوەیە ئازاد بێت کە بەرپرسیارێتیی خراپەکارییەکانی بگرێتە ئەستۆ، چونکە لە کۆتاییدا خراپەکاری ئازادی نیە بەڵکو هەڵوێست و بەرپرسیارێتیی تاکەکەسییە. 
زۆر کەس جەخت لەوە دەکەنەوە ئازادی بە واتای ئەوە دێت ئادەمیزاد بتوانێت هەموو شتێک بکات کە خۆی باوەڕی پێیەتی، لەکاتێکدا باوەڕی من وایە «ئازادی» بەواتای ئەوە دێت بتوانیت شتێک نەکەیت/رەتکەیتەوە کە بە زۆر پێتدەکرێت. ئەم دوو شتەش زۆر جیاوازن، ئەوەی یەکەمیانم هەمیشە بە خەتەرناک بینیوە، چونکە ئەگەر هەموو ئادەمیزادێک ئازادیی ئەوەی هەبێت هەموو شتێک بکات کە خۆی باوەڕی پێی بێت، لەو میانەیەدا بۆی هەیە ئەقڵ و قانوون و هەموو عورفێکی ئینسانی لەغو بکاتەوە بە بەهانەی ئەوەی «تۆ ئازادیت»، لە کاتێکدا تۆ بۆ ئەوەی ئازاد بیت پێویستت بەوە نییە بۆت هەبێت هەموو شتێک بکەیت کە ئارەزووی دەکەیت، بەڵکو ئەوەندە بەسە بتوانیت شتێک نەکەیت/ رەتکەیتە کە بە زۆرەملێ پێت دەکرێت. 
هەرچەندە ئەفلاتون لە کۆمارەکەیدا چەمکی «ئازادی»ی بەپێی چینەکانی کۆمەڵگە، چینی دەسەڵاتدارەکان، ئەرستۆکراتەکان، و چینی کرێکار و جەنگاوەرەکان و تەنانەت هەژارەکان..تاد.. پێناسەکردبوو، لای ئەو ئازادییەکان لە چینێکەوە بۆ چینێکی تر جیاوازە، بەڵام لە کۆتاییدا کە قسە دێتە سەر «ئادەمیزاد» وەکو بوونەوەرێک بەدەر لە هەموو باکگراوند و ئایدیا و پاشخانێک، قسەکە لە چەمکێکی مەترسیدارە پێی دەگوترێ «ئازادی» کە دەبێت ملکەچی زۆر قانوون ورێسا و عورف بین بۆ ئەوەی نەبینە مەترسی بۆ خۆمان و بۆ دەوروبەرمان.

وتارەکانی نوسەر