راپەڕینی 5 ی ئازار، وەرچەخانە مێژووییەکەی کورد

09:50 - 2023-03-06
رومێڵ مام زیاد
692 خوێندراوەتەوە

بە پەرچەکرداری گەل دەرهەق بە زوڵم و ستەم و نادادی و داگیرکاریی دەسەڵاتی ناوچەیەک لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا یان هەرێمێکدا دەوترێت راپەڕین کە گەل بەسەرپەرشتیی پارت و لایەنە سیاسییەکان پەنای بۆ دەبەن بۆ گۆڕینی سیستمی حوکمڕانی و دەستەبەرکردنی مافی تاک.

راپەڕین لە وڵاتێک دەکرێت کە نێوانی حکومەت و میللەت لەوپەڕی خراپیدایە و ستەم هۆکاری سەرەکییە و کەمیی خزمەتگوزارییەکان دەبنە هەوێنی ئەو رەتکردنەوەیە

زۆربەمان ئاشناین بەوەی راپەڕین لە وڵاتێک دەکرێت کە نێوانی حکومەت و میللەت لەوپەڕی خراپیدایە و ستەم هۆکاری سەرەکییە و کەمیی خزمەتگوزارییەکان دەبنە هەوێنی ئەو رەتکردنەوەیە، لە رۆژێکی نوێ و دڵ پڕی میللەتی کورد بە پاڵپشتی پارتە سیاسییەکان لە 5 ئازاری 1991 لە شاری رانیە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان رژانە سەر شەقامەکان و لەگەڵیدا دابەزینی پێشمەرگە لە چیا سەرکەشەکانی کوردستان، دەستکرا بە راوەدونانی رژێمی بەعس و لە هەر کۆڵان و کونجێکی شاری رانیە، لە مزگەوتەکان و بە بڵندگۆکان هاندانی زیاتر دەستیپێکرد. 
بە هاندانێکی گشتگیر و لەدەستدانی کۆمەڵێک شەهید و بریندار نەبووە مایەی کپبوونی ئەو چالاکییە مەزنە و راپەڕین پەرەیسەند لە شارە بچووکەکانەوە بەرەو شارە گەورەکان و راماڵینی دامودەزگای بەعسییەکان تا گەیشتن بە قودسی کوردستان کە کەرکوکە و تەواوی ناوچە کوردستانییەکان ئازاد کران. 
ئەم سەرکەوتنە گەورە و مێژووییە بە خوێنی ئاڵی دەیان کەس تۆمارکرا و ئەمڕۆیان دروستکرد. ئەمە وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو، ئەوەیان بۆ جیهان سەلماند کە کورد میللەتێکە ژێردەستەیی رەتدەکاتەوە و شایستەی ژیانێکی باش و ئاسوودەیە. 
هەرچەندە وڵاتانی زلهێز بێدەنگییان هەڵبژاردبوو لە ئاست ئەم هەموو تاوانکارییە قێزەونانەی کە بەرامبەر بە میللەتەکەمان دەکرا، کیمیابارانکردنی هەڵبجە و دۆڵی خۆشناوەتی و جافایەتی، نموونەیەکی لەبیرنەکراو و زامێکی تەڕ بوون بەسەر جەستەی هەموو کوردێکەوە و هەمیشە دەمێنێتەوە.
ئەگەر باس لە ئەنفال بکەین لە سەرتاپای کوردستان، رەنگە بە وشە نەتوانین ئەو ئازارە نیشانبدەین کە بۆ هەمیشە شوێنپێی بە سەر میللەتەکەمانەوە دیارە کە هەزاران کەس لە ژن و منداڵ پیر و گەنج بێ جیاوازی و بێ تاوان زیندەبەچاڵ کران، سووتاندنی گوندەکانی کوردستان کردەیەکی تری قێزەونی رژێمی بەعس بوو کە بۆ قڕکردنی میللەتی کورد دەیکرد.
 نەیاندەزانی میللەتێک ئیرادە لە خوێنیدا بێت غیرەت و شەهامەت ناسنامەی بێ، چۆن بەمە رەش دەبێتەوە؟ 
هەر کەسێک بێت و بیەوێت لە نووسینێک ئازار و نەهامەتی میللەتێک نیشان بدات، خودی خۆشی هێشتا درکی بەو ئازارە نەکردووە، بەڵام دەتوانین بڵێین هۆکاری هەموو ئەم نادادی و وەحشەتگەراییە دەرهەق بە میللەتەکەمان کرا، یەک هۆکار بوو، ئەویش پیلانی بێدەنگ کردن و سڕینەوەی زمانە شیرنەکەمان بوو، کە بووە مایەی راپەرێنێکی مێژوویی و لە 5 ئازاری 1991 لە شاری رانیە زەنگی راپەڕین لێدرا و تا قودسی کوردستان نەوەستا، دوژمنانیش خەونی لەناوبردنی نەتەوەیەکیان لەگەڵ خۆیان بۆ گۆڕ برد.

وتارەکانی نوسەر