وردتر

سەرهەڵدانەوەی مەترسی كەم ئاوی

10:41 - 2023-03-07
لەشکر حەمە ساڵح
299 خوێندراوەتەوە

وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق دەڵێت، ئەمساڵ وڵاتەكە بە قەیرانێكی قووڵی كەم ئاوی و وشكەساڵیدا تێدەپەڕێت كە لە ساڵی 1933وە، لەوەتەی زانیارییە هایدرۆلۆجییەكان تۆمار دەكرێن، ئاستی مەترسیداری لەمجۆرە تۆمار نەكراوە.
لێدوانی ئەم بەرپرسە عیراقییە لە كاتێكدایە كە لە چەند رۆژی رابردوودا میدیا عیراقییەكان بڵاویانكردەوە كە ئاستی ئاو لە هەردوو رووباری دیجلە و فوراتدا بە ئاستێكی پێوانەیی كەمیكردووە. بەرپرسێكی پەیوەندیداری پارێزگای بەسرە رایگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا ئاستی هاتنی ئاو بۆ سنووری پارێزگاكە كەمبۆتەوە بۆ 53م3 لە چركەیەكدا، كە ئەوەش ئاستێكی مەترسیدارە، هەم پێویستی بە رێگەچارە و رێوشوێنی خێرا و بەپەلە هەیە، هەمیش پێویستی بە پلان و ستراتیژی دوورمەودا هەیە كە عیراق و ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی لە مەترسی وشكەساڵی دووربخاتەوە.
ئەو زانیاریانە و دۆخی ئەمساڵی كەشوهەوا و رێژە و ئاستی باران بارین لە عیراقدا، بە هەرێمی كوردستانیشەوە لە ئاستێكی نزمدایە. هەرچەندە كات ماوە بۆ ئەوەی باران ببارێت و رێژەی دابارین بگەڕێتەوە بۆ ئاستی ئاسایی و مەترسی كەم ئاوی و وشكەساڵی بڕەوێنێتەوە، بەڵام لە كۆتایی مانگی كانوونی دووەمەوە ئاستی بارانبارین لە ناوچەكەدا پاشەكشەیەكی زۆری پێوەدیارە، هەر ئەوەشە مەترسییەكان لەسەر درێژبوونەوەی كەم ئاوی وشكەساڵی بۆ ئەمساڵیش زیاد دەکات. 
پرسیارەكەش ئەوەیە، لە كاتێكدا كوردستان و عیراق و ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتی، تەنانەت جیهانیش، بە گۆڕانكارییەكی گەورەی كەشوهەوادا دەڕوات، چارەسەر چییە؟ چۆن دەتوانین لە مەترسییەكان كەمبكەینەوە و خۆمان دەربازبكەین؟ چۆن دەتوانین لەسەر هەردوو ئاستی هاوسەنگ كردنی هاوكێشەی ژیان و ئاسایی كردنەوەی كەشوهەوا لەلایەك و گلدانەوەی ئاو و دانانی پلانی هاوچەرخ بۆ سوودوەرگرتن لە ئاو و دابەشكردنی سەرچاوەكانی ئاو، بە رووبارەكانیشەوە، لە نێوان ئەو وڵات و ناوچانەی سەرچاوەكانی ئاو پێیاندا تێدەپەڕێت؟
لە راستیدا وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە هەروا سەرپێی و بێ لێكدانەوە و توێژینەوەی زانستی نابێت، بەڵكو پێویستە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا قسەی لەبارەوە بكەن، بەڵام ئەوەی وادەكات هەموو كەس و لایەنێك و لە هەر ئاستێك قسەی لەسەر بكات، ئەوەیە كە مەسەلەكە پەیوەندیی بە هەموو كەس و هەموو ناوچەیەكەوە هەیە، نەك پرسی كەسانی دیاریكراو و ناوچەیەكی دیاریكراو.
ئەوەی لەو بارەیەوە دەوترێت زۆربەی راستییە و پێویستی بە وردبوونەوە و بەدواداچوون و هەنگاوی كرداریی بەپەلەیە. راپۆرتەكەی دەزگای هەواڵگریی ئەمریكا لە بارەی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا و كاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی ئاستی نا ئارامی لە جیهاندا كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی رابردوو بڵاوكرایەوە، زانیاری و لێكدانەوەی پێویستی تێدایە لە بارەی جیهان بەگشتی و ناوچەكە و عیراق بەتایبەتی. ئەو راپۆرتە عیراق، وەك دەوڵەت نەك ناوچەیەكی دیاریكراو، بە یەكێك لەو وڵاتانە دادەنێت كە بەهۆی گۆڕانكارییەكانی كەشوهەواوە تووشی نا ئارامی و نا سەقامگیری دێت و یەكێك لە ئەگەرە بەهێزە چاوەڕوانكراوەكان شەپۆلی گەورەی كۆچی بەكۆمەڵە. راپۆرتەكە ماوەیەكی بۆ شیكاری و لێكدانەوەكانی دیاریكردووە كە تا ساڵی 2040 دەخایەنێت. 

وتارەکانی نوسەر