ئاکشنەر بۆ گەڕایەوە بەرەی ئۆپۆزسیۆن؟

10:06 - 2023-03-09
جەمال ئارێز
454 خوێندراوەتەوە

هەفتەی رابردوو تورکیا شانبەشانی بوومەلەرزە سروشتییەکەی، تووشی بوومەلەرزەیەکی سیاسیش بوو، کاتێک مەراڵ ئاکشنەر-ی (سەرۆکی ئیی پارتی) کشانەوەی خۆی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆنی شەش قۆڵی راگەیاند، لەبەرامبەر ناڕازیبوونی لە ناودێرکردنی کەمال کلیچدار ئۆغڵو-ی سەرۆکی (جەهەپە) بە تاکە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن بۆ رکابەریی رەجەب تەیب ئەردۆغان  بۆ هەڵبژاردنەکەی ئایاری داهاتوو.
ئاکشنەر کە پێشتر لە (مەهەپە) ی دەوڵەت باخچەلی جیابۆوە، هەرخۆی بە هاوکاریی و دەست لەپشتدانی کلیچدار ئۆغڵو ئەو هەنگاوەی ناو لە بەرامبەردا ئۆغڵو 20 پەرلەمانتاری حزبەکەی خۆی کردە هاوکاری بەو ئامانجەی بتوانن پێکەوە لە پەرلەمانی تورکیادا گوشاری زیاتر لەسەر حکومەتی ئیئتیلافیی (ئاک پارتی و مەهەپە) دروست بکەن، بەڵام ئاکشنەر دەیویست ئەو شەش حزبەی ئۆپۆزسیۆن یەکێک لە ئەکرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆکی شارەوانیی ئیستانبوڵ یاخود مەنسور یاواش سەرۆکی شارەوانیی ئەنقەرە ناودێر بکەن بۆ رکابەریی ئەردۆغان.
ماوەی رابردوو چەند جارێک بۆ بەهێزکردنی بەرەی شەش قۆڵی و رکابەریی سەرسەختانەی زیاتری بەرەی ئەردۆغان – باخچەلی، بەرەی ئۆپۆزسیۆن جگە لە حزبەکەی ئاکشنەر، بە لێدوان و ئاماژەی ناڕاستەوخۆ بانگهێشتی (هەدەپە)یان دەکرد بۆ بەرەکەی خۆیان، بەو پێیەی گەورەترین قورسایی دەنگدەرانی (باشووری خۆرهەڵاتی تورکیا) هەواداری ئەو حزبەن، بەڵام تاکە بەربەست لە رێگەیاندا ئاکشنەربوو کە هەڕەشەی ئەوەی دەکرد «ئەگەر هەدەپە بێتە ناو بەرەکەیانەوە، ئەوان بەجیێدەهێڵن».
ئاماژەکانی پشتی پەردە زۆرن کە دەشێت هەندێکی پڕوپاگەندەی ناو سۆشیال میدیا بێت و هەندێکیشیان واقیعی و هەڵقوڵاوی ناو ئەندێشەی شرۆڤەکارانی سیاسیی ئەو وڵاتە بن، سەبارەت بە  لەپڕ گەڕانەوەی ئاکشنەر بۆ ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆن، بەڵام ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجە بریتییە لە:
*دوای کشانەوەکەی ئاکشنەر، هەدەپە ناڕاستەوخۆ ئاماژەی بەوەکرد کاندیدیان نابێت و کلیچدار ئۆغڵویان پێ پەسەندە.
*ئەردۆغان کەوتە توانج گرتنە ئۆپۆزسیۆن و بە دەستەواژەی (دانیشتن و قسەیان کرد و بەرتبوون)، ئەوەش رای شەقامی تورکیای دژە ئەردۆغانی دژی ئاکشنەریش وروژاند و لەژێر ئەو گوشارە میللیەدا لە ماوەی دوو رۆژدا (70) هەزار ئەندامی ئیی پارتی دەستلەکارکێشانەوەی خۆیان لەو حزبە راگەیاند.
*ئیمام ئۆغڵو و یاواش نەچوونە ژێر باری داواکارییەکەی ئاکشنەر، تا لەپشت کلیچدار ئۆغڵووە وەک رکابەری ئەردۆغان خۆیان کاندید بکەن.
*ئەگەرێکی زۆر هەیە ئاکشنەر مەبەستی لەو هەنگاوە ئەوەبێت تا هەدەپە شوێنی نەگرێتەوە لەناو مێزە شەش قۆڵییەکەدا، چونکە ئەگەرچی خۆی بە نەیاری دەسەڵاتی ئەردۆغانیش بزانێت، بەڵام لەڕووی فەلسەفە و بیری سیاسییەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ بیر و فەلسەفەی (مەهەپە)دا نییە، بەوپێیەی لەو حزبە جیابۆتەوە و تێڕوانینی بۆ کورد هەمان تێڕوانینە، چونکە لەوە دڵنیابووە کە بە کشانەوەی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن، ناتوانێت لە بەرەی دەسەڵاتی ئێستادا پێگەی بەهێزی هەبێت، لەبەرئەوەی ئەو دەنگ و سەنگەی هەیبووە لە سایەی جەهەپە و کشانەوەی بووە لە مەهەپە و دەستلەکارکێشانەوەکانی چەند رۆژی رابردووش زەنگی مەترسی بوو، بۆیە ئەگەرچی مەرجی خۆی سەپاندووە بۆ دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆک کۆماری ئایندە لە حاڵەتی دەرچوونی کلیچدار ئۆغڵودا، بەڵام ئامانجی سەرەکی گەڕانەوەکەی بۆ بەرەی شەش قۆڵی تەنها رێگرییە لە هەدەپە و رایەکیش هەیە پێیوایە ئەگەری هەیە لە کاتی دەرچوونی بەرەکەیاندا گرفت بۆ پێکهاتەی کابینە دروست بکات، ئەگەر خواستەکانی جێبەجێ نەکرێت.

وتارەکانی نوسەر