راپەڕین وەرچەرخانێکی مێژوویی گرنگ بوو

10:10 - 2023-03-09
عەتا تەها
315 خوێندراوەتەوە

مێژوو شاهیدی نەبەردی و قارەمانێتی نەتەوەی کوردە کە سەدان ساڵە دژ بە دەسەڵاتە داگیرکەر و پاوانخوازەکان دەجەنگێت، خۆ ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی نەتەوەییمان بدەینەوە، ئەوا رووداوەکان پێمان دەڵێن کەهەر لەسەرەتای سەدەی بیستەم و دامەزراندنی حکومەتی عیراق لەساڵی 1921 بە دواوە تادەگاتە ئەمڕۆ، کورد شەڕی مافەکانی خۆی کردووە و هەر لەو پێناوەشدا زۆر رێگەی تاقیکردۆتەوە، بەڵام لەبەر پشتیوانیی نێودەوڵەتی زۆربەی وڵاتان بۆ عیراق لەپێناوی بەرژەوەندییەکانیان، وایکردبوو حکومڕانیی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عیراق لەوکاتەدا درێژە بکێشێت، ئەگەرچی گەلی کورد هیچکات دەست بەستراو  نەوەستا بوو،بەڵکو هەمیشە لەئەنجامی کاری دڕندانەیان وەک پەرچەکردارێک لە رێگەی خەبات و شۆڕشی شاخ و پارتیزانی و لەهەمانکاتدا لە رێگەی خەباتی مەدەنی و سیاسی و بە هاوکاری کەسایەتییە نوخبە و رۆشنبیر و جەماوەرەکەیەوە، زیانیان بە داگیرکەر دەگەیاند، بەڵام هەوڵەکان ئەنجامی یەکلاکەرەوەیان نەبوو، لەبەر چەند هۆکارێک کە گرنگترینیان ئەو زوڵم و ستەمەی رژێمی بەعسی شۆڤێنی بوو. 
ئەوەبوو هەڵەبجەی کیماباران کرد و هەر لەو سەروبەندەشدا بە چەند قۆناغێکی تر 182 هەزار مرۆڤی سڤیلی تری زیندە بەچاڵ کرد کە پشکی گەورەی بەر گەرمیان کەوت.
دووساڵ تێپەڕی لەو ماوەیەدا نەخشە رێگای راپەڕین دانراو پلان و بەرنامە و میکانیزمی چۆنێتی جێبەجێکردنی داڕێژرا، ئەوە بوو بۆ ساڵی سێیەم واتە ئازاری 1991 بە رابەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بەشداریکردنی هەندێک حزب و لایەنی تر و بەشدارییەکی کارای جەماوەر لە رانیە، راپەڕین دەستیپێکرد و کەمتر لەیەک هەفتە راپەڕینی جەماوەریی تەواوی شارەکانی کوردستانی ئازاد کرد و بە تێپەڕ بوونی کات بەرهەمی راپەڕین هەڵبژاردنی پەرلەمان و دروستبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە.
 ئێستا کە ساڵیادی راپەڕینە مەزنەکەی جەماوەری هەرێمی کوردستانە، ماوەتەوە بپرسین ئاخۆ خەڵک راپەڕینی کرد تا ژیانێکی وابژی و شەقام و رێگاو بان و خزمەتگوزارییەکان ئاوابێت؟ حکومڕانیی قۆرخ بکرێت و بمانگەڕێننەوە بۆ خاڵی دەستپێک؟
ئایا خەڵک راپەڕینی کرد بۆ وەرگرتنی مووچەیەک وەک منەت بەسەریدا بکرێت ئەگەرچی لەکاتی خۆیدا دابەشناکرێت؟ 
ئاخۆ خەڵک راپەڕینی کرد تاکو یەک لیتر بەنزین بە 1000 دیناربکڕێت و بەچەند ساڵ جارێک 100 لیتر نەوت وەربگرێت؟ هەڵبەتە زۆری تر ماوە قسەی لەسەربکرێت، بەڵام رەنگە ئەوەندە بەس بێت کە پەیامەکە بگات، لە کۆتاییدا دەڵێم ئایا ئیتر کاتی ئەوە نەهاتووە حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتداران لە خۆیان بپرسن ئاخۆ خەڵک رازییە لەم شێوازی حکومڕانییە؟ 
بێجگە لەوەی کە شاری رانیە ناوەکەی گۆڕاوە بۆ راپەڕین، ئاخۆ خزمەتگوزارییەکانی لە ئاستی قوربانییەکانیدایە؟ 
وەڵامی هەموو ئەم پرسیارانە و دەیان پرسیاری نەوتراوی تر بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنی پەیوەندیدار بەجێدەهێڵین با خۆیان وەڵامی جەماوەر بدەنەوە.

رانیەی رەنگین، دەروازەی راپەڕین

وتارەکانی نوسەر