راپەڕین کوردی گەیاندە ئازادی

10:13 - 2023-03-09
بێستون عەلی
270 خوێندراوەتەوە

 راپەڕینی جەماوەریی ساڵی 1991 وەرچەرخانێکی مێژوویی و سیاسی بوو بە درێژایی مێژووی حکومڕانیی لە عیراقدا بەتایبەتی رژێمی بەعس، سەرکێشی و ملهوڕییەکانی سەدام و رژێمی بەعس وایکرد کە رەوتی مێژوو بە رووی خۆیدا پێچەوانە ببێتەوە و تەواوی هەژموون و دەسەڵاتی رژێم ئاوەژووبێتەوە.
 داگیرکردنی کوێت و رەتدانەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تێکشاندنی هێزە سەربازییەکەی و گەمارۆی ئابووری لەسەر ژێرخان و ئاسمان و زەوی عیراق، بووە هۆی لاوازبوونی ئەو رژێمە و دەرفەتێکی باش بۆ خەڵکی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بۆ دەرپەڕاندن و راپەڕین لە دژی دامودەزگا و سەربازگەکانی بەعس لە رانیە و چوارقوڕنە و حاجیاوا و یەکەم فیشەک و یەکەم دەستی رزگاربون بەرزکرایەوە و بووە هۆی دەروازەیەک بۆ بەهێزکردنی ئیرادی راپەڕین لە تەواوی خاکی کوردستان بە کەرکوکی قودسی کوردستانیشەوە. 
راپەڕین تەشەنەی کرد، جەماوەر و خەڵکی شۆرشگێری دەڤەرەکە رۆڵی بەرچاویان هەبوو لە سەرکەوتنیدا و چەندین خەڵکی راپەڕیو لەپێناویدا بوونە قوربانی.
 راپەڕین مەشخەڵی رزگارکردنی کوردستان بوو کە بە ئیرادەی بەهێزی جەماوەر و نەبەردیی ناوچەکە هاتەدی. 
پێویستە حکومەتی هەرێم زۆر زیاتر لا لە خەڵکی ئەم ناوچەیە بکاتەوە، چونکە هەر دەستکەوتێک کە ئێستا بەدیهاتبێت، ئەوا دەگەڕێتەوە بۆ خەڵکی مەرد و ئازای دەڤەری راپەڕینی ئێستا. 
راپەڕین لە رانیەوە، سەرمەشقی گۆرانکارییە سیاسیەکان بوو، وێستگەیەک بوو بۆ کرانەوەی دەرگای نێودەوڵەتی بە رووی کوردا. 
هۆکار بوو بۆ هاوکاری نێودەوڵەتی لە پێشخستنی هاووڵاتییان لە رووی چەمکە مەدەنییەکان و دامەزراندنەوەی دامودەزگا رەسمییەکان و سیادییەکانی هەرێمی کوردستان، تا ئەو قۆناغەی ئیستا تێداین. 
دەڤەری راپەڕین دەبوو لە هەموو روویەکەوە خزمەت بکرێت، بەڵام ئێستا لە پەراوێزدایە، بە بۆچوونی من هەموو خەڵکی ناوچەکە و تەواوی شارۆچکەکان شانازی بە راپەرینەوە دەکەن، بەڵام نیگەرانن لە کەمیی خزمەتگوزارییەکان، لە وەستانی پڕۆژەکانیان، دەکرێت ئەمجارە حکومەتی هەرێم بە کردەوە کار و خزمەتی زیاتر بکات، رێژەی بێکاری کەم بکاتەوە، هەمیشە وا رەفتار و خزمەت بکات کە لانیکەم دانیشتوانەکەی هەست بە بە فیڕۆچوونی هەوڵ و ماندوو بوونیان نەکەن.
 رۆژی 5/3 رۆژێکی پیرۆزە، رێزگرتن و خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکە جوانتر و پڕ ئیرادە تریان دەکات لە زیاتر پێشخستن و دەرخستنی تایبەتمەندییەکان و خاڵی جیاکردنەوەی لە رۆژانی تر و لە ناوچەکانی تر، لەگەڵ ئەوەشدا راپەڕین دەروازەی رۆشنکەرەوەی دوارۆژی کورد و ناساندنی دۆزی کورد بوو بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کرانەوەی بوو بە رووی سیاسەت و پێشکەوتنە جیهانی و سەردەمییەکان کە خودی ئەو کرانەوەیە کوردی لە قۆناغێکەوە برد بۆ قۆناغێکی باشتر و فراوانتر لەوەی چاوەڕوان دەکرا.

وتارەکانی نوسەر