یەکبێژ

لە مەزنیی راپەڕین کەم مەکەنەوە

10:13 - 2023-03-09
هیوا محەمەد
243 خوێندراوەتەوە

پاشاکانیش کەسایەتیی ئەو راوێژکار و وەزیرانەیان لا سەنگین نییە کە بەپێی مەزاجی ئەو هەنگاو دەنێن و خاوەنی بیرۆکەیەک، رایەک، پێشنیازێک، پەرچدانەوەیەکی خۆیان نین و بەدرێژایی تەمەنی کارەکەیان سەردەلەقێنن، بەڵکو زیاتر پشت بەوانە دەبەستن کە وێڕای خۆی بیردەکەنەوە و بیری نوێ و هەنگاوی بنیاتنەریان لایە.
ئەوانەی بە مەزاجی بەرامبەر دەدوێن، راستی شێوێنن، زۆرجاریش بۆ ئەوەی رازییان بکەن دەکەونە بوختان و چەواشەکاری.
پەرلەمانتارێکی پێشووی حزبێک، کەدواجاریش وەک سەربەخۆ خۆی کاندیدکردەوە، بەڵام دەنگی نەهێنا، بۆ کەناڵی ئیتجاهی عەرەبی دەدوا.
لێیانپرسی: ئایا هەرێم توانیویەتی دەستکەوتەکانی راپەڕین بپارێزێت؟
لە وەڵامدا وتی: مەڵێ دەستکەوت، کام دەستکەوت؟ دوو بنەماڵە خاوەنی (درهەمێک) نەبوون ئێستا ملیارەها دۆلاریان هەیە، کام هەرێم؟ نەوت دەنێرێت بۆ ئیسرائیل( دەیزانی ئەو کەناڵە دژی ئیسرائیلن) بەڵام لێرە نەوتمان نییە، بەنزین گەیشتۆتە 2 هەزار دینار، (خوا شاهیدە) هەفتەیەک بوتڵێک غازم داناوە لە نۆبەتدا تا بەرمکەوتووە، عیراق خاوەنی 7 کەشتیی نەوت هەڵگر نییە، بەڵام کۆمپانیای سەر بە دەسەڵاتی هەرێم (سەدان) کەشتیی نەوت هەڵگری هەیە!
باسکردنی لەم شێوەیەی راپەڕین، سووکایەتیکردنە بە هەموو قوربانییانی پێش راپەڕین و کاتی راپەڕین و بگرە ئەو شەهیدانەی تا ئەم ساتەش لەپێناوی پاراستنی ئەم خاکەدا شەهید دەبن.
کەسوکاری قوربانییان هەر ئەو چەند سەد کەسە نین کە ناڕازین لە ئەدای حکومەت و پێیانوایە لایان لێنەکراوەتەوە( ئەگەرچی مافیان پێدەدەم و پێویستە هەرچی زووتر چییان دەوێت بۆیان بێننەدی، چونکە جێماوانی ئەنفال و کیمیاباران، کەسانی پیرۆزن لامان)، بەڵام دەبێت کاکی کۆنە پەرلەمانتار ئەوەش بزانێت کە جگە لە جەماوەری کورد بەگشتی، هەموو ئەندامانی حزبە کوردستانیییەکان کە ئێستا لە ژیاندان کەم تا زۆر، جێگە دەستیان هەیە لە سەرخستنی راپەڕین، چونکە ئەم رووداوە مێژووییە بۆ ئەوان جارێکی تر پێدانەوەی ژیان بووە.
دەیان هەزار پێشمەرگە دوور لە خێزان و زێدی ژیانیان، لەو شاخانە بەرامبەر دوژمنێکی سەرسەخت دەجەنگان، خەونیان بەوەوە دەدیت بتوانن بە ئازادی بە خێزانەکانیان شاد ببنەوە.
راپەڕین سەری گۆڕە بە کۆمەڵەکانی هەڵدایەوە و چاوەڕوانییەکانی دایکە رۆڵە ئەنفالکراوەکانی کۆتایی پێهێنا و ئارامیکردن.
دەستی دوژمنی لە بندا بڕی و تۆڵەی گەلی لە ستەمکاران کردەوە، ئازادییەکی هێنایەکایەوە کە بۆ یەکەمین جار بوو نەتەوەی کورد کەشێکی ئاوا ببینێت.
دەستکەوتی راپەڕین ئەوەیە کە ئەو پەرلەمانتارەی پێشوو دەتوانێت بۆ کەناڵێکی غەیرە، لێدوان بدات و لەسەر شەقامی شارەکانی هەرێمیش بە ئازادانە بێت و بچێت لەژێر حیمایەی ئەم دەسەڵاتەدا.
لێدوانی ئەو کەسە چەواشەکاریی و بوختان بوون، چونکە هیچکات نرخی بەنزین لە 2 هەزار نزیک نەبۆتەوە نەک وەک ئەو بە عەرەبی وتی (واصل ڵ‌لفین دینار). 
هیچکات نیو سەعات لە نۆبەتی غازدا نەوەستاوە، چونکە مووچەیەکی زۆری خانەنشینیی پەرلەمانتاریی هەیە کە دەستکەوتی راپەڕینە! کۆمپانیایەکیش نییە 7 دانە نەک سەدان کەشتی نەوت هەڵگری هەبێت! رەنگە کوێتیش خاوەنی سەدان نەبێت.
مەترسییەکە لەوە دایە، ئەم کەسە دەیەوێت لە داهاتوودا خۆی کاندید بکاتەوە!

وتارەکانی نوسەر