10
وه‌كو له به‌شه‌كانی پێشووتردا باسمان كرد، مام جه‌لال له ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له‌شام له (1955-1958)دا، هه‌موو هه‌وڵه‌كانی خۆی خستبووه‌گه‌ڕ بۆ هاندانی دامه‌زرێنه‌رانی سه‌ره‌تایی حزبی دیموكراتی كوردی سوریا، له نموونه‌ی (عوسمان سه‌بری، عه‌بدولحه‌مید ده‌روێش، حه‌مزه نوێران) و یارمه‌تیدانیان بۆ دامه‌زراندنی حزبه نوێكه‌یان، هه‌روه‌ها په‌یوه‌ندییه فراوانه‌كانیشی به‌كارهێنا بۆ په‌یوه‌ندیكردن به چه‌ندین رێكخراوی كوردیی تری ناو شامی ئه‌وكاته‌وه له نموونه‌ی «كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كێتی گه‌نجانی دیموكراتی كوردی سوریا و رێكخراوی ئازادی...»، ئه‌مه چ جای په‌یوه‌ندیكردنی به كه‌سایه‌تییه نیشتمانییه‌كانی هاوشێوه‌ی «د.نوره‌دین زازا و جگه‌رخوێن و شێخ محه‌مه‌د عیسا..، سه‌ركه‌وتنی له هاندانیان بۆ هاتنه نێو حزبی دیموكراتی كورد له‌سوریا.
راوه‌ستاوه‌كان: مسته‌فا محه‌مه‌د»ره‌شاد نافیز» و دكتۆر نوره‌دین زازا، دانیشتوەکان: دكتۆر ئه‌حمه‌د نافیز و سینای فه‌ندی
په‌یوه‌ندیكردن به نوره‌دین زازاوه
مام جه‌لال دەستپێشخەریی كرد بۆ په‌یوه‌ندیكردن به دكتۆر نوره‌دین زازاوه كه تازه له ئه‌وروپا گه‌ڕابۆوه شام له‌ساڵی (1956)دا، دوای به‌ده‌ستهێنانی پله‌ی دكتۆرا له زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، نوره‌دین زازاش له كتێی»ژیانی كوردیم»دا له‌و رووه‌وه ده‌ڵێت: «من له‌گه‌ڵ په‌یوه‌ستبوونم به كاره‌كه‌مه‌وه وه‌كو مامۆستای په‌روه‌رده و كۆمه‌ڵایه‌تی له زانكۆی دیمه‌شق، ئه‌ركی خۆشم ده‌ستپێكرد له‌نێو حزبدا، له‌وه‌شدا مام جه‌لال یارمه‌تی دام».
پاڵپشتی مام جه‌لال له دكتۆر نوره‌دین زازا
له‌راستیدا مام جه‌لال درێغی نه‌كرد له‌یارمه‌تیدان و پاڵپشتیكردن له دكتۆر نوره‌دین زازا له هه‌وڵه مێژووییه‌كه‌یدا، هه‌ر زووش په‌یوه‌ندی به رێكخراوی ئازادییه‌وه كرد كه جگه‌رخوێنی شاعیر سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد، داوای هاتنه نێو حزبه نوێكه‌ی لێ‌كرد، جگه‌رخوێنیش دوودڵ نه‌بوو له وەڵامدانه‌وه‌ی داواكه‌ی مام جه‌لال، بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌ی و هاتنه ناو حزبی دیموكراتی كوردی سوریا، ئه‌و سه‌ركردانه‌ی رێكخراوی ئازادیش كه رازی بوون به‌هاتنه ناو حزبی دیموكراته‌وه «زوبێر حه‌سه‌ن و مه‌جید حاجۆ و محه‌مه‌د فه‌خری و عوسمان عوسمان و به‌شیر مه‌لا سه‌بری» بوون و هه‌ریه‌ك له «شێخموس قرقاتی و شێخموس شێخی» ره‌تیان كرده‌وه بێنه نێو حزبه‌كه‌وه.
چوون بۆ قامیشلۆ
ئه‌وه‌بوو مام جه‌لال له‌گه‌ڵ نوره‌دین زازادا چوو بۆ قامیشلۆ به‌مه‌به‌ستی كۆكردنه‌وه‌ی رای گشتی له ده‌وری حزبه نوێیه‌كه واته حزبی دیموكراتی كورد له سوریا، له‌وێدا مام جه‌لال له‌ماڵی دكتۆر ئه‌حمه‌د نافیز له 30-11-1958دا و به ئاماده‌بوونی دكتۆر نوره‌دین زازا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له سامی ئه‌حمه‌د نامی و ده‌روێش مه‌لا سلێمان كۆبۆوه، به‌و پێیه‌ی هه‌ردووكیان نوێنه‌رایه‌تی سه‌ركردایه‌تی «كۆمه‌ڵه‌ی یه‌كێتی گه‌نجانی دیموكراتی كوردی سوریایان ده‌كرد، كه له‌ساڵی 1954دا دامه‌زرابوو.
له‌و رووه‌وه سامی نامی له كتێبه‌كه‌ی خۆیدا به‌ناوی «چه‌ند تابلۆیه‌كی مێژوویه‌كی ونبوو»، ده‌ڵێت: «رووی ده‌مم كرده مام جه‌لال و ئاماده‌بووان و وتم ئێوه ده‌زانن كه كۆمه‌ڵه‌كه‌مان و خۆشمان ئه‌وه ده‌زانین، یه‌كێكین له رێكخراوه سیاسییه ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له‌رووی چالاكی و ژماره‌ی ئه‌ندامانه‌وه، له‌به‌رئه‌وه‌ش بڕیارمانداوه و له‌سه‌ر داوای ئێوه بێینه ژێر سایه‌ی پارتی دیموكراتی كوردی سوریا، لێره به‌دواوه‌ش هه‌موو ئه‌و ئه‌ركانه به‌جێدێنین كه حزب داوای ده‌كات بێ هیچ دوو دڵییه‌ك».
كۆبوونه‌وه‌ی كه‌سایه‌تییه رۆشنبیری و سیاسییه‌كان
جێی ئاماژه‌یه، مام جه‌لال و نوره‌دین زازا كاتێك هاتن بۆ قامیشلۆ به پاساوی ئه‌وه هاتن، به‌شداری ئاهه‌نگی ژنهێنانی سامی ئه‌حمه‌د نامی بكه‌ن، كه له 28/11/1958 بوو، ژماره‌یه‌ك له كه‌سایه‌تییه رۆشنبیری و كۆمه‌ڵایه‌تییه كورده ناوداره‌كانیش ئاماده‌ی بوون له نێویاندا «ئه‌حمه‌د نافیز و عارف عه‌باس و سلێمان حاجۆ و عه‌بدی تیللۆ و حه‌سه‌ن هیشیار و شاعیر تیریز».
سامی نامی له‌كتێبه‌كه‌یدا هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: «له‌سه‌ره‌تای ئاهه‌نگه‌كه‌دا سلێمان حاجۆ به‌خێرهاتنی مام جه‌لالی كرد و به‌م جۆره پێشكه‌شی ئاماده‌بووانی كرد: ئه‌مه براو هه‌ڤاڵمان جه‌لال تاڵه‌بانییه، كه میوانێكی ئازیزه و له كوردستانی عیراقه‌وه هاتووه به‌شداری ئه‌م ئاهه‌نگه‌مان بكات و لێره‌وه پێیی ده‌ڵێین، به‌خێر هاتی و داوات لێده‌كه‌م كه ته‌شریف بێنیت و وته‌یه‌كمان پێشكه‌ش بكه‌یت».
هەروەها دەڵێت: «مام جه‌لال له وته‌كه‌یدا پیرۆزبایی له بووك و زاوا و كه‌سوكاریان كرد و وتی: من میوان نیم لێره، من ئه‌مڕۆ له ماڵی خۆمدام، له‌نێو خزم و كه‌سوكار و هه‌ڤاڵانم، چونكه كاتێك كوردێك له به‌شێكه‌وه بۆ به‌شێكی تری كوردستان ده‌چێت، وه‌كو ئه‌وه وایه له‌نێو ماڵی خۆیدا له ژوورێكه‌وه بۆ ژوورێكی تر بچێت».
هاندانی گه‌نجان بۆ هاتنه ناو كۆڕی خه‌باته‌وه
له ئاهه‌نگه‌كه‌دا دكتۆر نوره‌دین زازاش وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێیدا وتی: «ئێمه زۆر خۆشحاڵین به‌م دیداره، لێره‌شەوه داوا له گه‌نجانی كورد به كچ و كوڕه‌وه ده‌كه‌م كه هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی زانست بده‌ن و خوێندن ته‌واوبكه‌ن، هه‌روه‌ها بێنه نێو كۆڕی خه‌باتی گه‌له‌كه‌یانه‌وه، چونكه ته‌نها زانسته كه رێگای رزگاری گه‌لان رووناك ده‌كاته‌وه و ئازادیان ده‌كات».
به‌مجۆره‌ش ئاهه‌نگی بووك گواستنه‌وه‌كه به ئاماده‌بوونی مام جه‌لال بوو به بۆنه‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی، مام جه‌لال-یش ده‌ستێكی باڵای هه‌بوو له هاندانی رێكخراوه جیاوازه‌كانی كورد و یه‌كخستنه‌وه‌یان له‌نێو یه‌ك حزبدا كه ئه‌ویش «حزبی دیموكراتی كوردی سوریا» بوو، هه‌روه‌ها رۆڵێكی گه‌وره‌ی هه‌بوو له ته‌واوكردنی ژماره‌ی ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی ئه‌و حزبه و هه‌ڵبژاردنی نوره‌دین زازا وه‌كو سه‌رۆكی حزبه‌كه.
و: گۆران فەتحی