ئەفەندینامە

رەوشی سیاسیی تورکیا بەرەو کوێ؟

09:40 - 2023-03-12
رەنج ئازاد
240 خوێندراوەتەوە

رۆژانی رابردوو، دوو دیوی نەژادپەرستیمان لە تورکیا بەرامبەر بە کورد بینی، دیوێکیان لەسەر ئاستی میللی، ئەوەی دیکەشیان لەسەر ئاستی سیاسی.
بەوەی دووەمیان دەستپێدەکەم، کە جووڵەکەی مەراڵ ئاکشنەر سەرۆکی ئیی پارتی بوو بە چوونە دەرەوەی لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن.
ئاکشنەر لە پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا - مەهەپە جیابۆتەوە، خۆشباوەڕییەک هەبوو کە تێگەیشتنی بۆ پرسی کورد گۆڕابێت، بەڵام وا دەرنەچوو، مەرجی گوێنەگرتن لە هەدەپە و تەریکخستنی داواکارییەکانی کوردی بۆ هاوپەیمانە ئۆپۆزسیۆنەکانی دانا بۆ ئەوەی لەگەڵیاندا بمێنێتەوە، ئەمە جگەلەوەی دژی کاندیدکردنی کەمال کلچدار ئۆغڵو بوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی.
بەمانایەکی دیکە، لەسەر ئاستە سیاسییەکە، ئەگەر ئێستا مەهەپە وەکو بەشێک لە تەوژمی نەژادپەرستیی دژ بە کورد هاوشانی ئەردۆغان لە دەسەڵاتدا بێت، ئەوا ئەو مەهەپەییانەی جیاشبوونەتەوە، هەرچییەک تیایاندا گۆڕابێت و هۆکار بووبێت بۆ دوورکەوتنەوە لە مەهەپە، پرسی کورد نییە، روونە کە تێگەیشتنیان بۆ پرسی کورد نەگۆڕاوە و بە نزیکەیی وەک خۆیەتی.
ئەوەی لەو نێوەندەدا باڵایە، هێڵی سێیەمی سیاسەتکردنی هەدەپەیە، کەمترین کاردانەوەی بەرامبەر بە ئاکشنەر و هەڵوێستەکانی نەبوو، هیچ هەڵپەیەکیشی بۆ چوونە ناو بەرەی ئۆپۆزسیۆن نیشان نەداوە، ئەوە نەبێت کە زۆر بە کورتی بە کلچدار ئۆغڵویان وت، «ئامادەی گفتوگۆین»، ئەگەریش زۆرە لە دەرگای هەدەپە بدرێت بۆ پشتگیریکردن لە کاندیدی ئۆپۆزسیۆن.
دیوی دووەمی نەژادپەرستییەکەی رۆژانی رابردوو، لە بۆرسا و بەرامبەر بە تیمی ئامەدسپۆر و هاندەرە کوردەکانی روویدا.
هاندەرانی نەژادپەرست هەرچییەکیان بەردەستبوایە دەیانگرتە یاریزانانی ئامەدسپۆر، وێنەی بکوژانی کورد بەرزکرایەوە و دروشمی نەژادپەرستی وترایەوە، پۆلیس و دەوڵەتیش دەستەوەستان و بێ جووڵە مانەوە، چونکە پەیامێک هەبوو و دەبوو بگات.
لای کوردەکانی باکوور، مۆدێلێکی خەبات و سیاسەتکردن هاتۆتە کایەوە، ناویان ناوە هێڵی سێیەم، هەردوو دیوەکەی نەژادپەرستی، پەستن بەو هێڵە، پەستن بەوەی تۆ ببینن بە پێوەیت، نە تەسلیم بوویت، نە کاردانەوەکەشت نەژادپەرستانەیە و وەک ئەوان سەربە سڕینەوە و دانپێدانەنان نیت.
هەر ئەوەی کە یاریزانێکی ئامەدی، لای هێڵی یاریگاوە و پشت لە جەماوەرە نەژادپەرستەکە، هەردوو دەستی بەرزدەکاتەوە وەک ئاماژەیەک کە «من هەم و بە پێوەم»، نەک هەر جەماوەرەکە، بەڵکو یاریزانەکانی بۆرساش تووڕە دەکات، ئەوانیش دەبنە بەشێک لە کاردانەوە نەژادپەرستییە میللییەکە و رۆح و گیانی وەرزشییان تووڕ دا.
هەردوو کردە سیاسی و میللییەکە، هەر لەخۆیانەوە و تەنها لە رەهەندی نەژادپەرستی و رەتکردنەوەوە روویان نەدا، بەڵکو نزیکیی هەڵبژاردن و جەمسەربەندییە ناوخۆییەکان و ویستەکانی دەوڵەتی قووڵ بۆ دوورخستنەوەی هەموان (بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە) لە پرسی کورد و هەدەپە، هۆکارن بۆ کردەی لەو جۆرە، ئەگەری سیناریۆی دیکەش هەیە.

وتارەکانی نوسەر