بەرپرسیارێتی لە ئەستۆی تاکەکاندایە

09:41 - 2023-03-12
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
1348 خوێندراوەتەوە

بەرپرسیارێتی تاکەکان لە رابردوو و ئێستاشدا لە چواردەوری دوو چەمک دەخولێنەوە (شانازیکردن و هاوبەشبوون)، بەڵام ئەم دوو چەمکە بەپێی قۆناغە جیاجاکانی مرۆڤایەتی بە چەندین شێواز و فۆڕمی جیاواز تێپەڕیوە، جاران لە بەرزترین ئاستدا کە هیچ سنوورێکیش نەدەمایەوە کێشە و خەمی تاکە کەسێک دەبوو بەهی هەموان ، بۆ نموونە لە شارێک تاکێک کێشەیەکی هەبوایە، ئەوا ئەم رووداوە بەرپرسیارێتی دەخستە نێو هەموو ئەندامانی ئەو چینە و هاوبەشی دەکردن لەو رووداودا و خۆیان بە بەرپرسیار دەزانی لە بەرامبەر ئەو کێشەیەی کە تاکێک لێی بەرپرسیارە و بۆتە پرسێکی هاوبەش لەنێوان هەموو تاکەکانی ئەو چینەدا.
دواتر بەپێی تێپەڕبوونی کات، بەرپرسیارێتی تاک لە ئاست شارەکاندا نزمبۆوە لە عەشیرەت و بنەماڵە و تەنانەت خانەوادەش، چونکە ئەمڕۆ گەیشتنە ئەو قۆناغەی هەرکەسێک تەنها ئەکتەری خۆیەتی و هەر شتێکیش رووبدات، خۆی بەرپرسیارە بەرامبەر هەموو شتێک .
بەرپرسیارێتی بەردەوامی ژیانی کۆمەڵگەیە ، هەرکاتێک لەئاست تاکەکاندا بەرپرسیارێتی زاڵ بوو، ئەوا کۆمەڵگە لە گشت بوارەکاندا سەرکەوتوو دەبێت، چونکە هەموو تاکەکانی کۆمەڵگە هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکەن کە لەسەر شانیانە، هەستکردن بە بەرپرسیارێتی جگە لەوەی ئاکار و رەوشتێکی بەرزە، هەنگاوێکیشە بۆ یارمەتیدان و پشتگیریی هەموو ئەو کەسانەی هەوڵی بڵاوکردنەوەی رەوشت و زانست و زانیاری دەدەن و کارئاسانیشە بۆ هەموو فێرکەران کە لەگەڵ ئەوەی فێردەکرێن، بەرپرسیارێتی چییە و هەنگاوەکانی چین، دەبینێت هەموولایەک لەگەڵ ئەوەن تاکەکان خۆیان هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن و هەوڵبدەن لە ژیانی خۆیان و ئەو ژینگەیە فەراهەم بکەن کە دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگەکەیان، ئەویش بە بوونی پەیوەندییەکی بەهێز و نیشتمانی و بەرپرسیار بەرامبەر بە باشبوون و دوورکەوتنەوە لە هەموو خراپەکارێک .
لەنێوان (شانازیکردن و هاوبەشبوون)، ئەگەر تاکەکانی کۆمەڵگە هەستیان بەو بەرپرسیارێتییە کرد کە لەسەر شانیانە لە خۆشەویستی خانەوادە و خێزان و کۆمەڵگە و نیشتمانی خۆیان، ئەوا دەبێتە خاوەنی جۆرێک لە کۆمەڵگەیەکی بەهێز لەئاست کۆمەڵگەکانی دیکە و هەموو پۆست و جومگە سەرەکییەکانی وڵاتەکەی کەسانی تەکنۆکرات و بەرپرسیار بەرامبەر بە ئەرکەکانیان دادەنرێن و خۆشەویستیان بۆ نیشتمان دروست دەبێت و زیاتریش دەبێت.
 لێرەوە ئێمە چەمکی شانازیکردن هەڵدەگرین و دەیکەینە دروشمی خۆمان کە خاوەنی تاکێکین بەرپرسیار و بەویژدانە بەرامبەر کارەکەی خۆی، بەڵام ئەگەر بێت و رووداوێک کاریگەرییەکی خراپی هەبێت، هاوبەش بوون لەم سەردەمەدا ئەستەم دەبێت ، کەس خۆی ناکات بە خاوەنی، تەنها دەبێت خۆی بەرپرسیارێتی بگرێتە ئەستۆ .
هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی کەسانی تر، دیوێکی پەیوەستە بە هاوکاری و یارمەتیدانی مرۆڤایەتی و تاکەکانی کۆمەڵگە و زیندوبوونەوەی پێکەوەژیان، بەڵام لایەنی باشە و خراپەشی هەیە، بەتایبەتی ئەگەر هاتوو تاکێک خاوەنی کێشەیەک بێت، دەبێت بە کێشەی هەمووان، هەرچەندە ئەم هەستکردنە گۆڕاوە وەک لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئێستا تەنها تاک بەرپرسیارە بەرامبەر ئەو رووداوانەی رووبەڕووی دەبێتەوە و باجەکەی بدات، دەبێت تاکەکانی کۆمەڵگە هەوڵبدەن لەگەڵ ئەوەی شانازیکردن هاوبەشی دروست دەکات، لەگەڵ هەمواندا ئازار و کێشەکانیش ببێتە هی هەموان بۆ پارێزگاریکردن لە بەپرسیارێتیی تاکەکان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵگە .

ئاوەدانکردنەوەی وڵات ئەرک و هەستکردنە بە بەرپرسیارێتی

وتارەکانی نوسەر