گەشە و سەرکەوتن *

بەختەوەری لەتەمەندا

10:06 - 2023-03-12
ئەرشەد تەحسین
341 خوێندراوەتەوە

تەمەنی هەریەك لە ئێمە لە رێبوارێك دەچێت رێی دەكەوێتە مەزرایەك، هەم بیابانی تێدایە، هەم سەوزایی، هەم گوڵجاڕی تێدایە، هەم گەڵاڕێزان، ئاسمانی فراوانی تێدایە هەم دارستانی چڕی بەیەكدا چوو، هەم خۆشی تێدایە هەم ناخۆشی، ئەوە دیدگا و تێروانین و چاوی خۆتە كامەیان دەبینیت و  نیگای چاوت ئاڕاستەی كامەیان دەكەیت، دەكرێت هەموویان ببینیت و لە هەموویان بەئاگا بیت، بەڵام گرنگە لێكیان جیابكەیتەوە و بزانیت ئامانج و مەبەستی تۆ كامیانە، چی دەكەیتە بەشی ژیانت و كامیان كەوتووەتە بەر نیشانی تیری نیگا و تێروانین و مەبەستت و هەوڵی پێكانی دەدەیت، هەرچی بەئامانج بگریت و  هەوڵی بەدەستهێنانی هەركامیان بدەیت ئەوەیان دەبێتە میوانی تەمەنت و ژیان ئەوەت پێدەدات.
 ئەوەی لەژیان دا دەیبینیت بەندە بەلێكدانەوە و تێڕوانینی تۆ بۆ ئەو شتە، تەنانەت تا كێشە و گرفتەكانی ژیان لەخۆت قورس بكەیت زیاتر ملكەچیان دەبیت و زیاتر دەتخەنە ژێر هەژموون و ركێفی خۆیانەوە و چارەسەریان ئاڵۆز دەبێت و ئازاریان پڕ سوێتر دەبێت.
تەمەن نرخ و بەهای خۆی هەیە، بزانە چۆن و بەچی پڕی دەكەیتەوە و بەسەری دەبەیت، ژیان كردن یاسا و تایبەتمەندی خۆی هەیە، سەرباری جەنجاڵی و ناهەموواری ژیان، بەڵام هێشتا مەودایەك بۆ خۆشی و دەرفەتێك بۆ پێكەنین و  هەوارێك بۆ خۆشەویستی هەیە، بەها بەتەمەنت بدە و پڕی بكە لە بەختەوەری.
  ژیان هەرچەند ناخۆش و ناهەمووار بێت لەتۆ خراپتر هەیە، هەمیشە بەرەنگار ببە و بە ئیرادەوە لەژیان بڕوانە، هەرچۆنێك بیت و لە هەر بارودۆخێكدا بیت ئومێدت هەبێت، هەرچەندە ناخت پڕ گڕ بێت و خەم و نائومێدی باڵی بەسەرتدا كێشابێت، ترووسكاییەك بۆ خەندە بدۆزەرەوە و كڵاورۆژنەیەك بۆ دڵخۆشیت بكەرەوە، گرنگە بزانیت چۆن پەی بەڕازە شاراوەكانی ژیان دەبەیت و ئاوێتەی تەمەنتی دەكەیت، بەختەوەریی هەر ئەوەیە كەلەناخی خۆتدایە، هیچ كات بۆ بەختەوەری لەدەرەوەی ناختدا مەگەڕێ.

وتارەکانی نوسەر