ئۆباڵی لیژنە پزیشکییەکان بەر لە قەزا و قەدەر

09:46 - 2023-03-13
جەمال ئارێز
227 خوێندراوەتەوە

دڵنیام زۆرێک لەوانەی لە سەروبەندی نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێریدان بەم بابەتە تووڕە دەبن و رەنگە بە توندیش وەڵامم بدەنەوە، بەڵام گرنگ ئەوە نییە هەرچییەکت نووسی مایەی دەستخۆشی و پیاهەڵدان بێت، بەڵکو گرنگ ئەوەیە ئەنجامەکەی لە بەرژەوەندیی کۆی هاووڵاتیاندا بشکێتەوە و کەمترین زیان بە خەڵک بگات.
زۆربەمان پێمان باشە کەمترین رۆتین لە رایکردنی کاری فەرمانگەکاندا هەبێت تا هاووڵاتی کە رێی دەکەوێتە ئەو فەرمانگانەی قەرەباڵغی زۆریان بەسەرەوەیە، کارەکانی زوو رایی بکرێت، بەڵام ئەوەش بەو مانایە نییە هەندێک لایەنی یاسایی، تەندروستی، مرۆیی و کۆمەڵایەتی فەرامۆش بکرێت.
لیژنەی پزیشکی لە زۆربەی شار و شارۆچکەکان دانراوە بە مەبەستی پشکنین بۆ ئەو کەسانەی مۆڵەتی شۆفێریی دەردەهێنن یاخود مۆڵەتی پێشتریان هەیە و نوێی دەکەنەوە، ئەگەر هەڵە نەبم لەسەر فۆڕمەکە نووسراوە لیژنە پزیشکییەکان و ناوی نزیکەی (7 - 9) پزیشکی بەسەرەوەیە و هەموان ئیمزای دەکەن، بەڵام گرفتەکە ئەوەیە تەنها پشکنینێکی چاو دەکرێت و هەموو پزیشکەکان لەسەر رای پزیشکی چاوەکە ئیمزای فۆڕمەکە دەکەن و کەسی پشکنراو بەو فۆڕمە مۆر و ئیمزاکراوەوە رێگەی فەرمانگەی هاتوچۆ دەگرێتەبەر بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتەکەی. 
راستە دڵنیابوون لە باش بینین، مەرجێکی سەرەکیی شۆفێرییە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ کاری شۆفێری تەنها پەیوەستە بە چاوەوە؟ لە کاتێکدا شۆفێر هەیە بۆ دوو خولی چوار بۆ پێنج ساڵی مۆڵەتی نوێکردۆتەوە و کێشەی نەبووە، بەڵام ئێستا تەمەنی هەڵکشاوە یان جارێک جەڵتە لێیداوە، یان تووشی نەخۆشی دڵ بووە، یان تووشی دەست و قاچ لەرزین بووە، یان شەکرە و گوشاری خوێنیان ناجێگیرە و ئەگەری هەیە لە هەرکاتێکدا هاوسەنگیی تێکبدات و کارەساتێکی گەورەی هاتوچۆی لێ بکەوێتەوە؟ رەنگە هەمان ئەو کەسانە کێشەی چاویشیان نەبێت، بەڵام ئاخۆ ناجێگیریی تەندروستی ئەو جۆرە کەسانە ئەگەری ئەوەیان نییە ببنە ئاستەنگ بۆ کاری شۆفێری؟ 
بۆیە پێشنیاز دەکەم فەرمانگەی هاتوچۆ وەک چۆن لە نوێکردنەوەی ساڵانەی ئۆتۆمبێل و پشکنینی مەرجەکانی توندوتۆڵی ئۆتۆمبێلدا چەند مەرجێکی داناوە، ئەوا بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەت و ئەو لیژنە پزیشکییە بەڕێزانەش چەند مەرجێک دابنێن بە راوێژ لەگەڵ کەسانی پسپۆڕ و ئەو بابەتە بەهەند وەربگرن، چونکە هەر رووداوێکی هاتوچۆی نەخوازراو لە ئەنجامی فەرامۆشکردنی ئەو حاڵەتە تەندروستییەی شۆفێرانەوە رووبدات، بەشێکی بەرپرسیارێتییەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان، چونکە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ پاڵپشت بە نووسراوی پەسەندکراوی لیژنە پزیشکییەکان مۆڵەت بۆ شۆفێران نوێ دەکەنەوە، واتە تەندروستی شۆفێرانیش و ئەوانەش کە بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە زەرەرمەند دەبن، بەشێکی دەکەوێتە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی ئەوانەوە و بەشێکیشی ئەوەیە لەناو خەڵک و یاسادا پێی دەوترێت قەزاو قەدەر لەکاتێکدا بەڕاستیش خۆمان قەدەرەکە دروست دەکەین.

وتارەکانی نوسەر