مەرامی پارتی پێش هەڵبژاردن

09:56 - 2023-03-13
ئازاد جۆڵا
366 خوێندراوەتەوە

پارتی لەم قۆنەغەدا لە هەوڵی ئەوەدایە بەهەر شێوەیەک بێت هەڵبژاردن بکرێت و لەوە زیاتر دوانەکەوێت، ئەمەش نەک لەپێناوی دەستاودەستکردنی دەسەڵات و پیادەکردنی بنەماکانی دیموکراسی، بەڵکو لەبەر چەند هۆکارێک لەوانە:
1-  ئەو گوشارە زۆرەی کە لەسەر ئەزموون و دەسەڵاتی سیاسی ئێستای هەرێم هەیە و هاتۆتە ئاراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوپەیمانان و وڵاتانی دۆست بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پابەندبوون بە بنەماکانی دیموکراسییەوە.
2-  ئەگەر بەهۆی دواخستنی هەڵبژاردن و نیگەرانبوونی دۆستەکانی هەرێم و لەکەداربوونی زیاتری دیموکراسییەوە، هەر مەترسییەک بکەوێتە سەر دەسەڵات و حکومڕانی هەرێم، ئەوا پارتی زەرەرمەندی یەکەم دەبێت، بۆیە ناخوازێت ئەم دەسەڵاتەی کە هەیەتی لە کیسی بچێت.
3- سروشتی پارتی جیا لە حزبەکانی تر پشوو درێژتر و بە پیلان بە پلان کاردەکات، دەیەوێت هەر خۆی ( حزب القائد ) بێ، بۆ ئەم مەبەستەش دەمێکە کار لەسەر سیاسەتی لاوازکردن و پەرتکە و زاڵبە دەکات، تیاشیدا بە شێوەی سەرەکی یەکێتی دەکاتە ئامانج.  
4-پارتی ساڵانێکە فراونتر بیر لە حوکمڕانی هەرێمی دەکاتەوە، بەتایبەتی دوای رێکەوتنی ستراتیژی و دوای 2005 و هاتنەوەی ئیدارەی سلێمانی بۆ ناو ئیدارەی هەولێری پایتەخت و فۆکسی هەژموون و دەسەڵاتی پارتی لەسەر هەرێم و هی یەکێتیش لەسەر بەغدا.
5-راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەوڵی قووڵکردنەوەی زیاتری ناکۆکییەکانی نێوان باڵ و ئاڕاستە جیاوازەکانی نێو یەکێتی داوە و لە ئەنجامیشدا لەتبوون و دروستکردنی لیستی جیاوازی هەڵبژاردن و تەنانەت حزبی جیاوازیش کۆتایی هاتووە، هەموو ئەمانەش بۆ بێ هێزکردنیەتی.
6- پشتیوانیی و پشتگیریکردنی هەندێک گروپ و لایەن و بازرگان لە سنووری سلێمانی و زۆربوونی ژمارەی لیست و حزبەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەی دەنگی یەکێتی و مانەوەی خۆی وەک هێزی یەکەمی پەرلەمان و پێکهێنەری حکومەت. 
7-هاوکاری و هاندانی هەندێک گروپ و لایەن و خەڵکی ناڕازی بۆ ‌خۆپیشاندان و دەربڕینی ناڕەزایی و نانەوەی پشێوی و دروستبوونی گرژی، کە لەبنەڕەتیشدا پارتی هەرخۆی پشکی شێری بەردەکەوێ لە کەمی خزمەتگوزاریەکان و دروستبوونی قەیران و ئابڵوقەی ئابووریی و سیاسی بەبەرنامە و بە پلان لەم سنوورەدا.
8-چەندین ساڵە لەژێر ناوی یەکگرتنەوەی هێزکانی پێشمەرگە، پارتی لە هەوڵی ئەوەدایە بەهەمان شێوەی یەکگرتنەوەی دوو ئیدارەکە، کۆتایی بە هێزی چەکداری یەکێتی بهێنێ، چونکە تاکە گرفتە لەبەردەم پارتی و بە هۆیەوە نەیتوانیوە هەژموونی خۆی بەسەر ئەم ناوچەیەدا بسەپێنێ.
9-حزب و گروپ و ماڵباتی جیاوازی نزیک لە خۆی، تا رۆژێک بە ئاسانی بتوانێ بە هاوکاری ئەم هێزانە دەست بەسەر زۆنی سەوزیشدا بگرێ.
10- پارتی لە کایەی حکومڕانیدا رۆڵی بۆ هیچ لایەنێک نەهێشتۆتەوە، هەروەک دەبینین دەمێکە یەکێتی کەوتۆتە دەرەوەی پڕۆسەی حوکمڕانی لە هەرێمدا و مانەوە و دەرچوونیان لە کابینەکە وەکو یەک وایە.
11-پارتی کۆنتڕۆڵی تەواوی دامەزراوەکانی هەرێمی کردووە، هەر لە سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران و دادوەری و  بڕیاڕەکانی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش، تاکە شتێک کە بەدەست یەکێتیەوە مابێ حەسانەی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانە کە بەپێی پەیڕەو هەندێک دەسەڵاتی هەیە و لەپشتی ئەو ناتوانرێت بکرێت. 
12- پارتی لە هەوڵی ئەوەدایە هەڵبژاردن بکرێ، لە خاڵە جیاوازەکان نەرمی نواندووە، بەڵام هەڵبژاردن بێ کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان ناکرێت، ئەم بڕیارەش لەلای سەرۆکی پەرلەمانە کە یەکێتییە، بۆیە پارتی لە هەوڵی ئەوەدایە بۆ داهاتوو سەرۆکایەتی پەرلەمانیش وەربگرێتەوە و هیچ ڤیتۆیەک لەسەرخۆی نەهێڵێتەوە.
13- سەبارەت بە کۆتاکانیش پارتی تۆپەکەی لە گۆڕەپانەکەی خۆی دوورخستۆتەوە و شەڕی مانەوەی 11 کورسییەکە بە پێکهاتەکان خۆیان و شیرینی کورسییەکانیش بۆ خۆی زامن دەکات، هەربۆیەش لە دوایین کۆبوونەوەی وەفدی پارتی لەگەڵ پێکهاتەی کریستیان و تورکمانەکان، دەڵێ هەر بڕیارێک ئەوان خۆیان بیدەن ئێمە پشتگیرییان دەکەین، بێگومان ئاشکرایە بڕیاری ئەوان چییە و خواستی پارتیش چییە؟

وتارەکانی نوسەر