باجی خانوبەرە، پێویستی بە یاسایەکی نوێیە

10:17 - 2023-03-14
فەیسەڵ عەلی
482 خوێندراوەتەوە

باج بە شێوەیەكی گشتی و باجی خانوبەرە بەتایبەتی، لە دوای نەوت سەرچاوەیەکی گرنگی دابینکردنی بودجەی گشتیی حكومەتە، تا بتوانێت لەو سەرچاوەیەی داهاتەوە كارەكانی خۆی رایی بكات. گرنگیی باجی خانوبەرە لەوەدایە، هەموو خانوبەرەیەكی ناو وڵات دەگرێتەوە چ بازرگانی یان نیشتەجێبوون، بۆ ئەوەی لە تۆمارەكانی باجی خانوبەرەدا ناونووس بكرێت، واتە بە گشتی پەیوەندیی بە هەموو كەسێك و خانەوادەیەكەوە هەیە، ئەوانیش سەردانی ئەو فەرمانگانە دەكەن تا لە دروستی هەڵوێستیان لە باجی خانوبەرە دڵنیابن، ئەمەش بێگومان بۆ باجدەر كات و تێچوون و ماندوبوونی پێویستە، لە بەرامبەریشدا لەو فەرمانگانە دەخوازرێت وەک پێویست كارئاسانی بكەن بۆئەوەی كێشە و رۆتین كەمبكەنەوە و ئاستی هوشیاریی باجدەر و فەرمانبەرەكانیش بەرزبكەنەوە، تا قورسایی سەردان و بەدواداچوون و ئیشوكارەكانی تر لەو فەرمانگانەدا کەمببێتەوە.

تێچوونی چاکسازی لێدەردەکرێت
بە پێی یاسای ژمارە 162ی خانوبەرەی ساڵی 1959ی عیراق  و رێنماییە تایبەتییەكانی یاساكە، كە لە كوردستانیش کاری پێدەکرێت، باجی خانوبەرە لە هەرێمی كوردستان بە رێژەی %10ی داهاتی ساڵانەی خانوبەرە مەزەندە دەكرێت، جگە لە دەستكەوتی فرۆشتنی خانوبەرە و زەوی كشتوكاڵی، کە باجی خانوبەرە نایانگرێتەوە، لەم بڕەش رێژەی %10 لە داهاتی ساڵانەی خانوبەرەكە دادەبەزێنرێت لەبری تێچوونی چاكسازی بیناكان و سوانیان پێش مەزەندەكردنی بڕی باجەكە. 
باجی خانوبەرە، ئەو باجەیە بەسەر زەوی و خانوبەرەی دروستكراو لە هەرێمی كوردستاندا دەسەپێندرێت، جگە لە زەوی بواری كشتوكاڵی و داهاتی زەوی و خانوبەرەی فرۆشراو. لە ساڵی 2018وە حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگیی زۆری بەم باجە داوە، بەپێی یاسای ژمارە 162 ی ساڵی 1959ی عیراق، دوای ئەوەی هەندێك رێنمایی تایبەتی بۆ دەرچوێندرا، تا زیاتر لەگەڵ بارودۆخی ئابووری و كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستاندا بگونجێـت. ئەم باجە وەك باجێكی راستەوخۆ، هەم كەرەسەییە (عینیه‌) و هەمیش رێژەییە (نسبیه‌) و هەمیش ناوچەییە (اقلیمیه‌).

27 جار هەموار كراوەتەوە
یاسای ژمارە 162، لە ساڵی 1959 داڕێژراوە و لە پەرلەمانی عیراق دەرچووە و تا ئێستا نزیكەی 27 جار هەموار كراوەتەوە، كاتێك پەرلەمان یاسایەک دەردەچوێنێت، مەبەست پەرلەمانی كوردستان و عیراقیشە، زۆربەی جار گرنگیی یاساكە و چۆنێتی جێبەجێكردن و پەیكەربەندی بەڕێوەبردنی لایەنی جێبەجێكار و پلەی وەزیفی كارمەندە سەرەكییەكانیش لە دامەزراوەكەدا دیاری دەكات، هەروەها ئەو توێژە كۆمەڵایەتییانەش دەستنیشان دەکات، كە بە ئامانجی دەگرێت، هەموو یاسایەك كە دەردەچوێنرێت، گشتگیری پێوە دیارە، لەبەرئەوە پێویستە یاساكە زیاتر ئامانجدار بكرێت و لە جێبەجێكردندا زیرەكانەتر بێت، ئەمەش لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكردنی پەیوەندیدارەوە رێنمایی بۆ دەردەچوێندرێت، بەڵام سیاسەتێک بۆ پیادەكردنی یاسا و رێنماییەكان پەیڕەودەکرێت، لە جێگا و كاتی دیاریكراوی خۆیدا تا بە كەمترین كات و تێچوون و ماندوبوون چ بۆ دامەزراوەكە و چ بۆ توێژی بە ئامانجگیراو جێبەجێ بکرێت. 
لەوانەیە یاسا و رێنمایی بە تەواوی لەلایەن دامەزراوەیەكەوە جێبەجێبكرێت، بەڵام هەڵە لە سیاسەتی جێبەجێكردندا هەبێت.

دەبێتە بارگرانی بۆ هەردوولا
فەرمانگەكانی باجی خانوبەرە، بەردەوام لە بەردەم قەبارەیەکی گەورەی مامەڵە و پشكنین و وردبینی و ئیشوكاری ژمێریاریی و جۆری جیاوازی تری مامەڵەی رۆژانەدان، هەر لەبەر ئەوەش، ئاساییە رۆژانە لە پەیڕەوكردنی یاسا و رێنماییە تایبەتەكانی باجی خانوبەرەدا رووبەڕووی چەندین كێشە ببنەوە، كە هەندێك جار لادان لە رێڕەوی یاسا و رێنماییەكانیش دروستدەبێت، كە بە تێچوون و ماندوبوون و كاتی پێویستی مامەڵەكانەوە پەیوەستن، واتە بارگرانی بۆ هەردوولای هاوكێشەكە، فەرمانگەكان و باجدەرەكان دروست دەكات.

راپرسی و هەڵسەنگاندن
لەگەڵ هاوڕێم کاک محەمەد کەریم، بە پشتیوانی دارایی رێکخراوی (NDI) و سەرپەرشتی رێکخراوی ئینستیوتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان، بۆ ماوەی ساڵێک دوای ئەوەی راپرسییەکمان لە هەرسێ  بەڕێوەبەرایەتییەکانی باجی پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆک و هەروەها هاووڵاتیانی باجدەری هەر سێ پارێزگاکەش کرد، وێڕای بەڕێوەچوونی چەند ۆرکشۆپێک و دیداری جیاجیا لەگەڵ پسپۆڕانی بواری ئابووری و دارایی و شارەزایانی بواری باج، بەتایبەتیش باجی خانوبەرە، وێڕای بەشداریپێکردنی بەڕێوەبەرانی خودی ئەو فەرمانگانە و پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان و راوێژکارانی وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و چاودێریی دارایی و دەستەی نەزاهە و هیتریش، بۆ ئەوەی وردتر لەسەر شێواز و میکانیزمی جێبەجێکردنی سیاسەتی باج بەپێی ئەو یاسا و رێنماییانەی هەیە هەڵوێستە بکرێت و بەشێوەیەکی دروست بخرێنەڕوو، تا لە قۆناغی دواتردا، کار لەسەر باشترکردنی میکانیزمەکانی کارکردن و کاری فەرمانبەران تا بە دەرچواندنی یاسایەکی سەردەمییانە بۆ باجی خانوبەرە دەربچوێندرێت، کە رەوشی ئابووری و کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان لەبەرچاو بگرێت، هەروەها پردی متمانەی تەواو لە نێوان حکومەت و هاووڵاتیان دروست بکات، بەتایبەتی کە ئێمە لەم کارەماندا، بۆچوون و روانین و گلەیی و رەخنەکانی هاووڵاتیان و پسپۆڕان و شارەزایان و بگرە خودی فەرمانبەرانی ناو ئەو بەڕێوەبەرێتییانەمان بە بەرپرسانی ئەو وەزارەتە گەیاندووە، کە دەشێ ببێتە هاندەرێکی باشیان تا هەنگاوەکانی چاکسازیی لە بواری باج بە گشتی و باجی خانوبەرە خێراتر بکرێت و باشتر بە سوودی هەردوولا بشکێتەوە. لێرەدا چەند رەخنە و سەرنجێک دەخەینەڕوو، بەو هیوایەی دەزگا پەیوەندیدارەکان بەهەندی وەربگرن و کاری لەسەر بکەن.

رەخنە و سەرنجەکان
یەک: سەرخانی فەرمانگەکانی باجی خانوبەرە وەک پێویست بەگەڕ نەخراوە و کارمەندان خولی راهێنانیان بۆ ناکرێتەوە، تا باشتر ئیدارەی ئەو فەرمانگانە بەڕێوەبچێت.
دوو: فەرمانگەکانی باجی خانوبەرە بەدەست رۆتین و گیانی بیرۆکراسی زۆرەوە دەناڵێنن، ئەمەش متمانەی نێوان هاووڵاتیانی باجدەر و ئەو فەرمانگانەی کەمکردۆتەوە.
سێ: میکانیزمی دیاریکردنی باجی خانوبەرە زۆر کۆنە و پێویستی بە نوێکردنەوەیە، چونکە هاووڵاتیان هەست بە نادادپەروەری لە سەپاندنی باجدا دەکەن.
چوار: سیاسەتی باجی خانوبەرە، وەک دەردەکەوێت، هەموو تواناکانی لەسەر کۆکردنەوەی داهات لە باجدەر چڕکردۆتەوە.

پێشنیازەکان
بەمەبەستی باشتر بەڕێوەچوونی سیاسەتی باجی خانوبەرە لە هەرێمی کوردستان، چەند پێشنیازێک دەخەینە بەرچاوی لایەنە پەیوەندیدارەکان، دیاریترینیان ئەمانەن:
یەک: باشترین رێگەچارە بۆ باشتر بەڕێوەچوونی کاروباری ناو فەرمانگەکان، گرنگیدانە بە راهێنانی پیشەیی و تەکنیکی، تا لەو رێگەیەوە ئاستی لێهاتوویی فەرمانبەران بەرزبکرێتەوە.
دوو: کەمکردنەوەی رۆتین لەناو فەرمانگەکانی باجی خانوبەرە.
سێ: بەهەند وەرگرتنی رەخنە و گلییەکانی باجدەران.
چوار: دەرچواندنی یاسایەکی نوێی باج، یان یاساکە هەموار بکرێتەوە.

 

وتارەکانی نوسەر