هاوڕێی رەخنەگر و تێگەیشتن لە رەخنە

10:19 - 2023-03-14
مەحمود عەبدولکەریم باجەڵان
301 خوێندراوەتەوە

پڕۆسەی بنیادنانی تواناکان، پڕۆسەیەکی گرنگە لە سیستمی پەروەردە و فێرکردنی هەرێمی کوردستاندا، یەکێک لەو گۆڕانکارییە بەرچاوانەی ئەم پڕۆسەیە گۆڕینی ناو و ناوەڕۆکی کاری سەرپەرشتیکردنی پەروەردەیی بوو بۆ (هاوڕێی رەخنەگر) ئەمەش لە کۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە شێوازی هەڵسەنگاندن و سەردانی قوتابخانەکان و دیدەنی مامۆستایاندا هات وەک پسپۆڕی و ئێستا کردنی خودهەڵسەنگاندنی خودی وەک تاک و دامەزراوەش لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و باخچەی منداڵانیشدا، ئەم گۆڕانکارییانە بەشێکیان جەوهەرین، بەڵام هێشتا هەندێکیان تەنها لەگۆڕانکاری شێوە و ناودا ماونەتەوە و بەشێوەیەکی گشتیی و تەواوەتی رۆڵ و ئەرک و بەرپرسیارێتی نوێیان تێدا بەرجەستە نەکراوە، تا بتوانن بەپێی ئەو ناوەی هەڵیانگرتووە ناوەڕۆکی کارکردنیش بەشێوەیەکی کرداریی و گونجاو لەگەڵ بنەماکان و رێنمایی و  بەرپرسیارێتییە نوێکانی داخوازییەکان و ئەنجامدانەکانیان بکەن، (هاوڕێی رەخنەگر) لە قۆناغەکانی پیشووتردا پێی وتراوە (پشکنەر- مفتیش) و پاشان (سەرپەرشتیاری پەروەردەیی) ئێستا لەگەڵ گۆڕانی ناوەکەیدا شێواز و کار و بەرپرسیارێتییەکەشی گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.
هاوڕێی رەخنەگر کێیە؟
هاوڕێی رەخنەگر ئەو کەسەیە ئەرکی پاڵپشتیکردنی دامەزراوەی باخچە، قوتابخانە، خوێندنگە و مامۆستایانی پێ سپێردراوە تابتوانن پێداچوونەوە و پەرەپێدانی ئەدای کارەکانیان بە شێوەیەکی کاریگەر و چالاکانە بکەن، هاوڕێی رەخنەگر هاوڕێی پشکنەر نییە، بەڵکو هاوڕێی یارمەتیدەر و هاوکارە، مەرجەعی پێدانی شارەزایی و زانیاریی و رێنماییە بۆ کارەکان لە قوتابخانەدا، بەڵام ئەندام و بەشدار نییە، هەوڵدەدات یارمەتی ئەو دامەزراوە یان ئەو کەسانە بدات و پشتگیری دەکات، بەو پێیەی بڕیار لەسەر ئەدای کارکردن دەرناکات، بەڵکو هەوڵدەدات لە دۆخەکە تێبگات و تێبینییەکانی دەخاتەڕوو بە پشتبەستن بەو تێبینییانە، دەتوانرێت باس لەو بابەتانە بکرێت وروژێنراون، بە بەدیلەکانی پێشکەشکراو و پێشکەوتنی بەدەستهاتوو لە رابردوو و ئێستا و ئایندەدا.
واتای رەخنە چی دەگەیەنێت؟
رەخنە، تەکنیکێکە بۆ هەڵسەنگاندنی زانیاری و بیرۆکەکان، بیرکردنەوەی رەخنەیی بریتییە لە بیرکردنەوە لە رەوایەتی ئەو شتانەی تۆمارکراون یان کراون لەژێر رۆشنایی زانیاری و تێگەیشتنێکی بابەتی و ورد و راپەرموو لەسەر راستی و تواناو لێوەشاوەیی شوێن و توانا و دەسەڵات و سنوری دەستپێڕاگەشتنی کەس یان ئەو دامەزراوەیەی کاری تێدادەکرێت، بەواتایەکی تر رەخنە هێندەی تێگەیشتنە لەدۆخی کارەکان هێندە گەڕان نییە بەدوای هەڵە و کەموکوڕی و سەرزەنشتکردن و شکاندن و خۆسەپاندن، ئەوەی لێرەدا باسی دەکەین مەبەست ئەرکی هاوڕێی رەخنەگرە، ئەو رۆڵەی ئێستای جیاوازە لەو رۆڵەی وەک پشکنەر یان سەرپەرشتیاری پەروەردەیی هەیبووە لە رابردوودا، بەداخەوە پاشگری (رەخنە) لای بەشێک لە سەرکردایەتی قوتابخانەکان و لای بەشێک لە هاوڕێیانی رەخنەگریش بەڕوونی وەک خۆی نەگەیشتووە، چونکە لە زیهنی زۆرینەدا چەسپاوە رەخنە تەنها لایەنی نەرێنی و کەموکورتی و خراپییەکان دەگرێتەوە، بەڵام لەڕاستیدا وانییە!
رەخنە لە پەروەردە و فێرکردندا تێگەیشتنە لە ناوەڕۆکی کار، دەرخستنی ئەرێنییەکان و خاڵە پیشکەوتووەکان بە مەبەستی پاڵپشتیکردن و بەرەوپێشبردنی زیاتریان و پەنجە خستنەسەر خاڵە لاواز و نەرێنییەکان بە مەبەستی چارەسەرکردنیان و هاوکاریکردن و هاندانیان بۆ گۆڕانکاریکردن و نفگپێشکەوتن و گەشەکردن بەشێوازێکی زۆر ئەرێنی و هاوڕێیانە، بەجۆرێک هاوڕێی رەخنەگر رۆڵێکی  ئەرێنی بگێڕێت لە ناوەندگیریی نێوان تیم و کەسەکانی ناو دامەزراوە بۆ پێکهێنان و هەماهەنگی و کاری زیاتر، یەکخستنی بیروڕاکان و نزیککردنەوەی سەرنجەکان و گەیاندنی خاڵەجیاوازەکان بە خاڵی هاوبەش و یەکبوو لە بڕیاردان و کارەکاندا، بەڵام هەندێکات ئەم رۆڵەی هاوڕێی رەخنەگر لە هێڵی مەبەستی خۆی دەردەچێت و گرفت بۆ پڕۆسەکە دروست دەکات، هۆکاری ئەم دەرچوونەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ هۆکار لەوانە:
هۆکارەکانی دەرچوون لە ئەرکی سەرەکی
زاڵبوونی هەستی خودیی بەسەر بۆچوون و تێڕوانینەکانیدا: کاری رەخنەگرتن کارێکی بابەتییە، نابێت تێکەڵ بە هەستی خودیی و مەزاجی کەسی و بیرکردنەوە و لایەنگری مەبەستداری خودی بکرێت، هەرکات ئەو جۆرە هەستانە لە رێنماییکردن و ئاڕاستەکردندا روویدا گرنگی و بایەخی رەخنە کەم دەبێتەوە  لەبنەڕەتە ستانداردە بڕیارلەسەردراوەکان دوور دەکەوێتەوە و جیاوازی راوبۆچوونی گەورە سەرچاوە دەگرێت و نزیککردنەوەی خاڵە جیاوازەکان کارێکی ئەستەم دەبێت، چونکە زاڵبوونی تێڕوانینی خودی هەستی جۆرێک لە خۆسەپاندن دەورووژێنێت و قبوڵکراو نابێت، بەتایبەت ئەگەر بۆچوونە کەسەییەکان لەگەڵ راستی و کارەکاندا یەکنەگرێتەوە و زیادەڕەوی یان کەمڕەویی بەرچاو بکەوێت، بەڵام ئەگەر پێدانی بیرۆکە لەخزمەت کارەکاندابێت وەک پاڵپشت و هاوکاری بۆ پێشخستنی کارەکان بە لێتێگەیشتن و رەزامەندی هەموولایەک ئەوە شتێکی ترە.
جەختکردنەوە لە لایەنێکی دیاریکراو لەکاردا و پشتگوێخستن یان گرنگینەدان بە لایەنەکانی دی: ئاشکرایە پڕۆسەی بونیادنانی تواناکان، پڕۆسەیەکی فرەمەودا و هەمەجۆرە، جەخت ناکاتەوە لەلایەنێکی دیاریکراو، بەڵکو یەکەیەکی یەکخراوە لە کۆمەڵێک لایەندا هەریەکەیان تێکهەڵکێش و پاڵپشتە بۆ وەدیهێنانی یەکەیتر، بەڵام کاتێک هاوڕێی رەخنەگر جەخت لە هەندێک بابەتی تایبەت دەکاتەوە و ناتوانێت تێڕوانینێکی راستی بۆ پاڵپشتیکردن ببەخشێت بەدامەزراوەکە، بۆ نموونە ئەگەر هاوڕێی رەخنەگر تەنها جەخت لە تۆمارەکانی کارگێڕی بکاتەوە و وردبینی و بەدواداچوونی قووڵ لەو تۆمارانە بکات و وەک تەنها پێوەر بۆ سەرکەوتنی سەرکردایەتی قوتابخانە سەیری بکات، بەڵام جۆر و شێوازی مامەڵە و لایەنە پەیوەندییەکان و کارلێکەکان بەهەند وەرنەگرێت دەکەوێتە هەڵەی بڕیاردان و ستایشکردنەوە و ئامانجی سەرەکی ناپێکێت کە بینینی کۆی پڕۆسەکەیە.
لەیادکردنی رۆڵی خود لە کارکردندا و خۆهەڵقورتاندن لەوکارانەی پەیوەندی پێیەوەنییە: هەندێجار بە زانین بێت یان نەزانین هاوڕێی رەخنەگر تێهەڵکێشی هەندێ بڕیار و کاردەبێت، لەڕاستیدا کاری هاوڕێی رەخنەگر نییە بەپێی رێبەری سەرپەرشتیاری هاوڕێی رەخنەگر، بەڵام لەبەر هەرهۆیەک بێت هاوڕێی رەخنەگر خۆی دەکات بە بەشێک لەو بڕیارانە، لەکاتێکدا نابێت بەشێک بێت لەو بڕیارانە، تەنها دەتوانێت سەرنج و تێبینی لەسەر بڕیارەکان هەبێت، ئەمەش هاوڕێی رەخنەگر دەکات بە بەشێک لە دروستکردنی کێشەکان لەبری چارەسەرکردنی کێشەکان.
لەدەستدانی متمانە: هاوسەنگی راگرتن لەناو دامەزراوە یان کەسەکانی ناو دامەزراوە و دادپەروەری راستەقینە بنیاتنراو لەسەر بنەڕەتی ماف و تێگەیشتن لە رۆڵ و ئەرکەکان و راستگۆیی و راستێتی لە ئاڕاستەو رێنماییەکان متمانەیەکی راستەقینەی هاوڕێی رەخنەگر لەناو دەستەی دامەزراوە و خودی دامەزراوەکەدا دروست دەکات، بەجۆرێک هەموو سەرنج و تێبینییەکانی بە متمانە و رەزامەندییەوە وەردەگیرێت و هەموان بەجدی لە پاڵپشتییەکانی هاوڕێی رەخنەگر دەڕوانن، بەڵام بە پێچەوانەوە متمانە لەدەست دەرچێت سەرنجەکانی هاوڕێی رەخنەگر هێزی خۆی لەدەست دەدات.
رەخنەگرێکی پەروەردەیی سەرکەوتوو
ئاشکرایە خاڵی بنەڕەتی بۆ سەرکەوتنی هاوڕێی رەخنەگر لە کارەکانیدا، تێگەیشتنی واقیعیانەیە لە رۆڵی نوێ و ئەدای کارەکانی بەپێی رێبەر و رێنماییە نوێیەکانی سیستمی بونیادنانی تواناکان، ئەرێنی بوون و بابەتی بوون و دوورکەوتنەوە لە دەمارگیری و خۆسەپاندن بێگومان زامنی سەرکەوتنی کارەکانیەتی زانیاری ورد و گەڕانی بەردەوام بۆ شارەزایی و تێگەیشتن لە نوێگەرییەکان، چونکە دونیای هاوچەرخ دونیای زیرەکی و زانست و تەکنەلۆجیایە، ناکرێت لەم پڕۆسەیەدا بێئاگابێت یان نەتوانێت سوود وەربگرێت لە ئامێر و تەکنەلۆجیای نوێ و سەردەمی، چۆن دەتوانێت هاندەری بەکارهێنانی تەکنەلۆجیا بێت لەکاتێکدا خۆی نەتوانێت بەکاریبهێنێت، پەیڕەوکردنی جیاوازی تاکەکەسی نەک جیاکاریی، دیارە جیاوازی تاکەکەسی و تێگەیشتن لە جیاوازییەکان لە رۆڵ و ئەرکەکاندا لەخزمەتی پڕۆسەی پەروەردەدایە، بەڵام بەپێچەوانەوە جیاکاریی لەگەڵ هیچ بنەمایەکی پەروەردەیی و مافی مرۆڤیشدا ناگونجێت، ئەمە راستییەکە پێویستە سەرنج و لێوردبوونەوەی زیاتری لەبارەوە بکرێت تا هاوڕێی رەخنەگر هاوڕێیەکی راستەقینەی رەخنەگر بێت.

 

پۆلێکی قوتابخانە                         

  فۆتۆ: لاڤان رەئوف

وتارەکانی نوسەر