گیانی سەرچڵی و راپەڕین لای گەلی كورد

10:21 - 2023-03-14
گۆران فەتحی
200 خوێندراوەتەوە

راپەڕینی ساڵی 1991ی گەلی كوردستان بەسەر رژێمی بەعسدا، لووتکەی تووڕەیی گەلی كورد بوو، بەرامبەر كۆی ئەو زوڵم و زۆرەی هەم بەعس و هەمیش حكومەتەكانی پێشتری عیراق بەرامبەر بە كوردی باشووری كوردستان كردبوویان، ئەوەبوو، بۆ یەكەمجار لە مێژووی كورددا زۆربەی هەرەزۆری ناوچە كوردستانییەكان لە باشووری كوردستان ئازادكران.
راپەڕین بەسەر بەعسدا دەرەنجامی دەیان و بگرە سەدان ساڵی زوڵم و ستەم بوو، لە نەتەوەیەک كە كۆنترین نەتەوەی ناوچەكەیە، کە لەژێر ستەمی نەتەوە سەردەستەكانەوە بە خراپترین شێوە هەوڵی تواندنەوەی لەسەر زێدی باووباپیرانی دراوە.
ئەگەر گیانی بەرگری و یاخیبوون و ئازایی و نەبەردی و نەتەوەیی لای ئەم میللەتە نەبوایە، ئەوا دەیان و سەدان ساڵی رابردووی ژێردەستیی ئیمپراتۆرییەكان و رژێمەكانی دواتری داگیركەر لە لەناوبردنیدا سەرکەوتوو دەبوون، هەر ئەو گیانی سەرچڵی و یاخیبوونەش لە داگیركەران، دواجار وایكرد دوای دەیان راپەڕینی ئەم میللەتە لەناوچە جیاجیاكانی کوردستاندا وابكات بە رێژەی جیاجیا بگات بەهەندێك لەمافە نەتەوەییەكانی لە باشوور و رۆژاڤای كوردستان، هەرچەندە خەون و ئاواتەكانی ئەم نەتەوەیە زۆر لەوە گەورترە کە ئێستا بەدەستهاتووە و توینێتی نەشكاندووە، سەرەڕای ئەوەش هێشتا مەترسی لەسەر ئەو دەستكەوتە بەدەستهاتوانەش  هەر ماوە نەیارەکانی هێشتا بەشوێن دەرفەتێکەوەن ئەوەش بگێڕنەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم.
سەبارەت بە باشووری كوردستان كە راپەڕین كردی بە ئەمری واقیع لە عیراق و ناوچەكەدا و دوای رووخانی رژێمی بەعسیش بوو بە هەرێمێكی فیدراڵی لە چوارچیوەی دەستوور و قەوارەی دەوڵەتی عیراقدا، بەڵام هێشتا زۆرێك لەهیواكانی گەلی کوردستان بەدی نەهاتوون و زۆرێكیش لە مافە دەستوورییەکانی پڕاکتیزە نەکراون و كاریان پێنەكراوە، ئەوەش بەهۆی مەیلێکی رەگەزپەرستانەی پەنهانی لە هەندێک دامەزراوە و جومگەی دەسەڵاتداری دەوڵەتی عیراق لەلایەک و پەرتەوازەیی  ناوماڵی كورد و ململانێی سیاسییەكان لەلایەکی دیکەوە، كە وایكردووە، نەتوانرێت بەیەك دەنگ بەرگریی لە مافەكان بكرێت لەبەغدا، هەر ئەو ململانێ و ناكۆكییەی لە كوردستان هەبووە بەهۆی قۆرخكردنی دەسەڵات لەلایەن لایەنێکی کوردستانییەوە، رێگربووە لە بەدیهێنانی ئامانجەكانی گەلی كوردستان و نەهاتنەدیی خەونەكان لە دوای راپەڕین.
ئەوەی دەمێنێتەوە بیڵێین، ئەوەیە گیانی  راپەڕین و نەبەردی لای ئەم میللەتە هەردەم ئامادەیە و ئەستەمە بهێڵێت تاسەر ستەمی لێبكرێـت، لەلایەن دوژمنانییەوە، هەروەها ئەستەمیشە بهڵێیت لایەنێکی سیاسی بەتەنیا و نادادپەروەرانە مامەڵە بە چارەنووسییەوە بكات، رێگەش نادات جیاكاریی بكرێت لەنێوان ناوچە و شار و شارۆچكەكاندا وەک ئەوەی ئێستا لەئارادایە.

وتارەکانی نوسەر