وردتر

چین نزیكتر دەبێتەوە!

11:13 - 2023-03-14
لەشکر حەمە ساڵح
225 خوێندراوەتەوە

رێكەوتنی سعودیە و ئێران بۆ دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوانیان، بە چاودێری و سەرپەرشتی چین، پێشهاتێكی نوێیە، هەم لەسەر ئاستی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، هەمیش لەسەر ئاستی جیهان. بەتایبەتی لەو رووەوە كە چین ئیتر نزیكتر بۆتەوە لەم ناوچەیە و دەشێت لەمەودوا لە هەندێك دۆسێدا رۆڵی سەرەكی و یەكلاكەرەوە بگێڕێت.
لە راستیدا ئەو رێكەوتنەی لە نێوان تاران و ریازدا كراوە، راستە هەنگاوێكی گرنگە و بایەخێكی تایبەتی هەیە؛ بەڵام هەنگاوی سەرەتایە بۆ دەستپێكردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان كە لە ساڵی 2016ەوە بە رەسمی پچڕێنراوە، ئەگەرنا ناكۆكی نێوان ئەو دوو وڵاتە زۆر لەوە كۆنتر و قووڵتر و هەمەلایەنەترە.
بێگومان رێكەوتنەكە سەرەتایە بۆ هەندێك مەسەلە و دۆسێی دیكە، كە هەم ئاڵۆزن، هەمیش قورسن و پەیوەندییان بەلایەنی دیكەوە هەیە. بۆ نموونە، دۆسێی ئەتۆمی ئێران، كاریگەریی هەردوو وڵات لەسەر بارودۆخی وڵاتانی وەك یەمەن و لوبنان و تەنانەت عیراقیش. ئەمە جگە لەوەی واشنتۆن غایبێكی كاریگەرە، هەم لە ناوچەكەدا، هەمیش لەو رێكەوتنەی لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا كراوە.
ئەم پێشهاتە دەكرێت لە چەند روویەكەوە خوێندنەوە و لێكدانەوەی بۆ بكرێت. بەڵام دوو لایەنی گرنگی هەیە؛ یەكەم پەیوەستە بەچینەوە وەك چاودێر و سەرپەرشتیاری رێكەوتنەكە؛ مشتومڕ لەبارەی پلان و بەرنامە سیاسی و ستراتیژییەكەی لەسەر هەردوو ئاستی ناوچەیی و جیهانی. دووەمیش پەیوەستە بەخودی رێكەوتنەكە و جەدوا و توانستی جێبەجێكردن و سەركەوتنی، بەتایبەتی لەو كاتەدا كە واشنتۆن رۆڵی سەرەكی لە مەسەلەكەدا نەبووە، بگرە باسی رۆڵی هەر یەك لە عیراق و سوڵتاننشینی عومان دەكرێت لە سەرخستنی گفتوگۆكان و نزیككردنەوەی لایەنەكان.
ئەو رێكەوتنەی كراوە لە نێوان تاران و ریازدا، تەگەرە و گرفتی جۆراوجۆری لە بەردەمدایە، بەشێكی پەیوەستە بە سروشتی پەیوەندی و هەروەها سیاسەت و ستراتیژ و پلانی هەردوولاوە، هەروەك بەشێكیشی پەیوەستە بەو ژینگە سیاسی و ستراتیژییەی لە ناوچەكە و جیهاندا هاتۆتە ئاراوە، بە رەچاوكردنی ئەوەی كە لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدندا، ئیحتیواكردنی چین ئەولەویەتی یەكەمی هەیە، چۆن دەكرێت هەنگاوێكی ستراتیژیی گەورەی لەو جۆرە بنێت و ئەوەندە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست نزیك بێتەوە؟ ئەو ناوچەیەی بە جێگەی نفوزی واشنتۆن دادەنرێت، ئەوەی ئەو ئۆكەی لەسەر نەدات چۆن جێبەجێ دەكرێت؟
لە راستیدا، نابێت پێمان وابێت ئەوەی روویداوە بەبێ ئاگاداری و بەرژەوەندیی ئەمریكا بێت، بەتایبەتی لە كاتێكدا كە زانیاری هەیە ریاز پێشوەخت هەموو وردەكارییەكی رەوانەی ئەمریكا كردووە و دڵنیایی وەرگرتووە كە رێكەوتنەكە و جێبەجێكردنیشی نابێتە مەترسی لەسەر بەرژەوەندی و پلان و ستراتیژی واشنتۆن لە ناوچەكەدا، بەڵام ئەوەی مایەی سەرنجە ئەو نزیكبوونەوە گەورەیەی چینە لە ناوچەكە. 
ئایا مەبەستی ئەمریكا یان دروست تر، رێگەدانی ئەمریكا بە سەركەوتنی ئەو هەوڵەی بەیجینگ چ پەیامێكی لە پشتەوەیە؟ ئایا ئەمە دەرچوونی چین نییە لە قاڵبی مێژوویی خۆی و دوای زاڵبوونی ئابووری و تەكنۆلۆژی، دەستیكردووە بە جێبەجێكردنی پلانەكانی بۆ زاڵبوونی سیاسی و ستراتیژی؟

وتارەکانی نوسەر