گـــــمـــۆ

كۆشكی چانكایە لە چاوەڕوانیی سەرۆكی نوێدا

09:53 - 2023-03-15
فەرید دڵشاد
270 خوێندراوەتەوە

هەڵبژادنە پەرلەمانی و سەرۆكایەتییەكەی ئەمساڵی توركیا، كە بڕیارە 14ی ئایار بەڕێوەبچێت، سەختترین هەڵبژاردن دەبێت بۆ پارتی داد و گەشەپێدن (ئاكەپە) و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، كە دوور نییە لەسەر كورسییەكەی بهێنرێتە خوارەوە، كە ماوەی 20 ساڵە لە دەسەڵاتدایە.
راپرسییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا، هاوپەیمانیی میللەت، كە پێكهاتوون لە ئیی پارتی بە سەرۆكایەتی مەراڵ ئاكشنەر، پارتی سەعادەت بە سەرۆكایەتی تەمەل كاراموڵڵا ئۆغڵو، پارتی پێشكەوتن و دیموكراسی بە سەرۆكایەتی عەلی بابا جان، پارتی ئایندە بە سەرۆكایەتی ئەحمەد داود ئۆغڵو، پارتی دیموكرات بە سەرۆكایەتی گوڵتەیكن ئویساڵ، پارتی گەلی كۆماری جەهەپە بە سەرۆكایەتی كەمال كلیچدار ئۆغڵو، ژمارەی دەنگەكانیان لە پێش هاوپەیمانیی جمهور دەبێت، كە پێكهاتوون لە ئاكەپە و پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی مەهەپە بە سەرۆكایەتی دەوڵەت باخچەلی.
بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی توركیا، كە ئێستا ئەردۆغان و كلیچدار ئۆغڵو ركابەری یەكترن، یەكگرتوویی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لەم هەڵبژاردنەدا مەترسی گەورەی لەسەر پێگەی ئەردۆغان دروستكردووە، كە لە هەڵبژاردنەكانی رابردوودا پەرتەوازەییان دەرفەتی گەورەی بۆ ئەردۆغان رەخساندبوو، تاكو لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە.
ئەوەی لەو نێوەندەدا ماوەتەوە پارتی دیموكراتی گەلان هەدەپەیە لەگەڵ چەند حزبێكی دیكەی كوردی هاوپەیمانی رەنج و ئازادییان پێكهێناوە و دەنگەكانیان بۆ ئەم هەڵبژاردنە سەنگی مەحەكە، ئەگەر هەدەپە كاندیدی نەبێت بۆ سەرۆك كۆمار، ئەوا دەتوانێت وەك سێیەم گەورەترین پارتی سیاسی توركیا دەنگدەرانی ئاڕاستە بكات بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگ بە كلیچدار ئۆغڵو بدەن، بەوەش بوومەلەرزەیەك ئاڕاستەی كۆشكی چانكایا دەكات، كە چەند ساڵێکە دەیەیە ئەردۆغان لەو كۆشكەوە فەرمانڕەوایی توركیا دەكات.
هەدەپە پێشینەیەكی لە راستكردنەوەی باری لاری ئۆپۆزسیۆنی توركیادا هەیە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ساڵی 2019، هەریەك لە ئەكرەم ئیمام ئۆغڵو سەرۆكی شارەوانی ئیستانبوڵ و مەنسوور یاڤاش سەرۆكی شارەوانی ئەنقەرە بە دەنگی هەدەپە سەركەوتن بەسەر كاندیدەكانی ئاكەپە، بۆ ئەمجارەش هەدەپە دەتوانێت كلیچدار ئۆغڵو وەك 13 یەمین سەرۆكی توركیا بخاتە ناو كۆشكی چانكایە، بەوەش گەورەترین گۆڕانكاریی لە مێژووی توركیا دێتە ئاراوە.
ئەوەی بۆتە بابەتی گەرمی میدیاكان ئەوەیە ئایا هەدەپە دەچێتە پاڵ هاوپەیمانیی میللەت، كە لە سۆسیال دیموكراتەكان و ناسیۆنالیستەكان و  عەلمانییەكان و ئیسلامیییەكان پێكهاتوون، یاخود دوور و نزیك لە هاوپەیمانییەكە دەمێنێتەوە؟ پێویستە هەدەپە رەچاوی ئەوە بكات، كە ناسیۆنالیستەكانی ناو هاوپەیمانی میللەت بە تایبەت ئیی پارتی، كە لە مەهەپەی رەگەزپەرست جیابۆتەوە نایانەوێت هەدەپە ببێتە بەشێك لە هاوپەیمانییەكەیان، هەروەك چۆن مەراڵ ئاشكنەر وتی:»هەدەپە ناتوانێ‌ بێتەسەر مێزی گفتوگۆ».
بەم هاوكێشەیە كلیچدار ئۆغڵو دەبێت هاوسەنگییەك دروستبكات، چونكە بە نزیكبوونەوەیان لە هەدەپە رەنگە پشتیوانیی ناسیۆنالیستەكانی ناو هاوپەیمانییەكەیان لەدەست بدات، لەوانەیە ئەو دەنگانەی لە هەدەپەوە بۆی دێن یەكسان بێت بەو دەنگانەی لە ناو پارتە ناسیۆنالسیتەكانەوە لەدەستی دەدات، لەبەرئەوە باشترین رێگە بۆ سەركەوتن بەسەر ئەردۆغاندا ئەوەیە، هەدەپە لە دەرەوەی هاوپەیمانیی میللەت پشتیوانی كلیچدار ئۆغڵو بكات.

وتارەکانی نوسەر