شەن و کەو

بودجەی هەرێم و پێشمەرجی رێکەوتنەکان

10:47 - 2023-03-16
مستەفا محەمەد
390 خوێندراوەتەوە

لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەرۆک وەزیرانی عیراق لەبارەی لێکتێگەیشتن و یەکلاییکردنەوەی بەشە بودجەی  هەرێم، دەرخەری ئەو راستیەن کە لایەنە سیاسییەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهێنەری سەرەکی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتیشن و یەکێتی نیشتمانی کوردستانیش لەو بازنەیە لایەنێکی کارایە، دوای چەندین کۆبوونەوەی چڕوپڕ و وەرگرتنی باری سەرنجی لایەنی کوردیش بەتایبەتی «یەکێتی و پارتی» گەیشتوونەتە رێکەوتنێکی سەرەتایی بۆ دووبارەنەکردنەوەی هەڵەکانی پێشو و بچوککردنەوەی کەلێنەکانی نێوان ناوەند و هەرێم.
هاتنی سودانیش بۆ هەرێم و جەختکردنەوە و پێدانی دڵنیایی بەوەی حکومەتی عیراق لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە یاسایە و ئەو کارنامەیەی دایناوە جددی دەبێت، بۆ چنینەوەی متمانەی لایەنە کوردییە بەشداربووەکانی ناو کابینەکەیەتی تا لە ناو ئەنجومەنی  عیراقدا سەرنجیان ئەرێنی بێت و دەنگ بەو پڕۆژە یاسایە بدەن کە نێردراوەتە ئەنجومەنەکە.
بەخوێندنەوەی بودجەی گشتی عیراق بۆ ساڵی 2023 و ساڵانی دواتریش، کە قەبەترین بودجەیە نێردرابێتە «نوێنەران»، بڕەکەی زیاتر لە 197 ترلیۆن دینارە، لەوەش رێژەی «12.6 ٪»ی بۆ هەرێم تێدا جێگیرکراوە و ساڵانە قابیلی پێداچوونەوەیە بەتایبەتی کە ئەو رێژەیە بە سەرژمێریی گشتی عیراقەوە گرێدراوە.
بێگومان بڕی تەرخانکراوی بودجە بۆ هەرێمی کوردستان و تێپەڕاندنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان کە لە رێکەوتنی نێوان هەردوولادا باسکراوە، بەستراوەتەوە بەکۆمەڵێک بنەمای رێکەوتنەوە کە وەک پێشمەرج پێویستە هەرێم لەبارەی رادەستکردنی داهاتی نەوت و دەروازە سنوورییەکانەوە لەلایەک و رێکخستنەوە و پێدانی ژمارەیەکی راستەقینەی فەرمانبەرانی هەرێم و تەرخانکردنی زۆرینەی بەشە بودجەکەی بۆ مووچەی فەرمانبەران لەلایەکی ترەوە جێبەجێی بکات، ئەمە جگە لە پاکتاوکردنی حساباتی دارایی ساڵانی «2014 تا 2021» کە تائەمڕۆش گرفتی سەرەکی رێکەوتن بووە.
ئێستا کە پڕۆژەکە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقە و دەشێت هەندێک بڕگەی لەلایەن ئەندامان و کوتلەکانەوە هەمواربکرێتەوە، پێویستە نوێنەرانی کورد بە لێکتێگەیشتن و دروستکردنی پاڵپشتی بۆ ئەو رێکەوتنە، جەخت لە جێگیرکردنی پشکی هەرێم بکەنەوە، لانیکەم تا پڕۆسەی سەرژمێریی دەکرێت، لەبەرامبەریشدا نابێت چیتر حکومەتی هەرێم پاساو بداتە دەست حکومەتی ناوەند بۆ نەناردنی بودجە و شایستە داراییەکان، ئەویش بە نەخشەڕێیەکی گشتگیری نیشتمانی دەبێت کە لە ناوخۆی هەرێمەوە بە هاوبەشی سەرجەم لایەنە سیاسییەکان تەبەننی بکرێت.

وتارەکانی نوسەر