یەکبێژ

برینەکانی هەڵەبجە لە بەپارێزگابوونیدا

10:50 - 2023-03-16
هیوا محەمەد
310 خوێندراوەتەوە

لە پەخشانێکدا کە ساڵی 1998 نووسیوومە و تێیدا بە هەڵەبجەییەکان دەڵێم: من دەستم رادەدێرم ئێوە بەسەریدا بڕۆن تا ئەو دڕک و داڵەتان لە بیر بچێتەوە کە لە توولەڕێکاندا، بەدەم هاوار و ناڵەوە دەچوو بە بن پێتاندا.
بەڵێنێکی خەیاڵیشم پێیان دابوو کە شارەکەیان سەرلەنوێ بۆ دروستدەکەمەوە و شوێنەوارەکانی رۆژانی کیمیاباران و کۆڵانەکانی مەرگیان بۆ دەسڕمەوە.
هەڵەبجە کە بووە ناسنامەی ناساندنی نەتەوەیەک بە جیهان، ئێستا لەدوای 35 ساڵ بڕیار لە بوونی بە پارێزگا دەدرێت، دەبوا لەدوای راپەڕینەوە وەک دەستکەوتی راپەڕین و پەرچدانەوەی رژێمی بەعس، هەڵەبجە بکرایە بە سیمبولی ئازادی و لەوێوە دەست بە بنیاتنانی کوردستان بکرایە.
لە مەرگەساتی کیمیابارانەکەدا، لە هەموو گۆشەیەکی ئەم جیهانە وەک کارەسات باس دەکرا، زۆرێک دەیانویست بیکەنە کارتێک و لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان بەکاریبهێنن، سازمانە نێودەوڵەتییەکان لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرد، حزبە کوردستانییەکان کردبوویانە سەردێڕی وتارە سیاسییەکانیان، سەرکردەکان بەڵێنیان لەسەر ناوی هەڵەبجە دەدا بە یەکتر، شەڕ و ناکۆکییەکان لەبەر خاتری هەڵەبجە رادەگیران، کەس پێی وانەبوو کە ئەم ناوە و ئەم شارە لە بیری مرۆڤایەتی بچێتەوە.
پێویستە ئەم کارەساتە بکرێتە وانەی خوێندن، شیکاریی لەسەر بکرێت، هەڵەبجە چ شارێک بوو؟ خەڵکی نوخبەی چۆنی تێدا بوو؟ ناوەندی رۆشنبیری و بیری چەپ و ئازادیخوازیی بوو، بۆچی کرایە ئامانج؟ بۆچی بە چەکی کوشندەی قەدەغەکراوی کیمایی لێیدرا؟
ئەم کارەساتە چی بەدوادا هات و چۆن مامەڵەی لەگەڵدا کرا؟ ئەی ئێستا ئەم شارە لە چ ئاستێکدایە؟
 ئایا وەفای خەڵك و سیاسییەکانی کوردستان چۆن بوون بۆی؟ هەموو ئەمانە دەبێت لە خوێندنگەکاندا بووترێنەوە، چونکە هەڵەبجە خۆی کتێبێک و وانەیەکە مێژوو دروست دەکات، کێ ناوی هێرۆشیمای لە هزردا نییە؟ لە زۆر بواردا لەسەر ئاستی جیهان ئەو ناوە هەیە و لە زانکۆ و پەیمانگەکاندا قسەی لەسەر دەکرێت.
هەڵەبجە بەوە کۆتایی نایەت کە رژێم نەما و سەرانی تاوانکاران لە سێدارەدران، بەڵکو دەبێت بکرێتە کارتی تۆقاندنی ئەوانەی بیر لە رەفتاری نامرۆڤانە دەکەنەوە، بە پێچەوانەشەوە بکرێتە سەرچاوەی بیری ئاشتیخوازیی و وەستانەوە لە دژی جەنگ و ماڵوێرانی.
کارەساتی جەنگ لە زۆر جێگەی جیهان بەردەوامە، رۆژانە هەزاران کەسی بێ تاوان دەبنە قوربانیی ئەو چەکە کاولکارانەیە.
لە دەیان وڵاتەوە هاوکاریی تورکیا و سوریا کرا لە دوای ئەوەی بوومەلەرزە لێیدا، نزیک بە 50 هەزار کەس بوونە قوربانی، بەڵام لە ئۆکرانیا سەدان هەزار بوونەتە سووتەمەنی جەنگی بەرژەوەندیی زلهێزەکان و کەس هەست بە مەترسییەکەی ناکات! ئەمە تێنەگەیشتنە لە کارەساتەکانی رابردوو، بۆیە دووبارە دەبنەوە.
بە پارێزگابوونی هەڵەبجە جگە لەوەی دیارییەک نییە و پڕ بە باڵای ئەو هەموو قوربانییە نییە، بەڵام هەنگاوێکی مێژووییە بۆ پێشخستنی ئەم شارە و دەوروبەری و دەبێت وەک پارێزگا مافەکانی خۆی هەبێت و بکەوێتە سەر هێڵی پێشبڕکێ لەسەر ئاستی هەرێم و عیراق بۆ بەرەوپێشچوون.

وتارەکانی نوسەر