ئامانجی سودانی و خواستی هەرێم

10:50 - 2023-03-16
ئازاد جۆڵا
340 خوێندراوەتەوە

هاتنی سودانی بۆ هەرێم لەگەڵ ئەوەی کە ئاساییە،  بەڵام ناشبێ هەر بە ئاسایی سەیربکرێت،  چونکە هاتنەکەی لەم کاتەدا  کۆمەڵێک هۆکار و ئامانج لەخۆدەگرێت.
دیارە هەموو ئەو بابەتانەی کە بڕیارە لەم سەردانەدا باسیان لێوە بکرێ بۆ هەرێمیش بابەت گەلێکی گرنگن. 
سودانی  لەم سەردانەیدا هەڵوەدای گەیشتن بە چەند ئامانجێکە و هەرێمیش بە ئومێدی گەیشتن بە چەند خواستێکی بەدینەهاتوو  پێشوازی لە سودانی  دەکات.

 

سودانی  لەم سەردانەیدا هەڵوەدای گەیشتن بە چەند ئامانجێکە و هەرێمیش بە ئومێدی گەیشتن بە چەند خواستێکی بەدینەهاتوو  پێشوازی لێدەکات

 

 

ئەوەی لەم سەردانەیدا بەلای سودانییەوە گرنگە و هەوڵی بەدەستهێنانی دەدات:
1- پابەندبوونی هەرێمە بە پڕۆژە یاسای بودجەی عیراق دوای پەسەندکردنی لە ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش لە ئەنجومەنی نوێنەران. 
2- هاوکاربوون و هاتنە پێشەوەی هەرێم لە دەرکردنی یاسای نەوت و غازی عیراق و کۆتاییهێنان بە کێشەکانی ئەم دۆسێیە.
3- ئەو رێکەوتنانەی کە دەکرێ  رەزامەندیی تەواوی لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی لەسەر بێت، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی.
4-دەستپێشخەرییەکەی بۆ نزیکبوونەوەی زیاتری پارتی و یەکێتی و کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی و ئیداری  نێوانیان.
5- کار بۆ ئەوە دەکات نێوانی کابینەکەی لەگەڵ هەرێم باش و سەقامگیر بێ،  ئەمەش بە مەبەستی بەدەسهێنانی پشتیوانی هەرێم لە ئەگەری سەرهەڵدانەوەی ناڕەزاییەکان و هەوڵدان بۆ رووخاندنی کابینەکەی.
6- لە رێگەی هاتنی بۆ هەرێم دەخوازێ بە کورد و لایەنەکانی نێو هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەت بڵێت:  «پابەندم بە رێکەوتن و بەرنامەی کابینەکەم، بۆئەوەی هیچ لایەنێک بیر لە دەرچوونی هاوپەیمانیی پێکهێنانی کابینەکەی نەکاتەوە».
7- هاتنی سودانی پەیامێکە بۆ دڵنیاکردنەوەی وڵاتانی ناوچەکە و هاوپەیمانان، کەوا بەغدا بەرپرسە لە تەواوی خاکی عیراق و سەروەریی وڵاتەکەی.
8- بۆ گەیشتن بە رێکەوتن و کۆتاییهێنان بە هەندێک لە دۆسێ لە مێژینەکانی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدایە،  کە ئەگەری هەیە  سوود لە پەرتەوازەیی سیاسی و ئیداری و دارایی ئێستای هەرێم  وەربگرێت و وەک هەلێک سەیری بکات .
ئومێد و خواستی هەرێمیش بەتایبەتی پارتی  لەم سەردانەی سودانیدا خۆی لە چەند خاڵێک دەبینێتەوە:
1-  ناردنی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە و بە مسۆگەری  بێ راگرتن.
2- نەرمی نواندن لە دەرچوونی یاسای نەوت و غازی عیراق، بەشێوەیەک هەرێم دەسەڵاتی بەسەر نەوتی هەرێم و گرێبەستەکانەوە بمێنێت.
3- ئەو بڕیارانەی دادگای باڵای فیدراڵی کە لە بەرژەوەندیی هەرێم نین،  سودانی  خۆی لە جێبەجێکردنیان بەدوور بگرێت.
4-  لەبابەتی سکاڵاکەی عیراق لەسەر تورکیا لە دادگای نێودەوڵەتی پاریس،  بەغدا بەرژەوەندیی نیشتمانی هەرێم لەبەرچاوبگرێت.
5- رێکەوتنی شنگال جێبەجێبکات و لەم رێگەیەشەوە بەشێک لە دەسەڵاتی هەرێم و پارتی بگەڕێتەوە شارەکە.
6- لە بابەتی پاراستنی سنووری هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ،  بەغدا هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم بکات و رەچاوی دۆخی سیاسی و سەربازیی هەرێم بکات.
7- هاوکاری و پشتیوانیی زیاتری هێزی پێشمەرگە بکات لە رووی تەقەمەنی و مووچە و پێداویستییە سەربازییەکان.
8-  وەک ئیحراجکردن باس لە  هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140 و هەماهەنگی زیاتر لە ناوچە جێ ناکۆکەکان، خاڵێک و داوایەکی دیکەی هەرێم دەبێت .

وتارەکانی نوسەر