نە هەژاندی و نە هیچ!!

10:51 - 2023-03-16
وتار
205 خوێندراوەتەوە


ماگدا گۆبڵیز
بۆچی دەبێت راگەیاندن درۆی گەورە بکات بۆ ئەوەی خەڵک باوەڕی پێ بکات؟ ئاشکرایە چونکە زۆربەی راگەیاندنەکان رزقیان لەسەر درۆیە. ئەگەر درۆ نەکەن کەس باوەڕیان پێ ناکات. ئەمەش رێک قسەکەی گۆبڵیزی وەزیری راگەیاندنی هیتلەرە کە دەیگوت:  درۆ بکە درۆ بکە هەتا باوەڕت پێ دەکەن. یان هەندێ درۆزن دەڵێن هەتا درۆکەت گەورەبێ زیاتر خەڵک باوەڕت پێ دەکەن. ئەمەش لە کاتێکدایە راگەیاندن ئیشی ئەوەیە زانیاری راست و دروست بگوێزێتەوە بۆ خەڵک، نەک بە درۆی شاخدار بیتۆقێنێت. 
بۆ نموونە:
ئەم درۆیەی ئەمشەو زۆربەی کەناڵەکان کردیان. هەموویان نووسیان بوومەلەرزەیەک سلێمانی و هەڵەبجەی هەژاند. درۆ لەمە گەورەتر دەبێت چی بێت؟ ئاخر هەژاند یانی سلێمانی و هەڵەبجەی راوەشاند!! ماڵی درۆتان بەقوڕ گیرێت. هەژاندنی چی؟ ئەگەر یەکێک لە ژوورێک بووبێت و یەکێکی تر لە ژوورێکی تر سەرقاڵی ئیشێک بووبێت، هەستی بە بوومەلەرزەکە نەکردووە!! ئیتر هەژاندنی چی میدیای درۆزن؟ درۆیەکی تریش چەند چرکەیەکی نەبرد خێرا پلەکەشتان دیاریکرد. ئاخر ئێمە لەم هەرێمەدا ئامرازی بوومەلەرزە خوێنەرەوەی وامان هەیە ئان و سات پێمان بڵێت؟ 
ئەگەر واش بێت هەر پێی دەچێت تا دەگاتە سەر شاشە، یان ئەمەش درۆی راگەیاندنە درۆزنەکانە؟ خۆیان دەیبڕن و دەیدروون. ئێستا دەزانین بۆچی خەڵکی باوەڕیان بە راگەیاندن نەماوە. چونکە بوومەرزەکەی ئەمشەو نە هەژاندی نەهیچ. بەڵام هەر مێشە و دەکرێت بە گامێش، ئەمیش بۆ تۆقاندنی خەڵکە داماوەکە کە هەموان خۆیان بەدڵسۆزی دەزانن و فرمێسکی تیمساحی بۆ دەڕێژن!!

وتارەکانی نوسەر