پێویستە منداڵ وەک منداڵ بژی

10:46 - 2023-03-19
سمکۆ چنارەیی
169 خوێندراوەتەوە

سروشتی منداڵ وایە، لەکوێدا هەست بەباشی بکات و ئاسوودە بێت، حەز دەکات سەر بەوشوێنە بێت و خووی ئەو شوێنە دەگرێت، ئەگەر لەلای هاوڕێکانی خوێندنگەی یاخود هاوتەمەنەکانی دراوسێ و گەڕەک ئاسوودە بێت، ئەوا هۆگری ئەوان دەبێت، نەوەک ماڵ و خێزانەکەی بگرە زۆرجار هەست بە بێگانەیی و نامۆییش دەکات لەلای خێزانەکەی، هۆکاری ئەو هەستەش وابەستەبوونیەتی بە هاوتەمەنەکانی خۆیەوە، چونکە لە هەست و زمان و شێوازی هەڵسوکەوتکردنی یەکتری تێدەگەن، هەر لە هەڵبەز و دابەز، تریقەلێدان و زویربوون و ئاشتبوونەوە و چەندین رەفتاری سروشتی منداڵانە.
کەسێتی باش و بەتوانا و تەندروستیش لە ژینگەیەکدا دێتەبوون کە هەستی ئاسوودەیی و ئارامی بەرجەستە ببێت لە ناخیدا، ژینگەیەک منداڵ نەترسێت لەوەی خۆی چۆن دەبێت، هەر لە تەمەنی منداڵیدا بناغەی کەسێتی منداڵ دادەڕێژرێت، لەبەرئەوە ئەرکی دایک و باوکە یەکێک لەو کارامەییە گرنگانەی پێویستە بیزانن و پەیڕەوی بکەن شێوازی  رێکخستنی هەڵسوکەوتە لەگەڵ منداڵەکانیان .
ئەو منداڵانەی لەلایەن باوانیانەوە بەردەوام سەرزەنشت دەکرێن و بە ویست و حەزی بەخێوکار یان هاوڕێ و کەرەستەی یاریی و جلوبەرگ و پێویستییەکانی دیکەیان بۆ دابین دەکرێت لە پاشەڕۆژدا خاوەن کەسێتی لاوازن و کاریگەریی ئەو شێوازی پەروەردەکردنەیان لەسەر دەبێت، بەپێچەوانەی ئەوەش ئەگەر لە دونیای منداڵانەدا ژیابن و تێربووبن لە بەرجەستەکردنی حەز و ویستەکانیان ئەوا لەکاتی گەورەبوونی تەمەنیاندا بەڕوونی بە هەڵسوکەوتیانەوە بەدیدەکرێت و کەسێکی ئاسوودە دەبن لەژیاندا، کەواتە بەختەوەر ئەو مرۆڤەیە لە قۆناغی منداڵیدا وەکو منداڵ ژیاوە.

وتارەکانی نوسەر