کورسیی پێکهاتەکان گرێکوێرەی هەڵبژاردن

10:55 - 2023-03-19
وتار
356 خوێندراوەتەوە

 زانیار ئیبراهیم
کێشەی کەمینەکان پێشینەیەکی دوورودرێژی هەیە، ئەگەرچی کەمینەبوونی گروپێک لە مرۆڤەکان لە جوگرافیا و ژینگەیەکی دیاریکراودا شتێکی ئاساییە، بەڵام کاتێک دەبێتە کێشە، کە زۆرینەی باڵادەست لە سیاسەت و بەڕێوەبردنی وڵاتدا فەرامۆشیان بکات، یان لە بەرژەوەندیی خۆی بەکاریان بهێنێت.
رێکخراوی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوەیەکگرتووەکان، لە راپۆرتێکیدا لە ساڵی 1993دا، دەڵێت: ( کەمینە کۆمەڵە کەسانێکن لە دەوڵەتێکی خاوەن سەروەریدا جێگیرن و کەمتر لە نیوەی دانیشتوانی ئەو دەوڵەتە پێكدەهێنن و لە نەریت و ئایین و زماندا هاوبەشن و بەوەش لە تێکڕای دانیشتوان جیادەکرێنەوە).
لەم رووەوە د.ئیسماعیل بێشکچی نووسەر و پسپۆڕی بواری کۆمەڵناسی پێیوایە، ئەو گەلانەی خاوەن خاکی خۆیانن و سەربەخۆییان بەدەستنەهێناوە  و لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تری خاوەن سەروەریدا دەژین، ئەگەر ژمارەشیان لەو گەلەی تر کە لەگەڵیدا دەژین کەمتر بێت، بە کەمینە دانانرێت، بەپێی پێوەرەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانیش مافی رەوای خۆیانە بە مافی چارەی خۆنووسینی خۆیان بگەن.
لە هەرێمی کوردستان، یاسای ژمارە 5 ی ساڵی 2015 مان هەیە بەناوی یاسای پاراستنی مافی پێكهاتەكان، دانی بە كۆمەڵێك مافدا ناوە بۆیان
 ئەوان بریتین لە دوو پێكهاتەی نەتەوەیی ‌و ئایینی‌، دیارترینیان وەک نەتەوە( کورد، تورکمان، کلدانی و ئاشووری، ئەرمەن)ن، وەک ئایینیش (ئیسلام، مەسیحی، ئێزدی، کاکەیی)ن پێکهاتە نەتەوەییەکان لە پەرلەمانی کوردستان نوێنەریان هەیە، بەڵام ئاینییەکان نیانە و بەدیاریکراویش (ئێزیدی و کاکەیی).
ئێستا باس لە هەڵبژاردن دەکرێت، چەندین کۆبوونەوە لە نێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تر کراوە لە هەندێک خاڵدا گەیشتوونەتە رێکەوتن، بەڵام کورسی پێکهاتەکان ماوە و لایەنەکان دەیانەوێت ئەو پرسە لەگەڵ پێکهاتەکان خۆیان تاوتوێبکەن.
بەپێی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان  ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەموارکراو، پێنج کورسی بۆ کلدان، سریان، ئاشووری، تەرخان دەکرێت و پێنج کورسیش بۆ تورکمان و یەک کورسیش بۆ ئەرمەن دەبێت. 
بۆ چارەسەری کێشەی ئەوان، پێویستە چەند هەنگاوێک بنرێت لەوانە ژمارەی دروستی پێکهاتەکان لە رێی سەرژمێرییەوە، بۆئەوەی لەسەر بنەمای ئەمە ژمارەی کورسییان لە پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکان بۆ دیاریبکرێت، چونکە ئەگەر بەراوردێکی دەنگەکانیان بکەین لە نێوان ‌خولی یەکەمی پەرلەمان و خولی پێنجەم، ژمارەی پێکهاتەکان زۆر زیادیکردووە و نازانرێت ئەم زیادبوونە لەسەر چ بنەمایەکە؟ 
دەنگی بەدەستهاتووی خولی یەکەمی پەرلەمان ساڵی 1992 نزیکەی 12 هەزار دەنگبووە لە خولی پێنجەمدا ژمارەکە زیادیکردووە بۆ سەرووی 23 هەزار، لە کاتێدا بەهۆی هەندێ لەو پشێویانەی روویانداوە لەناوچەکە هەندێ لەو پێکهاتانە ناچاربوون کۆچ بکەن و تۆماری ناوەکانیان لە تۆماری گشتیی دەنگدان جیابکرێتەوە و تەنها پێکهاتەکان خۆیان بتوانن دەنگبدەن. 
کاندیدی پێکهاتەکان پێویستە لەلایەن خۆیانەوە دیاریبکرێن، دوور لە دەستێوەردانی حزبێکی تر و خۆیان تێکەڵ بە ململانێی حزبەکان نەکەن.
هەرچی پارتە دەسەڵاتدارەکانیشە پێویستە دەستوەرنەدەنە کاروباری ئەوان و دروستکردنی حزبی کارتۆنی و ئاڕاستەکراو لەناویاندا.

وتارەکانی نوسەر