گۆڕینی دیموگرافیای عەفرین

11:06 - 2023-03-22
‎‎سۆزان حەمە تاتە
442 خوێندراوەتەوە

ساڵی 2015 دوای هێرشێکی داگیرکەرانە، سوپای تورکیا چووە ناو شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستانەوە، لەو کاتەوە تائێستا خەڵک و خاکەکەی لەژێر ستەمی داگیرکاریدان و گەیشتۆتە لووتکە.
بەپێی لێدوانی ئیبراهیم شێخۆ، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤی عەفرین، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا، عەفرین رووبەڕووی دۆخێکی خراپی گۆڕینی دیمۆگرافی و دەربەدەرکردنی دانیشتوانەکەی بۆتەوە کە زیاتر لە 300 هەزار کەسیان کوردی ئەم شارە بوون و عەرەب و تورک لە جێگەیان نیشتەجێکراون. 
بەپێی زانیارییەکانی پێش داگیرکردنی نزیکەی 95 بۆ 98%ی عەفرین کورد بوون و نزیکەی سەدا 2 بۆ 5 ی دانیشتووانەکەی عەرەب بوون، بەڵام ئێستا رێژەی کورد کەمترە لە 25%.
سەرەتای پڕۆسەی  بە تورککردن بە داگیرکردنی عەفرین و ناوچەکانی دەوروبەری بوو، بەشێوەیەک جگەلە ناو شار و گوندەکانی، دارستانەکان و تەنانەت دار زەیتوونەکانیشی گرتەوە، دەبینرا کە چۆن سەربازە تورکەکان دار زەیتوونەکانی عەفرینیان هەڵدەکێشا و تاڵانیان دەکرد، کە ئەوەش بووە هۆی دروستبوونی کارەساتێکی ژینگەیی لە عەفرین و دەوروبەریدا.
گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچە کوردییەکان و مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد بە گشتی و بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان، ئەوە گۆڕینی وێنە و مێژووی خاکی کوردستانە کە چەندین ساڵە نەتەوەی کورد تێیدا دەژی و داگیردەکرێ، بەڵام خەبات هەر درێژەی هەبووە.
 خاکی کوردستان بەردەوام لەژێر هەڕەشەی تەعریب و تەتریکدا بووە، تەنانەت ناوی کانیاوەکانیشیان گۆڕیوە، شاخ و ژینگە و مرۆڤەکانیش کەوتوونەتە بەر شاڵاوی داگیرکاری، دەرکردنی کورد و کوشتنی تا ئەوەی هیچ ئاسەوارێکی کورد و کوردستانی لە زۆر شوێندا نەهێڵرێت.
کەمبوونەوەی رێژەی کورد لە عەفرین بۆ کەمتر لە 25٪ راستەوخۆ نزیک دەبێتەوە لە کۆتاییهێنان بە شوناسی کوردی ئەو شارە، ئێستا تورک و عەرەب لە عەفرین زۆرینەن و بۆ سبەی و ساڵانی داهاتوو بە زۆرینەی دیموکراسی دەبنە دەمڕاستی شارەکە.
تەتریکی عەفرین سەرەتایە بۆ بیرکردنەوە لە چۆنێتی تەتریک یان تەعریبی سەرجەم ناوچە کوردییەکان، ئەوە مەترسییەکی گەورەیە و نابێت فەرامۆش بکرێت، دەنا زۆرینەی خاکی کوردستان وردە وردە لەدەستدەدەین.

وتارەکانی نوسەر