سلێمانی سەلماندی پایتەختی رۆشنبیرییە

11:10 - 2023-03-22
عەتا تەها
496 خوێندراوەتەوە

وەک دەزانین15 و 16 ی ئەم مانگە، دیداری سلێمانی بەڕێوەچوو کە لەسەر ئاستی عیراق و ناوچەکە لە ریزبەندی گەورەترین دیداردا هەژمارکرا.
هەموو ناوچەکانی کوردستان بۆ من هیچ جیاوازییەکی نییە، بەڵکو لە روانگەی ئەوەی کە هەر ناوچەیەک و شارێک تایبەتمەندییەکانی لە یەکتر جیاوازە، ئەمە ئێستا بێت یاخود رابردوو، لەسەر ئەو بنەمایە نازناوی هەندێک لە شارەکانی تر باس دەکەین، هەروەک چۆن هەڵەبجە بە پایتەختی ئاشتی و گەرمیان بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و هەولێر بە پایتەختی هەرێم و هەر ناوچەیەکی تر بە نازناوی خۆی ناسراوە، بەهەمان شێوە سلێمانی بە مەڵبەند و پایتەختی رۆشنبیریی ناسراو، خۆ لە راستیدا ئەو نازناوە کورد وتەنی پڕبەپێستی خۆیەتی. 
دیداری سلێمانی لە لایەن پەیمانگای لێکۆڵینەوەی هەرێمی و نێودەوڵەتی (پریس) لە زانکۆی ئەمریکی بەڕێوەچوو. 
ئایا رەسەناییەتی و کەسایەتییە نوخبەکان و ئاستی رۆشنبیریی و  ژینگەیی و کەش و هەوا سیاسییەکە وایکردبوو ئەو دیدارە لە سلێمانی بەڕێوەببرێت؟ 
بێگومان ئەگەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، ئەوا ئەو راستییەمان دەست دەکەوێت کە لە سەرەتای دروستبوون و بونیاتنانی سلێمانیەوە تا دەگاتە ئەمڕۆ ئەوا ئاشنا دەبین بەوەی کە هەر لە سەرەتاوە مەڵبەندی رۆشنبیری و گەشەکردنی مرۆڤایەتی بووە. 
لەچارەکی یەکەمی سەدەی بیستەمی رابردوودا، لەبەردەرکی سەرا کۆمەڵێک هونەرمەند و شاعیر و رۆشنبیری دیکە و نوخبە سەرپەرشتی خۆپیشاندانێکی گەورەیان کرد و لە دژی زۆڵم و ستەم و چەوساندنەوە، ئەمەش لە لووتکەی رۆشنبیریی و تێڕوانین بۆ ژیان سەرچاوە دەگرێت. چەندین کەسایەتی شاعیری دیاری وەک بێکەسی کوڕ و بێکەسی باوک و سەدانی تر پەروەردەی  سلێمانی و سنووری ئەو ناوچەیەن، هەرئەمەش هۆکاری رۆشنبیریی و گەشەی هزر و بەرەوپێشچوونی شارستانییە. 
ئەوەی گرنگ بوو دیدارەکە توانی بەشێکی زۆر لە سەرکردەی حزبی و حکومی و سیاسی و باڵاکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند لە چوارچێوەی چەندین پانێڵ و مێزگرد لەسەر مێزی گفتوگۆ  کۆبکاتەوە، تا بەشێوەیەکی دیپلۆماسی و زمانی گفتوگۆ کێشە و ناکۆکییەکان بخەنە بەر باس و لێکتەگەیشتنێک لە نێوانیاندا هەبێت. لێرەدا نابێت رۆڵی یەکێتی و سەرۆک بافڵ نادیدە بیگرێت لە دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و گونجاو و زەمینە رەخساندن و پشتیوانیکردن لە سازدانی دیداری سلێمانی و دابینکردنی ئاسایش و پاراستنی گیانی هەموولایەک.

وتارەکانی نوسەر