فـەزای میـدیـا لە هەرێم

12:19 - 2023-03-23
دانـا لوقـمان بـۆتـانی
441 خوێندراوەتەوە

میدیا مێژوویەکی کـۆنی هەیە و لەم چەند دەیەی دواییدا  بە شێواز و فۆرمی جیاواز گەشەی کرد، راگەیاندن بە هەموو شێوەکانییەوە (بینراو، نووسراو، بیستراو) هەمیشە هاوشانی پێشکەوتنەکانی مرۆڤایەتی بووە بەپێی پێویستیی قۆناغەکانی رابردوو، لەم رێگەیەوە سەکۆیەک بووە بۆ گەیاندنی داواکاری و بۆچوونەکانی هاووڵاتییان، لە ئازادی رادەڕبرین، مافی دەنگدان، یەکسانی نێوان تاکەکان هتد..، لەسەر ئاستی جیهان بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ میدیادا کراوە، وەکو شێوازێکی نوێ بۆ گەیاندنی داواکاری و بابەتەکـان.
لە کوردستان، میدیا لە رابردوودا رۆڵێکی گرنگی هەبووە، بەتایبەتی لە سەردەمی شـاخدا، هەمیشە هاوکار بووە بۆ ئاگادارکردنەوە و گەیاندنی پەیام لە نێوان تێکۆشەران و پێشمەرگەکانی شاخ، هەندێ جاریش بڵندگۆ و ئامێرەکانی راگەیاندن کراون بە رەمز بۆ ئاشکراکردنی سەرکەوتن بەسەر دوژمناندا، یاخود ئاگادارکردنەوەی هەڤاڵانیان لە هێرشەکان بە چەمکی جۆراوجۆر. 
وەک ئاشکرایە میدیا فۆرمێکی تازەیە بۆ ناساندنی گشت بابەتەکان و بڵاوکردنەوەیان لە جیهاندا، دوای بڕینی چەندین قۆناغی ناخۆش ئاوارەیی و ماڵوێرانی، گەیشتن بە کیانێکی تازە و قبووڵکراو و هەرێمێکی سـەربەخۆ.
ئێستا بەهۆی پێشکەوتنەکانی تەکنەلۆژیا و سەردەمی بە جیهانیبوونەوە، سۆشیال میدیا ئـەکتەرێکی سـەرەکییە، لەگەڵ دەرکەوتن و فروانبوونی کۆمەڵگە دەرهاویشتەی نوێشی لەگەڵ خۆیدا هێنـا، بە لایەنە ئەرێنی و نەرێنییەکانەوە، ئەمەش پێویستییەکی کۆمەڵگەیە هاوشانی فراوانبوون و گەشەسەندن.
سۆشیال میدیا، خـەریکە شوناسێکی نوێ دروستدەکات، راستی و رەوتی رووداوەکان دەشێوێنێت، ئەمەش جیاوازە لە داواکاری تاکەکانی کۆمەڵگە، چونکە ئیرادەی تاکی کۆمەڵگە لەوە گەورەترە ببێتە قوربانی شوناسێک کە سەرچاوەکەی نەزانرێ.
ئەمڕۆ لەهەموو کاتێک زیاتر پێوێستیمان بە رێکخستنەوەی میدیا و سۆشیال میدیا هەیە، دەبێت بیگەڕێنینەوە ئەوکاتەی کە تاکەکانی کۆمەڵگە بەچاوی زانیاری و پەیامی نوێوە چاوەڕێیان دەکرد، بۆ ئەوەی هەموومان خوێندەوە و راسپاردەی چارەسەرییانە بخەینەڕوو، وەکو تاکێکی بەرپرسیار لە گشت رووداوەکان و بوارەکانی ژیان، نەوەک وەک ئێستا هەندێ جار هێندە شێواندن بڵاودەکرێتەوە نازانرێ رەوتی رووداوەکان چییان بەسەردێت و ئاراستەکان بەرەو کوێوە دەچن.
سیاسەتمەداران و حکومەت، پێویستە لەم قۆناغەدا بە دیدێکی نوێ ئاڕاستەی میدیا و سۆشیال میدیا دیاریبکەن، ئەویش بۆ سنووردارکردنی ئازادییەکان نا، بەڵکو لەپێناوی مانەوەی کەلتوری کوردی و بڵاوکردنەوەی داب و نەریتی کۆمەڵگەدا، تاوەکو ئەم جۆرە بڵاوکراوە و بەکارهێنانانە هەڕەمەکییانە نەبێتە هۆکاری دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ئاسایشی کۆمەڵگە و رەوتی رووداوەکان ئاڕاستەی چارەسەر وەربگرێت و بۆ ئەوەی میدیا و پێشکەوتنەکانی رۆژ هاوشان بێت لەگەڵ ویست و داواکارییەکانی کۆمەڵگەدا.

وتارەکانی نوسەر