هەرێم و بڕیارەکەی پاریس

09:39 - 2023-03-28
ئازاد جۆڵا
331 خوێندراوەتەوە

 وەک زۆرێک لە شڕۆڤەکاران پێشتر ئاماژەیان بۆ دەکرد، عیراق براوە بوو لەمو سکاڵایەی کە لە 2014 وە لە سەر تورکیا تۆماری کردبوو سەبارەت بە مامەڵەکردنی تورکیا لەگەڵ دۆسێی نەوتی هەرێمی کوردستان بە هەناردەکردن و گواستنەوە و کڕین و فرۆشتنی لە دەرەوەی رەزامەندیی بەغدا و دەستووری هەمیشەیی عیراق. 

ئەم بابەتە کۆمەڵێک رەهەندی جیاواز و گرنگ و کاریگەر بەدوای خۆیدا دەهێنێ سەبارەت بە هەریەک لە عیراق و تورکیا و هەرێمی کوردستانیش وەک رەهەندی سیاسی، ئابووری، یاسایی، دیپلۆماسی. 

هەرێم بە پێی دەستوور هەنگاوی نا؟

ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ سەرەتای دروستبوونی گرفتەکە، لەوکاتەوە دەستیپێکرد کە سەرکردایەتی سیاسی کورد بە پشتبەستن بە دەستووری هەمیشەیی عیراق و دانی هەندێک ماف بە هەرێم بۆ گەڕان و دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت، بەڵام(بەئاگاداری و سەرپەرشتی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی نیشتمانیی عیراق-سۆمۆ) ئەوە وایکرد سەرکردایەتی سیاسی کورد لە ساڵی 2009 بیر لە دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بکەنەوە و بڕیاری وەبەرهێنان و هەناردەیاندا، دیارە ئەم بڕیارەش هەر لەخۆوە نەبوو، بێگومان چەند هاندەر و ویستی هەنووکەیی ستراتیژی لەپشتەوە بوو. 
یەکەم:- ویست و خەونی لە مێژینەی کورد لە رووی سیاسی و خاوەنداریکردن لە خاک و بەرووبوومە ئابوورییەکەی بە سەرخان و ژێرخانەکەیەوە، بۆ ئەمەش کورد هەوڵی بەکارهێنانی نەوتیدا وەک سەرچاوەیەکی بەهێزی ئابووری بۆ خزمەتی دۆزە رەواکەی و راکێشانی سەرنجی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان و پاراستنی بەرژەوەندییان و بەرگریکردن لە دۆزە سیاسییەکەی کورد و کرانەوەی هەرێم بە رووی جیهان و پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی بەهێز لەگەڵ کۆمەڵی نێودەوڵەتی لە رێگەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت و گرێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەوان بە هەرێمەوە. 
دووەم:- تورکیا رۆڵی گەورەی بینی لە هاندانی سەرکردایەتی سیاسی کورد بۆ بڕیاری هەناردەکردنی سەربەخۆی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بێگومان ئەوەش لەپێناوی بەرژەوەندیی خۆی و پێویستیی زۆری تورکیا بە وزە و ناردنی کۆمپانیاکانی خۆی و دۆزێنەوەی بازاڕ و کۆنترۆڵکردنی کەرتی ئابووری هەرێم و سەپاندنی دەسەڵات و هەژموونی زیاتری خۆی بەسەر هەرێمدا لە رووی سەربازی و ئەمنی و هەواڵگری و هاتنە ناوەوەی خاکی هەرێم و کۆنتڕۆڵکردنی سەرچاوەی داهات و ملکەچکردنی هەرێم بە بەرنامە و پیلان و ئەجێندای خۆی بەسەر هەرێمدا. 
سێیەم:- هاندەرێکی تریش هەندێک لە کۆمپانیا زەبەلاحەکانی جیهان بوون وەک ئیکسۆن مۆبیل و رووس نەوت و شیڤرۆن و هالیبێرتۆن و شلومبێرگەر و بیکەرهیوس، هتد.. بێگومان هەموو ئەم کۆمپانیا نەوتییانە باش دەیانزانی ئەم کار و گرێبەستەی ئەوان لەگەڵ هەرێم دەیکەن ریسکێکی حەقیقییە و لە دەرەوەی دەستووری عیراق و رەزامەندی حکومەتی ناوەندی بەغدایە، بەڵام قازانجی زۆر و جۆری گرێبەستەکان و لاوازیی ئەوکاتی حکومەتی ناوەندی و بێدەنگی کۆمەڵی نێودەوڵەتی وایکرد کۆمپانیاکان پێشبڕکێ بکەن لەسەر هاتنیان بۆ هەرێم و رێکەوتن و گرێبەستی نەوتی بکەن. 

کۆمپانیا و گرێبەستەکان بەرەو کوێ؟
ئێستا دوای بڕیاری دادگای نێوبژیوانیی پاریس و بردنەوەی عیراق و پابەندبوونی تورکیا بەم بڕیارە، کۆمەڵێک گۆڕانکاری ریشەیی لەگەڵ خۆی دێنێتە ئاراوە لەوانە: 
یەکەم:- بەغدا و ئەنقەرە بەر لەوەی بڕیارەکە رابگەیەندرێ، ئەوان جۆرێک لە رێکەوتنیان کردووە و لە داهاتوودا جێبەجێیدەکەن، رێکەوتنەکان چەند مەلەفێک لەخۆ دەگرێ، وەک کردنەوە و دروستکردنی دەروازەی زیاتری ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بابەتی ئاو و بابەتی ئەمنی و سەروەریی خاک و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی و پرسی کورد و رێکەوتن لەسەر ئەم بڕە پارە قەرەبووەی کە لە بڕیارەکەدا هاتووە و تورکیا ناچار دەکات بیدات بە عیراق و پاراستنی بەرژەوەندی هەردوو وڵات.
 دووەم:- دۆزینەوەی رێکارێکی یاسایی بۆ هەڵوەشانەوە و کۆتاییهاتنی گرێبەستەکانی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان لەلایەن تورکیا و عیراق و هەرێم، بەجۆرێک کۆمپانیاکان سەلامەت بۆی دەربچن و رووبەڕووی زیانی زۆر و بابەتی یاسایی نەبنەوە و پارێزراو بن، تەنانەت هەوڵی ئەوە بدرێ دوای رێکخستنەوەی رێکەوتن و گرێبەستەکان بەشێوەی رەسمی و یاسایی بە رەزامەندی بەغدا، بەردەوام بن لەکارکردن. 
سێیەم:- کۆتایی هاتن بە کێشەی هەناردە و فرۆشتنی نەوتی هەرێم لە پشتەوەی عیراق و بە یاساییبوونی مەلەفی نەوتی هەرێم لە رێگەی دەرچوونی یاسای نەوت و غازی عیراق. 
چوارەم:- رێکەوتن و دۆزینەوەی رێکارێکی یاسایی بە پەلە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن بەغداوە لە چوارچێوەی بودجەی 2023 تا ئەوکاتەی ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێم دەستپێدەکاتەوە بە رەزامەندی بەغدا، چونکە هەرێم هیچ داهاتێکی تری ئەوتۆی نابێت بۆ مووچە و پڕۆژەکان، ئەگەر نەوت هەناردە نەکات و لە بەغداشەوە تەمویل نەکرێ.
پێنجەم:- بێگومان هەناردەی نەوتی هەرێم بەزووترین کات دەستپێدەکاتەوە، بەڵام لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنە پێشوەختەیە دەبێت کە لەسەر پڕۆژەی یاسای نەوت و غاز دەکرێت و دواتریش لە پەرلەمان دەنگی لەسەر دەدرێ و دەبێت بە یاسا، بەمەش عیراق بۆ یەکەم جار دەبێتە خاوەنی یاسای نەوت و غاز لەدوای رووخانی رژێمی بەعسەوە، ئەرک و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمیش لەم یاسایە دیاریدەکرێت و جێگیر دەبێت، بەمەش گرفتی ئەم مەلەفە لەمێژینەش کۆتاییدێت.

ئەوەی گرنگە هەرێم هەنگاوی بۆ بنێ

ئەوەی زۆر گرنگە و پێویستە، هەرێمی کوردستان پەلەی لێبکات و بیکات چەند هەنگاوێکە:
- کاراکردنەوە و بەهێز بوونەوە و رێکخستنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی لەبەرچاوگرتنی سەرنج و نیگەرانییەکانی تیمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حکومەت و گەڕانەوەیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران.
- ناردنی وەفدێکی گشتگیری حکومی و ئەکادیمی لە نەوت و غاز و ئابووری و یاسایی و دەستووری بۆ بەغدا بۆ گفتوگۆکردن لەسەر یاسای نەوت و غاز، بەشێوەیەک مافە دەستوورییەکانی هەرێم جێگیر بکرێ و پارێزراو بێت.
- پابەند بوونی هەرێم بەتەواوی بڕگە و مادەکانی یاسای بودجەی 2023 ی عیراق، ئەمەش لەپێناوی مسۆگەربوونی شایسته داراییەکانی هەرێم بەتایبەتی دوای کۆتایی هاتنی فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە.
- کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی سیاسی نێوان لایەنەکانی هەرێم و رێکخستنەوەی نێو ماڵی هەرێم و کاراکردنەوەی دامەزراوەکان و کارکردن بۆ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان 
- دڵنیاییدان بە هاوپەیمانان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتوەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی لە پاراستنی زیاتری مافەکانی مرۆڤ و فراوانبوونی ئازادی رادەربڕین و پابەندبوونی زیاتر بە بنەما دیموکراسییەکانەوە. 

چەندین کۆمپانیای بیانی گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم هەیە

وتارەکانی نوسەر