99
سه‌عاتێك دوای بانگی عه‌سر، یه‌كسه‌ر ته‌كسییه‌ك ده‌گریت. به‌رله‌وه‌ی سه‌ركه‌ویت پارچه كاغه‌زێك ده‌ده‌یته ده‌ست كابرای شۆفێر كه ناونیشانه‌كه‌ی له‌سه‌ر نووسراوه، پاره‌كه‌ی به زیاده‌وه ده‌ده‌یتێ و ده‌چیته دواوه، بۆ ئه‌وه‌ی پرسیارە قۆڕه‌كانی خه‌یاڵه خۆشه‌كانت شلوێ نه‌كات. روخسارت وه‌كو گوڵ ده‌گه‌شێته‌وه و ناوه ناوه بزه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته سه‌رلێوه‌كانت. ده‌ته‌وێت ئه‌مجاره شێوازه‌كه‌ی بگۆڕێت و زیاتر چێژ وه‌ربگرێت. ئه‌و ئێوارانه‌ی ده‌چیت بۆ ژوان، ژنه‌كه وه‌ها نازت ده‌كێشێت، وه‌ها به دڵی تۆ هه‌ڵسوكه‌ت ده‌كات، نه‌ك هه‌ر ماندوێتی ئه‌و رۆژه‌ت له‌بیرده‌باته‌وه، وه‌ك لیمۆیه‌ك كه بیگوشیت، ته‌ڕاییشت لێده‌بڕێت. ئیتر له جیاتی ئه‌وه‌ی بیرله‌وه بكه‌یته‌وه ته‌واوی ئه‌و رۆژه بۆ سواڵ كۆڵانەکانی شارت به‌پێ كۆتاوه، شه‌و له‌تاو ئازاری پێت خه‌و نه‌چێته چاوت، وه‌كو گرته‌ی سینه‌ما سات به ساتی چالاكییه‌كه له مێشكی خۆتدا لێده‌ده‌یته‌وه، هه‌تا چه‌ند رۆژێك به‌و خه‌یاڵاته مه‌ست و حه‌یران ده‌بیت.
ده‌گه‌یته به‌ر ده‌رگای شوقه‌كه، به گرێی په‌نجه‌ت به شێوازه تایبه‌ته‌كه‌ی خۆت لێی ده‌ده‌یت. ده‌موده‌ست ده‌یكاته‌وه، بۆنه خۆشه‌كه‌ی ئه‌سپی ئاره‌زووت ده‌خاته سه‌ر پاشوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی جه‌رده دانیشتبێت، له هه‌موو لایه‌كه‌وه ده‌رگاكه قفڵ ده‌كات. به‌ره‌و ژووری سیسه‌مه‌كه ده‌ستت ده‌گرێت. وه‌ها سه‌راپای جه‌ستەت ده‌هێنێته جۆش و خرۆش، خه‌ریكه جه‌ڵته لێت ده‌دات و له حه‌وت ساڵان راست ده‌بیته‌وه، دوای نیو سه‌عات له كاتێكدا ئه‌و هه‌ر له هه‌واو هه‌وه‌سی خۆیدایه تۆ وه‌كو كڵپه‌ی ئاگر داده‌مركێیته‌وه، وه‌كو ماری سڕ له‌سه‌ر سیسه‌مه‌كه درێژ ده‌بیت.
كه‌مێكی تر له‌سه‌ر قه‌نه‌فه قاچ ده‌یخه‌یته سه‌ر قاچ و دیشله‌مه ده‌خۆیته‌وه، روخسارت زیاتر ده‌گه‌شێته‌وه، زیاتر مه‌ست ده‌بیت و وه‌كو ده‌ریایه‌كی ئارام ده‌شنێیته‌وه. شیعری وه‌ها ناسك به‌سه‌ر نیانی و شۆخی ئه‌ودا هه‌ڵده‌ده‌یت به خه‌یاڵی هیچ شاعیرێكدا نایه‌ت. رێك ئه‌و ئاوازه‌یه كه ئه‌و حه‌زی لێده‌كات و گه‌ز گه‌ز باڵای پێده‌كات. چونكه له‌ناو ئه‌و هه‌موو پیاوه بێوه‌فایه‌ی دێنه لای و جاری دووه‌م هه‌رگیز سه‌ر به ماڵیدا ناكه‌نه‌وه، تاكه پیاویت هه‌موو حه‌فته‌یه‌ك دێیت و ئاوا به قسه خۆشه‌كانت خه‌نی ده‌كه‌یت. به‌رله‌وه‌ی هه‌ڵسیت ده‌ست ده‌كه‌یت به‌گیرفانی شه‌رواڵه‌كه‌تدا، ماوه‌ی دوو رۆژ هه‌رچی په‌یدا ده‌كه‌یت، به‌خڕی ده‌یكه‌یته چنگییه‌وه. به‌شی دوو ژه‌م خواردنت ده‌داته‌وه، باقی ده‌كاته ناو یه‌خه‌ی مه‌كسییه‌كه‌یه‌وه. ده‌ست ده‌ده‌یته گۆچانه‌كه‌ت و ده‌ته‌وێت بڕۆیت.
-په‌له‌مه‌كه نه‌ڕه شێره‌كه‌م با ئه‌و كوڕه‌ی دراوسێمانت بۆ بانگ بكه‌م، هه‌تا لای ته‌كسییه‌كان ده‌ستت بگرێت.
-ئه‌ها، ئه‌و ژنه‌ی دراوسێشتان به ده‌نگیدا جوان و ناسكه.
-جارێكی‌تر ئه‌و قسه‌یه بكه‌یت، لێت زویر ده‌بم، من هی تۆم و تۆش ته‌نیا هی خۆمی.
-ببووره گیانی گیان، گاڵته ده‌كه‌م.