دیسانەوە کەرکوک دەکرێتە ئامانج

11:50 - 2023-03-29
د.شیلان فەتحی
341 خوێندراوەتەوە

لە عیراق و هەرێمی کوردستانیش، سەرەڕای ناکۆکی و ململانێکان لە گۆڕەپانی سیاسی هەر یەکێکیان و بەریەک کەوتنەکانی نێوانیان، بەتەواوەتی کەرکوک لە دۆخێکی تایبەتدایە و شایان بەوەیە سەرکردایەتی سیاسی کورد و دەسەڵاتی حکومڕانیی کوردی لەهەر جووڵە و قۆناغێکدا بە هەڵوەستە لەسەرکردنەوە ئۆکەی بدا و هەنگاو بنێت.
لە درێژەی دوایین دژایەتی کردنەکانی کەرکوک و کەرکوکییە رەسەنەکاندا، بەهۆی پێشخستنی بەرژەوەندیی حزبی و دژایەتیکردنی شارەکە، بەهۆی نەبوونی پێگەی جەماوەرییەوە، بە دیاریکراوی لەدوای ریفراندۆمەوە تا ئەمڕۆ، لە کەرکوک و کەرکوکییەکان کەوتنە کەمین و لێدانییەوە، نەهێڵدرا پارێزگارێکی کورد بکەوێتە سەرکار.
لەدوا کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا بۆ پەسەندکردنی‌ یاسای‌ هەڵبژاردنی‌ ئەنجومەنی‌ پارێزگاکان، زەقترین پێشێلکارییەکانی دەستوور و جێکردنەوەی ویستە شۆڤینیەکان دژ بە پێکهاتە جیاوازە رەسەنەکانی کەرکوک بەدیدەکرێت.
هەربۆیە ئەرکی هێزە کوردییە نیشتمانییەکانە، لەسەرووی هەموانەوە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە رێی دەسەڵات و پەیوەندیی حزبی و دەسەڵاتی سەرۆک کۆمارەوە، بکەوێتەخۆ بۆ چارەسەری بە پەلە و تەگبیری بەجێ، ئەرکی پێکهاتە رەسەنەکانی کەرکوکیشە بەیەکەوە یەکدەنگ و یەک ئامانج لە رێی هەڵمەت و چالاکی مەدەنی و دەربڕینی ناڕەزایی، ببنە کۆسپێکی گەورە لەبەردەم بڕگەی تازەی دوژمنکارانەی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
ئەو هێزە کوردییەی بەردەوام ئاو لە ئاشی دوژمن دەکات، لەگەڵ دوژمنەکە، هەر خۆیان دەزانن چ مەرام و دەستکەوتێکیان لەم گەمە یاساییەدا هەیە و دژ بە پێکەوەژیان و کوردستانی بوونی کەرکوکن. 
هەر بۆیە هێندەی مەترسییەکان، ئەرکی هەموانە ببنە داکۆکیکاری کەرکوک، دواجار لە نێوان ویستی حزبی و ویستی نەتەوەیی و پێکەوەژیاندا، ئەرکە و پێویستە پێکهاتەکانی کەرکوک هاوکار و پشتیوانی ئاڕاستە و باوەڕی پێکەوەژیان بن.

وتارەکانی نوسەر