یادکردنەوەی یەکێتی، وەک پڕۆژەیەکی نیشتمانی

09:44 - 2023-06-01
د.شیلان فەتحی
235 خوێندراوەتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پڕۆژەیەکی کوردستانییە و تەواوکەری چەمکی نیشتمانیی عیراقە، هەروەک نوێنەرایەتیی وتارێکی زیندوو دەکات بۆ پشتیوانیکردنی ئەزموونی دیموکراسی لە عیراق و ناوچەکەدا.
دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە دەستپێشخەریی سەرۆک مام جەلال  لە ساڵی 1975دا لەگەڵ ژمارەیەک لە تێکۆشەرانی کورد کە خەمی خەباتی سیاسیی کوردستانییان لەگەڵ خەمی نیشتمانیی عیراق تێکەڵ کردبوو، بەو پێیەی ئەو بژاردەیە بژاردەیەکی ستراتیژییە بۆ باشترین شێوازی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوەیی کورد بە مەبەستی پتەوترکردنی بژاردەی دیموکراسی و نیشتمانی فراوان، کە لە لایەک دابڕاندنی نەتەوەیی تێپەڕێنێت و  لەلایەکی دیکەشەوە لەناو چارەسەرە نیشتمانییەکاندا ئاوێتەی بکات وەک پێشینەی پڕۆژە عیراقییەکە.
گەشەپێدانی ئەدەبیاتی فیکری
پێش قۆناغی دامەزراندنی یەکێتی، لە چەند قۆناغێکی دیکەدا خەبات هەبووە لە بواری گەشەپێدانێکی کارای ئەدەبیاتی سیاسی و فیکری وەک هەوڵێک بۆ هێنانەدی هاوسەنگییەک لە نێوان خواستە نەتەوەییەکانی کوردستان و شەئنی عیراق بەشێوەیەکی گشتی و نێوان ناوەڕۆکە دیموکراتییەکان و خواستە کۆمەڵایەتییەکان بەو پێیەی کوردەواری و کۆمەڵگەی عیراق فرە چین و توێژی کۆمەڵایەتین، هەروەک هێنانەدیی هاوسەنگی لە نێوان شۆڕشی بەرگریی چەکداری و پێداویستیی گەشەپێدانی پیادەکردنی دیموکراسی لەسەر ئاستی هەموو نیشتمان، بەبێ ئەوەی ئەمە بەو مانایە بێت کە زیادەڕۆیی لە بژاردەی بزووتنەوەی چەکداریدا بکرێت، یاخود نەرمیی لە بەرامبەر بەگژاچوونەوەی دیکتاتۆریی رژێمی بەعسدا بنوێنرێت کە هەموو هەوڵ و توانایەکی بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی سیاسی و ئاشتیانە لەناوبرد و هەموو ئەو مەکۆ و سەنتەرانەی کاری سیاسیی کۆنترۆڵ کرد کە ئەگەری هەبوو لێیەوە کار بە ئاراستەی خەباتی ئاشتییانە و مەدەنییانە بکرێت.
ئەزموونی یەکێتی ئەوە رووندەکاتەوە کە شۆڕش و خەباتی هەمەلایەن، کایە و مەودای بەشداریی میللی فراوان دەکات و بژاردە جۆربەجۆرەکان ئەکتیڤ دەکات لەبەردەم هێزە سیاسییەکان و توێژە کۆمەڵایەتییەکاندا.
خەباتی کوردستانی و عیراقییانە

بەم هۆیەشەوە یەکێتی سەرەڕای ئاڕاستە و بیرکردنەوە کوردستانییەکەی، بۆتە باخچەی پشتەوەی خەباتی نیشتمانیی عیراقیش، جا چ لە رێگەی ناوچە ئازادکراوەکانی سەردەمی شۆڕشەوە بووبێت، یاخود لەرێگەی مەودای هاوپەیمانییە نیشتمانییە عیراقییەکەی بووبێت لەگەڵ هێزە جیاجیاکانی عیراق بە جیاوازیی ئاڕاستەی سیاسییانەوە کە هەموان لەسەر ئەرکێک کۆک بوون، ئەویش رووخاندنی رژێمی دیکتاتۆریی بەعس  بوو وەک ئامانجێکی رەوا کە هەموان جەختیان لەسەر دەکردەوە، دوور لە هەڵوەستەکردن لەسەر ناکۆکییە بێ کۆتاکانی دیکە.
  لە پێناوی ئەوەی کە پێشتر ئاماژەمان پێدا، بۆ هەریەک لەو هۆکارانە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لەسەر شێوازی بەرەیەکی نیشتمانی و مایەی هیوای خەڵکی کوردستان و عیراق پێکهێنرا لە پێناوی بنیاتنانی سیستمی بەها و چەمکەکان و سەرەتایەک بۆ بنیاتنانی هێزێکی سیاسی کە چاوەڕێی روبەڕوبوونەوەی لێبکرێت و هیوای سەرکەوتنی سیاسی و پێشمەرگەیی لە یەک کاتدا بۆ بخوازرێت.
بڕوای یەکێتیی بە کاری پێکەوەیی

یەکێتی بە پشتبەستن بە رێبازی سەرۆک مام جەلال تەلارێکی پتەوی لە هاوپەیمانیی نیشتمانی بنیاتنا لەگەڵ زۆربەی هێزە کوردستانی و عیراقییەکاندا و دواتریش تەلارێکی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بنیاتنا. 
لەو کاتەی کە رژێمی بەعس مەترسی دروستکردبوو،  دوژمنکارییەکانی چوارچێوەی عیراقی تێپەڕاندبوو، بەڵکو ببووە گرێکوێرەیەکی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی کە ئیدی بەرپێگرتنی ببووە پێویستیی لە فراوانترین چوارچێوەی نێودەوڵەتیدا.
 هەربۆیە دواجار خەباتی یەکێتی لەگەڵ هێزە عیراقییەکانی دیکە و دۆستانی گەلی عیراقدا تاجی سەرکەوتنی لەسەرنا کە لە رووخانی رژێمی دیکتاتۆریی بەعس و کردنەوەی دەرگای ئەزموونی دیموکراسی و دەستووریدا بەرجەستەبوو، سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگ  و کەلێنانەی لەبەردەوامیدایە.  
لەم سۆنگەیەوە یادی دامەزراندنی حزبەکەی مام جەلال، یادێکی کوردستانی و نیشتمانیی عیراقییە و دەرفەتێکی بەنرخیش دەهێنێتەدی بۆ هەڵسەنگاندنی ئەزموونی یەکێتی و بنیاتنان لەسەر ئەو ئەزموونە بەو جۆرەی کە خزمەت بە کاروانی دیموکراسیی بکات لە عیراقدا و بەشداریی کوردستانیانە لە پڕۆژەی عیراقیدا پتەوتر دەکات.  
*مامۆستای زانکۆ

 

 

وتارەکانی نوسەر