فرۆید دەڵێت: «هۆكاری هەندێك گرفت لای مرۆڤ، لە ژیانی منداڵییەوە سەرچاوە دەگرێت.» ئەمە ئەوە دەگەیەنێت، گرفتە خێزانییەكان، كێشەكانی دایك و باوك كاردانەوەی راستەوخۆی بەسەر كەسایەتی منداڵەوە هەیە. لە گەورەبووندا دەبێتە بەشێك لە كەسایەتی ئەوان. تا پەیوەندی منداڵ لەگەڵ دایك و باوك بەهێزتر بێت، ژیانی منداڵ تۆكمەتر دەبێت و دەتوانێت لە داهاتوودا ببێتە كەسێكی سەركەوتوو، متمانە بەخۆ بوو.
بۆ منداڵ گەورەترین قەڵغانن
پەروەردەی خێزان ئەگەر بە رێگەیەكی توندوتیژ پەیڕەو بكرێت، لە چارەسەركردنی گرفتەكاندا توندوتیژی بەكارهێنرا، منداڵ لە باخچە و فێرگە ئەو رێگە توندوتیژییە بەكاردێنێت لە هاوڕێ و هاوپۆلەكانیدا، ئەمەش دەبێتە هۆی هەبوونی كەمی هاوڕێ یان ئەم توندوتیژییە كاریگەری لەسەر كەسایەتی هاوڕێكانیدا دادەنێت. ئەم بارودۆخە شێواوەی خێزان كاریگەری لەسەر هاوڕێ و هاوپۆلەكانی تریش دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی شێواندنی كەسایەتی منداڵ و نەمانی متمانە بەخۆی و بە دەورووبەر و چەندین گرفتی دەروونی. جگە لەمەش بەكارهێنانی توندوتیژی گەورەكان بەرامبەر بە یەكتر و دەنگ بەرزكردنەوە بە بەرچاوی منداڵەوە، مانای تێكشكانی دەروونی منداڵ و دروستبوونی رق و كینە دەگەیەنێت، چونكە دایك و باوك بۆ منداڵ گەورەترین قەڵغانن لە ژیاندا. كە پارێزگاری لە ئێستا و داهاتووی منداڵ دەكەن. لەبەرئەوە توندوتیژی گەورەكان بەرامبەر یەكتر لاوازبوونی كەسایەتی گەورەكان پیشانی منداڵ دەدات و وا لە منداڵ دەكات تووشی ترس و خەمۆكی ببێت و متمانەی بە كەسانی تر نەمێنێت.
كۆمەڵێك پێداویستی ئاڵۆز هەن
ئەگەر پەروەردەی خێزان فۆرمێكی توندوتیژی وەرگرت، توندوتیژی بوو بە یەكێك لە بنەما سەرەكییەكانی پەروەردەی خێزان، بە رێگەی توندوتیژی پەیوەندییەكانی گەشە پێدەدات و منداڵەكانی پەروەردە دەكات. بەمەش خێزان توندوتیژی لەناخی یەك بە یەكی منداڵەكانیاندا دەچێنن كە رێگە خۆش دەكات ئەوانیش لە داهاتوودا بتوانن هەمان توندوتیژی بەرهەمبهێننەوە. ئەمەش وا لە منداڵ دەكات نەتوانێت لەسەر بناغەیەكی راست و پتەو كەسایەتی خۆی بنیاد بنێت، وا لە منداڵ دەكات لەكاتی بوونی گرفتێكدا پەنا بەرێتە بەر توندوتیژی، چونكە لە سایەی پەروەردەیەكدا گەورە بووە كە بیر لە دیالۆگ و رێزگرتن و قبووڵكردنی بەرامبەر ناكاتەوە، ماسلۆ دەڵێت: لەپشت هەموو رەفتار و هەڵسوكەوتێكەوە كۆمەڵێك پێداویستی ئاڵۆز هەن كە لەوانەیە دابین نەكرابن، بۆ نموونە، هەر كاتێك منداڵێك شەڕ و ئاژاوە دەنێتەوە، دوور نییە هۆكارەكەی بۆ پەیوەندی نێوان خۆی و منداڵەكانی دیكە بگەڕێتەوە، یان بۆ خەمۆكی و نیگەرانی.
منداڵ دەیەوێت رێزی لێبگیرێت
ئەو خۆشەویستییەی بە منداڵ دەدرێت خۆشەویستییەكە بۆ خاتری خێزان، نەك بۆ خاتری منداڵ، بۆ نموونە لە قۆناغی خوێندندا لەو شوێنە و لەو بەشە بخوێنێت كە خێزان پێی خۆشە نەك منداڵ. منداڵ دەیەوێت رێزی لێبگیرێت، هەست بەوە بكات كە گرنگە لەناو خێزاندا.
دەیەوێت وێنەیەكی ئەرێنی هەبێت لەناو خێزان و لەناو كۆمەڵگەدا. لەناو خێزان و كۆمەڵگەدا وا بیر لە كەسایەتی بكرێتەوە كە كەسێكی ژیر و سەركەوتووە، دەتوانێت كاری باش بكات. لێرەدا هەستی متمانە بەخۆبوونی لەلا دروست دەبێت سەركەوتووی دەكات لە قۆناغەكانی داهاتوودا.