هۆشیاری بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن

10:29 - 2023-04-05
هاشم غەمگین
306 خوێندراوەتەوە

گرنگە مرۆڤ هۆشیاری زۆری هەبێت لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن و مامەڵەکردن لەگەڵیاندا، بەشێوەیەک مەترسی و کاریگەریی لەسەر تەندروستی و بیر و ئەندێشەی دروست نەکات.
سروشتی ئەو ئامێر و تەکنەلۆژیایە وایە ئەگەر زۆر بەکاربهێنرێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە وا دەکات مرۆڤ هەڵسوکەت و مامەڵەی بگۆڕێت و بیر و هزری داگیربکات و بێ ئاگابێت لە دەوروبەری و کەسێکی شەکەت و ماندو دەربکەوێت.
مۆبایل ئامێرێکی زیرەک، گەڕۆک، ئەلیکترۆنییە، هاتنەکایە و دروستبوونی بۆ ئەوەبوو خەڵک لە هەر شوێنێک بێت بتوانێت پەیوەندی بەیەکەوە بکەن.
ئامڕازەکانی پەیوەندیکردن خۆی لە مۆبایل و ئینتەرنێت و سورەییا و تەلەفۆنی نۆرماڵ دەبینێتەوە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی تەندروست مۆبایل و ئینتەرنێت و کۆمپیوتەر و ئامێرەکانی تر مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و بەکاربهێنرێت پێویستە چەند رێکارێک بگیرێتەبەر.
*کاتێکی گونجاوی بۆ تەرخان بکرێت، ئەوکاتانە بێت چوست و چالاکیت و ماندوونیت و دەتوانی بەسەریاندا زاڵ بێت.
*بەکارهێنانی مۆبایل لەکاتی لێخوڕین و بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیل و پاسکیلدا بووەتە دیاردەیەکی جیهانی و مەترسی رووداوی هاتوچۆ و کەوتن و زیانی جەستەیی لێدەکەوێتەوە، لەبەرئەوە نابێت لەو کاتانەدا مۆبایل بەکاربهێنرێت، بۆ رێگریکردن پێویستە چاودێری و سزای مادی بۆ سەرپێچیکاران دابنرێت.
*پێویستە مرۆڤ لەسەر ئەوە رابهێنرێت چ کاتێک گونجاوە مۆبایل بەکاربهێنێت، بۆ ئەوەی نەبێتە (خوو) و رادەستی نەبێت، لەکاتی کارکردندا ئەندێشەی لای مۆبایلەکەی بێت و کارەکانی دیکەی بەناڕێکی ئەنجام بدات، پیشەکەت بۆ بەکارهێنانی ئامێری مۆبایل پشتگوێ مەخە، چونکە دوای تەواوبوونی کارەکانت بەکارهێنانی مۆبایل چێژی خۆی دەبێت.
*لە وڵاتان پەیوەندیکردن بە مۆبایل بە کورتی دەبڕێتەوە و ناگاتە سی چرکە کەسەکە پەیامەکەی خۆی دەگەیەنێت واتە بۆ مەبەستێکی پێویست نەبێت پەیوەندی تەلەفۆنی ناکرێت، پێویستە ئەمەش لای خۆمان بکرێتە پێوەر و بنەما بۆ بەکارهێنانی.
*زۆر بەکارهێنانی مۆبایل مرۆڤ دووچاری کەمخەوی دەکات، چالاک بوون و تەندروستی  دەروونی مرۆڤیش پەیوەستە بە خەوێکی رێکەوە، لەگەڵ ئەوەشدا کاریگەریی بۆ سەر گوێ و چاو هەیە.

وتارەکانی نوسەر