زیاتر لە 30 ساڵە هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارە و سیادەی خۆیەتی و سیستمەکەی بریتییە لە نیمچە پەرلەمانی و خاوەنی سێ سەرۆکایەتییە، ئەم سیستمەی کە پەیڕەو دەکرێت، سیستمێکی زۆر سەرکەوتوو نییە و کەموکووڕی زۆری هەیە، خول لە دوای خول رۆڵی پەرلەمان لاوازتر دەبێت و بۆشایی نێوان حکومەت و پەرلەمان گەورەتر دەبێت، پێگەی هەرێمی کوردستان لە عیراقدا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو لاوازی زیاتر دەڕوات و کێشە کەڵەکەبووەکان لە کابینەیەکەوە دەسپێردرێن بە کابینەیەکی تر.
بە بۆچوونی من تێکڕای سیستمی حوکمڕانی پێویستی بە هەموارکردنەوە و پێداچوونەوەیە، ئەو بیرۆکراتییەتەی لە شێوازی کارکردنی وەزارەتەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکاندایە، زۆر ماندووکەرە. ئەم سیستمەی ئێستا سیستمێکی زۆر سەنتراڵ و سەپێندراو و فرە رۆتینە.
لێرەدا نامەوێت باسی ئەرک و کاری پارێزگاکان و شێوازی کار و دەسەڵاتیان بکەم و جێیدەهێڵم بۆ بابەتی دواترم، بەڵکو دەمەوێت تیشک بخەمە سەر سیستمی پەرلەمانی و کاری ئەنجومەنی وەزیران لە سیستمێکی فیدراڵدا و شیوازی باشترکردنی.
وەک رۆژانە لە میدیاکانەوە هەواڵ بڵاودەکرێتەوە، کە وەفدی حکومەتی هەرێم بەڕێ دەکەوێت بۆ بەغدا و لەلایەن ئەم و ئەوەوە پێشوازی لێ دەکرێت، دواتر دەوترێت بڕیاری دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش دراوە، دیسان دواتر دەرەنجامی لیژنەکە دەبێت بگەڕێتەوە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان، کە سەرلەنوێ بڕیاری ناردنی وەفد دەدەن و ئەمە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت، خولانەوە لەناو بازنەیەکی داخراوی رۆتین و کات کوشتن، بێئەوەی کێشەکان چارەسەر بکرێن.
چی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم وەفد ناردن و وەفد هاتنە رێک بخرێتەوە؟
هەرێمی کوردستان، هەرێمێکە سەربە دەوڵەتی عیراقی فیدراڵ، لە سیستمی فیدراڵیدا دەسەڵاتەکان دیاریکراون و تێیدا چوارچێوەی دەسەڵاتی هەموو وەزارەتێکی فیدراڵی و وەزارەتی هەرێمی بە سەرۆک وەزیرانیشەوە دەستنیشانکراون.
ئەگەر بێت و پەرلەمانی فیدراڵی ئەڵمانیا بە نموونە وەربگرین، کە نموونەیەکی سەرکەوتووە، دەیان ساڵە پەیڕەو دەکرێت، ئەوا دەبینین کە بەدەر لە پەرلەمانی فیدراڵی بەرلین، ئەنجومەنێک هەیە کە پێی دەوترێت (بوندێس رات)، لەم ئەنجومەنەدا سەرۆک وەزیران و جێگرانی سەرۆک وەزیرانی هەر 16 هەرێمەکەی ئەڵمانیا و وەزارەتە سیادییەکان ئەندامن.
بوندێس رات
ئەڵمانیا لە 16 هەرێم پێکدێت و هەر هەرێمێک هەڵبژاردنی پەرلەمانی خۆی دەکات و حکومەتی تایبەت بە خۆی دەستنیشان دەکات، ئەم هەرێمانە سەرۆک وەزیران و سەرۆکی پەرلەمانیان هەیە، بەڵام دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێمیان نییە، ئەندامانی ئەم ئەنجومەنە (بوندێس رات) لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی ئەو وڵاتەدا بەشداردەبن و مافی قسەکردن و بەشداریکردنیان لە گفتوگۆکاندا هەیە و دەبێت گوێیان لێبگیرێت، هەموو وەزیرێکی حکومەتی فیدراڵی لە هەمان کاتیشدا ئەندام پەرلەمانە و دەبێت لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا ئامادەبێت، واتە تێکڕای کابینەی حکومەت بە سەرۆکی ئەو وڵاتەشەوە کە پێیدەوترێت (بوندێس کانسلێر) راوێژکار، لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا بەشدار دەبن و بێجگە لە پۆستی وەزیری و سەرۆکی وڵات، ئەندامی پەرلەمانیشن.
سەرۆکی هەموو ئەو حزبانەش کە %5 زیاتر دەنگیان هێناوە لە هەڵبژاردندا، ئەندامی پەرلەمانن، لە دانیشتنەکانی پەرلەمانیشدا هەموو ئەندامانی کابینەی حکومەتی فیدراڵی و بەشێکی حکومەتی هەرێمەکان و سەرۆکی حزبەکانی براوەی هەڵبژاردنیش بەشدارن، بەم شێوەیە پێویست بە گەڕانەوە بۆ حکومەت و حزبەکان ناکات بۆ بڕیاردان و گفتوگۆ لەسەر بابەتەکان، چونکە هەموان بەشدارن لە دانیشتنی پەرلەمان و کارەکان و ئەرکەکان باشتر رادەپەڕێنرێت.
چی بکرێت باشە؟
لەبەرئەوەی لە عیراقدا تائێستا تەنها یەک هەرێم هەیە، لەم کاتەدا ناتوانرێت ئەنجومەنێک شانبەشانی پەرلەمان دروست بکرێت هاوشێوەی (بوندیس رات)ی ئەڵمانیا، بۆیە گرنگە بەم شێوەیەی خوارەوە گۆڕانکاری بکرێت:
لە هەرێمی کوردستان پێویستە هەموو وەزیرەکانی حکومەت بەشداریی دانیشتنەکانی پەرلەمان بکەن، بێ ئەوەی بانگهێشت بکرێن و ئیمزا کۆبکرێتەوە بۆ بانگهێشتکردنیان، بەم شێوەیە هەموو وەزیرێک ئاگاداری ئیش و کاری وەزارەتەکانی تریش دەبێت، بەشێکی زۆری وەزارەتەکان کارەکانیان لە بنەڕەتدا پێکەوەیە، بۆ نموونە وەزارەتی کشتوکاڵ و بازگانی، یان ناوخۆ و پێشمەرگە، یاخود وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لەبەرئەوە هیچ گومان لەوەدا نییە، کە بەشداریکردنی وەزیرەکان لە دانیشتنەکانی پەرلەماندا کاری پەرلەمان چالاکتر دەکات.
پێویستە سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگری سەرۆک وەزیرانی عیراق بێت و لە دانیشتنەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بەشداربێت.
ئاگاداربوون لە بڕیارەکان
جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش بە هەمان شێوە ئەندامی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق بێت و بەشداری لە کۆبونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراقدا بکات.
ئەندامانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان ئامادەی دانیشتنەکانی پەرلەمانی فیدراڵ بن لەکاتی پێویست بە تایبەتی لە کاتی بڕیاردان لەسەر ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە ژیانی هاووڵاتیان و کاروباری هەرێمی کوردستانەوە، لە کۆبوونەوە و دانیشتنەکانیشدا مافی قسەکردنیان هەبێت. بەم شێوەیە هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە بڕیارەکانی حکومەت و پەرلەماندا بەشدار دەبێت و دابڕاو نابێت، کە بەشداریش بوو، ئیتر پێویست بە وەفد ناردن و وەفد هاتن ناکات و بیرۆکراتی کەمتر دەبێتەوە، هەرێمی کوردستانیش لەو بڕیارانە بەشداردەبێت کە پارێزگاکانی تری عیراق دەگرێتەوە.
دڵنیام پەیڕەوکردنی سیستمێکی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندیی هەرێم و هاووڵاتیاندا دەبێت، بەڵام دڵنیاشم لەوەی کە دژ و نەیاری زۆر دەبێت، چونکە شەفافییەت زیاد دەبێت و بڕیاردان لەسەر بابەتەکان بە مانگ و ساڵ درێژە ناکێشن و ئەوەش لە بەرژەوەندیی زۆر کەسدا نییە، چونکە زۆرێک هەن نایانەوێ بڕیارەکان لەناو پەرلەمان و حکومەتدا بدرێن، کەسانێک هەن خۆیان بە گەورەتر لە دەسەڵاتی حکومەت و پەرلەمان دەبینن، ئەگەر ئەم سیستمە پەیڕەو بکرێت، دەسەڵاتی قانون دەچەسپێ و سەروەریی یاسا لە سەروو هەموو دەسەڵاتەکانی دیکەوە دەبێت.
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق - خولی پێنجەم