ئابووریی سەربەخۆ یان گەڕانەوە بۆ بەغدا دەستکەوتە؟

10:07 - 2023-04-11
رومێڵ مام زیاد
717 خوێندراوەتەوە











یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تیمەکەی لە حکومەت پاڵپشت بە پەیڕەو و بەرنامەی تایبەتی ناوخۆی حزب، رێگە چارە و بەرژەوەندیی گەل و وڵاتیان لە پێشینە داناوە تا بەرژەوەندییە کەسی و حزبییەکان.
بۆ ئەمەش هەمیشە باجی راستگۆیی داوە بۆ بەرژەوەندیی گەل، لە کاتێکدا روونە کە گرێبەستە 50 ساڵییەکەی حکومەت (پارتی) چ زیان و نەهامەتییەکی بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان هێنایە پێشەوە، یەکێتیش لەژێر هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و لەدەست دەرچوونی ئەم کارە بۆ تێکنەچوونی زیاتری دۆخی ناوخۆی کوردستان، چووە ژێرباری، بەڵام بە نابەدڵی و لەبەرچاوگرتنی ئەمڕۆی لا روون بوو.
 هەمیشە بژاردەی رێکەوتنی لەژێر سایەی دەستوور بە چارەسەرێکی باش زانیوە، لەم ساتەشدا دووبارە سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە رێکەوتن لەژێر سایەی دەستوور، باشترین خزمەت بە گەلی کورد دەکات.
دوابەدوای ئەمە هەژموونی فرۆشتنی سەربەخۆی نەوتی ناوخۆ هۆکاری هەرە سەرەکی بوون بۆ دواکەوتنی کوردستان و زیانێکی زۆری گەیاند و بووە سەرەتای قەیران و بە مووچە بڕین دەستیپێکرد. 
سەرەڕای ئەمانە زۆرێک لە پڕۆژە گشتییەکان وەستان کە تائێستاش لە سنووری ناوچەی ژێر هەژموونی یەکێتی دەستی پێنەکردۆتەوە. 
ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستیش هاتوون لە ناوچەی هەژموونی پارتی بەکارهێنراون، لە سوود و بەرژەوەندیی هاووڵاتییان نەبووە، بێجگە لە بێزاری و نەهامەتی و چەندین کۆچی پچڕپچڕی خەڵک بۆ هەندەران، جا بەهۆکاری خراپی باری گوزەران یاخود نەبوونی تروسکاییەک لەژێر سایەی دەسەڵاتی تاکڕەوی پارتیدا.
ئەوکاتەی نەوت بە سەربەخۆ فرۆشرا، سەرۆکی حکومەت  بە دەسکەوتێکی گەورەی هەژمار کرد و بە بەرەوچوون بۆ بە دەوڵەتبوونیان وەسف کرد، لە کاتێکدا دوای چەندین ساڵ نەهامەتی و ئازاری دەروونیی هاووڵاتییان و تێکدانی یەکڕیزیی ناوخۆ و پەکخستنی گەشەی هەرێم، ئەنجامەکەی لەم رۆژانەدا بینیمان دووبارە گەڕانەوە بوو بۆ خاڵی سەرەتا و چوونەوە ژێر هەژموونی بەغدا.
 سەرۆکی حکومەت ئەمڕۆشی بە دەسکەوت ناو بردەوە و دووبارە تاکڕەوانە چەند گرێبەستێکی نوێ واژۆکران کە ئاخۆ ناوەڕۆکەکەی دەبێت چۆنبێت؟ 
لەبەرژەوەندیی گەل بێت یاخود حزب؟ هەرچەندە ئەزموونی پێشوو نیشاندەری ئەو راستییەن کە ئاخۆ پارتی گرێبەستەکانیان چۆن و چەند سوودبەخش بوون بۆ گەلی کوردستان، دەسکەوت و زیانەکانیشی چی بوون؟
 تەنها شتێک کە هاووڵاتییان سەری لێ دەرناکەن ئەوەیە، ئاخۆ ئەو کاتەی نەوت سەربەخۆ فرۆشرا دەسکەوت بوو یاخود ئێستا کە گەڕاونەتەوە ئەو خاڵەی نەوتەکە رادەستی سۆمۆ بکەنەوە؟ 
لە نێوان ئەم دوو سەرۆکی حکومەتەی پارتی، یەکێکیان گرێبەستی 50 ساڵەی کرد و ئەمیشیان گەڕاندییەوە بۆ بەغدا چۆنە و کامیان بە دەستکەوت هەژمار دەکرێت؟

وتارەکانی نوسەر