لە دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردندا، سەرۆک کۆماری تورکیا لەبەردەم هەزاران کەس لە لایەنگرانی، لە رۆژی سێشەممەی رابردوو رایگەیاند، «بەم نزیکانە کاریگەرییەکانی بوومەلەرزەکەی 6ی شوبات دەسڕینەوە»، جەختیشی کردەوە کە ئاوەدانکردنەوەی پارێزگا زیانلێکەوتووەکان «ئەولەویەتی ئەولەویەتەکانیانە».
بڕیارە مانگی ئایاری داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە تورکیا بەڕێوەبچێت.
ئەردۆغان بە هەزاران کەس لە لایەنگر و کادری حزبەکەی کە لە هۆڵێکی وەرزشی ئەنقەرە کۆببوونەوە وتی: تورکیا هیچ بژاردەیەکی نییە جگە لەوەی بەهێز بمێنێتەوە و هێزی خۆی فراوان بکات بۆ ئەوەی ملکەچی کۆیلایەتی سیاسی و ئابووریی هیچ لایەنێک نەبێت.
هەروەها سەرۆک کۆماری تورکیا کە هاوکات سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدانە، ئاماژەی بەوەشکرد، «هەموو جیهانی ئیسلامی چاوەڕێی ئەوەن بزانن لە 14ی ئایاردا چی روودەدات».؟
سەرباری دژایەتیی زۆری پارتە کوردییەکان و زیندانکردنی بە دەیان سەرکردە و چالاکوانی هەدەپە و شەڕی سەختی پەکەکە، سەرۆک کۆماری تورکیا سەرکەوتنی بەدەستنەهێناوە لەو بوارانەدا.
خەرج کردنی بە ملیۆنان دۆلاری باج و داهاتی ئەو وڵاتەی لەسەر دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆیی وڵاتانی دیکەی وەکو لیبیا و سوریا و عیراق و ئازەربایجان و ئەرمینیا و کازاخستان و یەمەن و چەندەها وڵاتی تر کە لاوازکردنی ئابووریی وڵاتەکەی بەدوای خۆیدا هێنا.
تورکیا لە سایەی سەرۆکایەتی ئەردوغان لە هەموو روویەکەوە پاشەکشێی کردووە.
ئەو ترسی لە هەڵبژاردنە، دەیەوێت لە کۆتا ساتەکانی پێش هەڵبژاردن دوژمنێکی وەهمی دروست بکات و جەنگ لە دژی بەرپا بکات. لەم ساتەدا ئەو دوژمنە وەهمیە یەکێتیی نشتمانیی کوردستانە.
بە ئامانجگرتنی سلێمانی، هەوڵی نمایشکردنی هێز و توانای خۆی دەدات و سەرنج لەسەر کێشەکانی وڵاتەکەی بۆ لایەکی تردا دەبات.
سیاسەتی دروستکردنی قەیران و دوژمنی وەهمی بۆ لە بیربردنەوەی قەیرانە کەڵەکەبووەکان بەکاردەهێنێت.
بێگومان ئەم هاژوهوژانەشی لە بەرژەوەندیی هەندێک لایەنی ناوخۆیی عیراقن، کە بە هەمان شێوە بۆ پەردەپۆش کردنی شکستی ئابووریی خۆیان و واژۆکردنی رێکەوتنی زۆرەملێ و دۆڕاندنی کەیسی دادگای نێودەوڵەتی بەکاریدەهێنن.
بەڵام رۆژی هەڵبژاردن زۆری نەماوە و سندوقی دەنگدان دوای مانگی ئایار سیاسەتی تورکیا دیاری دەکات و ئەو هاژوهوژانەش کۆتاییان دێت.