ئەنفال زامێکی لەبیرنەکراو

09:53 - 2023-04-20
سابیری سەندیکا
310 خوێندراوەتەوە

سابیری سەندیکا 

ئه‌نفال پڕۆسە‌یه‌كی‌ نه‌خشه‌ بۆ داڕێژراو بوو، رژێمەکەی سەدام حسێن، بۆ له‌ناوبردن‌ و سڕینه‌وه‌ و نه‌هێشتنی‌ مۆركی نه‌ته‌وایه‌تی‌ كورد  کردی، هەوڵێک بوو بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، ئەنفال برینێکی قووڵە لەسەر جەستەی هەموو کوردێک، هەرگیزا وهەرگیز سارێژ نابێت و لەبیرمان ناچێتەوە؟
کاتێک حکومەتی بەعس دەستیکرد بە جینۆسایدکردنی کورد، وڵاتانی ئەوروپا هەڵوێستیان نەبووە و تەنانەت حزبی بەعس چەکی وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوەشی لەو پڕۆسەیەدا بەکارهێناوە دژی میلەتی کورد.
پڕۆسەکانی‌ ئەنفال لە 18ی شوباتی‌ 1988وە دەستیپێکرد و تا شەشی ئەیلولی‌ هەمان ساڵ بەردەوام بوو، پڕۆسەکە بەپێی‌ پلانێکی‌ تۆکمەی‌ داڕێژراوی‌ حزبی‌ بەعس لە هەشت قۆناغدا جێبەجێکراو سەرباری‌ وێرانکردنی‌ دەیان گوند و شارۆچکە 182 هەزار کەس ئەنفالکران.
دوای دابەشکردنی کوردستان لەلایەن زلهێزەکانی جیهانەوە لە سەرەتای سەدەی رابردوودا، زۆربەی  سەرکردە کوردەکان پێیانوابوو قورسە یەکگرتن، جۆشدانی خەبات بە رۆحی کوردستانی، بەهێزکردنی هێزی جەماوەری و کردنی بە بناغەیەکی سەرەکیی بۆ بەردەوامبوون و پێداگرتن بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی. 
قورسیی ئەو مەسەلەیەشیان گەڕاندۆتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکیی:
یەکەم- روبەڕوبوونەوە لەگەڵ چوار دەوڵەت کارێکە لە توانای میللەتی کورددا نییە. 
دووەم- پێشبینی پشتیوانی نێودەوڵەتی لێناکرێت، بەڵام دەتوانن سوودمەندبن لە ناکۆکیی نێوان زلهێزەکانی جیهان بەتایبەتی لە ناکۆییەکانی نێوان بلۆکی سەرمایەداری و سۆشیالیستیی ئەوکات، هەروەها ناتەبایی نێوان دەوڵەتانی هەرێمایەتی بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە وەکو عیراق، سوریا، ئێران و تورکیا، بگەن بەچارەسەر لەگەڵ هەریەکەیان بە جیاجیا.
ئەزموونێکی تاڵ
ئەزموونی ئەو جۆرە مامەڵەکردنە سەلماندوێتی هەندێک لە حزبەکان بەرژەوەندیی خۆیان لامەبەست بووە و لەو رێگەیەشەوە توانیویانە لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە دەستکەوتی مادیی و شەخسیی بەدەست بهێنن. ئەزموون ئەوەشی سەلماندووە ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە جێگەی متمانە نیین، لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بن لەسەر مەسەلەی کورد یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بوون، لە ئەنجامی پەیڕەوکردنی ئەو جۆرە سیاسەتەش زۆربەی جار سەرکردەکانی کورد لەگەمە سیاسییەکەدا دۆڕاندویانە و لە ئەنجامی ئەوانەدا بۆتە مایەی شکستهێنان بە شۆڕشەکان، یان لەدەستدانی دەستکەوتە نیشتمانیی و نەتەوەییەکان.
کوردستانی ئەمڕۆ جگە لە دابەشکارییە سەرەکییەکەی کە لە سەرەتای سەدەی رابردوودا، لەلایەن بەریتانیا و فەرەنساوە کراوە، پارتە کوردییەکانیش بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان ئەو وڵاتەیان بەشبەش کردووە، ئەمە رەنگدانەوەی هەبووە لەسەر یەکڕیزیی میللەتی کورد، بوونی چەند هێزێکی چەکداری نایەکگرتوو، یەکێکە لەو دیاردانەی کە رەنگدانەوەی ئەو دابەشکردنەیە و دەرەنجامێکی باشی نەبووە بە درێژایی مێژوو.
میللەتی کورد تەنیا نەتەوە نییە لە مێژوودا شۆڕشی کردبێت و شکستی خواردبێت، تەنیا نەتەوەش نییە بەهێزی چەکداریی و کیمیاباران هەوڵدرابێت سەرکوت بکرێت، تەنیا نەتەوەش نییە دووچاری کۆمەڵکوژی و وێرانکردن و تاڵانی دەستدرێژی ناڕەوا بووبێتەوە، یان خاوەن بیرەوەرییەکی تاڵ و پڕ ئازار بێت، بەڵام یەکێکە لەو نەتەوانەی کە لە مێژوودا پێداگریی نەکردووە لەسەر بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، یان بڕیاڕی یەکلاکەرەوەی نەداوە تا راشکاوانە بڵێت نا بۆ دووبارەنەبوونەوەی هەموو کارەستەکان و ئەزموونە هەڵەکانی حزب و سەرکردەکان.
کۆمەڵکوژیی جووەکان
ئەڵمانیای نازی لە سەرەتای سییەکانی سەدەی رابردوودا پلانی داڕێژراوی هەبوو بۆ دژایەتیکردنی جووەکان و هەموو ئەو وڵاتانەی کە داگیری دەکردن، هەوڵی دەدا پێگەی جووەکان لە نێو کٶمەڵگەی ئەڵمانیدا بگەڕێنێتەوە بۆ هەمان پێگەی کە لە سەدەی نۆزدەیەمدا هەیانبوو، هیتلەر ئەو پلانەی بە قۆناغی جیاجیا خستە بواری جێبەجێکردنەوە.
لەسالی 1935دا چەند یاسایەکی دەرکرد، بۆ پاکتاوکردنی رەگەزی. یاسای نۆرەمبێرگ، ئەو یاسایە هاووڵاتیبوون و ناسنامەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگەی ئەڵمانیای دیاری دەکرد، هەر کەسێک هەتا چوار پشتی ئەڵمانی بوایە، هەڵگری ناسنامەی رەگەزی ئاری و ئەڵمانی پێ دەبەخشرا، هەرکەسێک لە دوو پشتەوە ئەڵمانی بوایە، دەبوو بە هەڵگری ناسنامەی نیو بە نیو. جووی ئەڵمانیا ئەگەر لە چوار پشتیشی جوو بوایە، ئەوا ناسنامەی جوو دەبوو. هەر جوویەک لە دوو پشتەوە جوو بوایە  هەڵگری ناسنامەی تێکەڵ دەبوو. ئەڵمانیا هەندێ یاسایی تری دەرکرد وکو قەدەغەکردنی پەیوەندیی سێکسی نێوان مرۆڤی هەڵگری ناسنامەی ئەڵمانی لەگەڵ جوو و نەتەوەکانی تر، واتە نەهێشتنی شووکردن و ژنهێنان لە نێوان هاووڵاتیانی ئەڵمانی و جووەکان و نەتەوەکانی دیکەدا.  
لە ساڵی 1933دا یاسای بایکۆتکردنی بزنسی لەگەڵ جوو خرایە بواری جێبەجێکردنەوە. لە نێوان ساڵانی 1941 - -1945دا بەرنامەی کۆمەڵکوژیی جوو لە ئەڵمانیای نازی داڕێژرا،  یەکەم هەنگاویان دامەزراندنی شەش کەمپی هۆلۆکۆستی کۆمەڵکوژی لە پۆڵەندای داگیرکراو بوو، بەلزەک، کێلمنۆ، سۆبیدۆر، تریبلینکا، ماژدانەک، گەورەترینیان ئۆسشویتز- بیکینون بوو کە دوو میلیۆن جووی تیادا کۆمەڵکوژ کرا. 
هەنگاوی دووەمیان راگوێزانی هەموو جووەکانی ئەوروپا بوو بۆ ئەو شەش کەمپە، یەکەم کۆمەڵکوژی لە کەمپی بیلزاک لە 17ی ئاداری 1942 کرا، ئەو کۆمەڵە  پێکهاتبوون لە مرۆڤی پیر، نەخۆش و منداڵ.  ئەو کۆمەڵکوژییە جگە لە جوو، پۆڵەندییەکان، کۆمۆنیستەکان، هۆمۆسێکسوەڵ، قەرەج و بەدیلگیراوەکانی جەنگی روسیاشی گرتەوە.  لەمانگی تەمموزی ساڵی 1942وە تا مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1943، 800 هەزار تا یەک ملیۆن جوو لە کەمپی تریبلینکا کوژران.
ژمارەی کوژراوان و پەککەوتەکان گەیشتە 11 ملیۆن مرۆڤ، لە نێوانیاندا یەک ملیۆنی منداڵی جوو بوون، زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی جوو شەش ملیۆن کوژراو بووە، هەموو دامودەزگاکانی سوپاو دارودەستەی ئەڵمانیا لەو کۆمەڵکوژییەدا بەشداربوون، کە ژمارەیان 100 بۆ 500 هەزار کەس دەبوو.
بناغەیەکی پتەو
پاشماوەی جووەکان لەگەڵ رابردووی زامەکانیاندا نەژیان، بەڵام لەیادیان نەکرد، کردیان بە بناغەی دامەزراندنی پرەنسیپی بەرز بۆ خزمەتکردن بە دۆزی رەوای خۆیان، بۆ خاڵی وەرچەرخان بۆ بارودۆخی نالەباریان،  بەهێزکردنی  پێگەیان لەنێو کۆمەڵی نێودەوڵەتیدا، لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و فەلەستین. 
جووەکان پێیان داگرت و بڕیاریاندا کە خاڵی وەستان دابنێن بۆ هەموو ئەو زوڵم و ئازارانەی کە لە مێژووی ژیانی مرۆڤایەتیدا بەسەریاندا هاتبوو لە ئەنجامی چەوساندنەوە و پێشێلکردنی مافەکانیان.
 دوای تەواوبوونی جەنگی جیهانی دووەم، هەموو بەیەک دەنگ پێداگریان کرد لەسەر دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ، لە ساڵی 1948دا لە فەلەستین توانییان ئەو دەستکەوتە بەدەست بهێنن. دیدو بۆچوونی وا هەبووە پێیان وابووە جوو، ئەمریکا دروستیکردوون، دوور نییە ئەمریکا لەهەندێ قۆناغدا بەپێیی خواستی بەرژەوەندییەکانی خۆی پاڵپشتی لێکردبن، وەک ئەوەی ئەمڕۆ بۆ کورد دەیکات، بەڵام هیچ زلهێزێکی جیهان ناتوانێت بەرهەمی سەربەستی بۆ میللەتێکی تر مسۆگەر بکات ئەگەر میللەتەکە خۆی ئەو ئامادیی و ویست و بڕواو سووربوونەی تێدا نەبێت. جووەکان بەدەست و بازووی خۆیان توانیان دەستەکەوتی سیاسیی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن، تا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا ببن بە هێزێک کە کەس زاتی ئەوە نەکات خۆی لە قەرەیان بدات.  
بێگومان نەوەیەک بوو بە سووتەمەنی ئەو جۆرە بڕیارە لە مێژووی بزووتنەوەی جووەکاندا، بەڵام ئەوەی وای لە جووەکان کرد بڵێن نا بۆ دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان، جینۆسایدی هۆلۆکۆست بوو.
کاتی خۆیەتی کوردیش بڵێ نا
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوودا میللەتی کورد دووچاری نەهامەتیی و کۆمەڵکوژیی و ستەمی زۆر بۆوە و هەر لە کۆمەڵکوژی، کاولکردن و وێرانکردنی نزیکەی چوار هەزار گوند و شارۆچکە لە سەرتاسەری باشووری کوردستان و کارەساتی ئەنفال، کیمیابارانی ناوچەکانی خۆشناوەتی، قەرەداغ، هەڵەبجە، کیمیابارانی سەردەشت. لەم سەدەیەشدا هێرش و پەلاماری داعش بە پشتیوانی وڵاتانی ئیقلیمی و کۆمەڵکوژی لەنێو نەتەوەی کورددا لە ناوچەکانی شنگال و رۆژئاوای کوردستان، ئەمانە هەمووی هەقوایە میللەتی کورد رابچڵەکێنن تا بیر لە ئامادەکاریی بۆ بڕیاری یەکلاکەرەوە بکاتەوە و وەک جوو بڵێت: نا بۆ دووبارەبوونەوەی کارەساتەکان.

وتارەکانی نوسەر