تۆنی بلێر سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا، وتەیەکی هەیە سەبارەت بە سیاسەت و ژیانی سیاسی پارتە سیاسییەکان و دەڵێت: «سەردەمی سیاسی بۆ سیاسەتمدار سێ قۆناغە: یەکەم پێتوایە هیچ نازانی، دووەم پێتوایە هەموو شتێک دەزانی، سێیەم دەزانی كە چی دەزانیت و چی نازانیت و دەبێت چی بكەیت و نابێت چی بكەیت.
مەترسییە گەورەکە ئەوەیە كە سیاسەتمەدار یان پارتی سیاسی لە قۆناغی دووەمدا بووەستێت و بلكێت و گیربخوات و پێیوابێت هەموو شتێک دەزانێت و ئاساییە هەرچییەکی بوێت بیکات و بیڵێت و ئەوەی لەخۆیەوە نەهاتبێت، تاڵ و بەتاڵ بێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان رێک ئێستا لە قۆناغی دووەمدایە و ئەگەر بۆی بکرێت و بۆی بچێتەسەر، هەموو ژیانی سیاسی کۆمەڵانی خەڵک و حزبەکانی تریش بەو سەردەمەوە دەلكێنێت و گیرۆدەیان دەکات، پێیوایە هەموو شتێک دەزانێت، هەموو شتێک دەبێت هەر خۆی بیكات، لەکاتێکدا هەموان شایەتی ئەو حوکمڕانییە چەوت و چەوێڵەن کە پارتی ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت و دەیكات.
كاتێک سەرخان و ژێرخانێکی وێران دەبینیت، فەرامۆشکردنی وەبەرهێنان دەبینیت، سیستمی پەروەردە بەمەبەست سست و پەك دەخرێت و راگەیاندن بەلاڕێدا دەبرێت و کار لەسەر چەواشەکردنی کۆمەڵگە و تێکدانی شیرازەی خێزانی کوردەواری دەکرێت، ئەوە جگە لە دروستکردنی قەیران بەدوای قەیرانی قورسترداو زیادبوونی تاوان و تۆڵە لەبری حوکمی دادگا و یاسا، دروست لە هۆکارەکان تێدەگەیت و حکومەتێکی شکستخواردوو دەبینیت.
کار و ئامانجی تیمی پارتی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا ئاشکرا بووە، نە دوو ئیدارەیی و رێزنەگرتن لە زۆنی سەوز، بووە بە کۆیلەیی و کلکایەتی بۆ وڵاتانی دراوسێ، بە سامانی وڵاتەکە سەماو ئاهەنگ دەگێڕن، پارتییان کردووە بەو پارتییەی بە تەواوەتی لە هۆش خۆی بچێت، ئەو پارتییەی بەهۆی ساختەکاریی لە هەڵبژاردنەکان و بەکارهێنانی چەندین جۆر میکانیزمی ساختەکردن و سوود وەرگرتن لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کە بەجۆرێک دانراوە دەرفەت بدات بە هێزێکی وەک پارتی بۆ سوودی خۆی بەکاری بهێنێت و زۆرینەیەکی ناڕاستەقینەی لە پەرلەمان و دواتریش لە حکومەتی هەرێمدا پێ مسۆگەربکات!
لێرەدا دەپرسم، ئایا ئەم هەموو نادادی و چەقبەستووییەی پارتی دەیکات، ئیتر دەبێت کێ ترسی کەوتنی لە هەڵبژاردن هەبێت؟
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هێزێکی خاوەن پێگەی گەورەی مێژوویی و سیاسی و جەماوەرییە، کە رابەرایەتیی نیشتمانی و جەماوەرێکی بەرفراوان و هێزێکی سەربازیی گەورە دەکات لە هەرێمدا، هێزێکی خاوەن کاریگەریی ناوخۆیی و ئیقلیمی و حساب بۆکراوی نێودەوڵەتییە، هێزێک کە خاوەنی ئەم پێگە بەهێزە بێت و خاوەنی زیاتر لە 20 هەزار شەهید بێت، هەرگیز ترسی لە هیچ سەردەمێك و لە هیچ هەڵبژاردنێك نابێت.