شەن و کەو

کاتێ هەڵبژاردن وەک سەودا و مامەڵە سەیردەکرێ!

11:23 - 2023-05-04
مستەفا محەمەد
539 خوێندراوەتەوە

ئەگەر پڕۆسەی هەڵبژاردن بکرێتە چەقی ململانێی سیاسی و وەک بانگەشەیەکی خەڵەتێنەر بۆ فریودانی رای گشتی سەیر بکرێت و لەژێر رەحمەتی قسەی باق و بریق و  راگەیاندنی چەواشەکارنەدا تۆمەتی بێ بنەمای پێ بنووسرێتەوە، ئەوا گومانی تێدانییە سندوقەکانی دەنگدان نابنە جێی سەرنجی رای گشتی و دواجاریش تابلۆی هەڵبژاردن وەک بنەمای پیادەکردنی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی دەسەڵات گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ بەخۆوە نابیێت.

کە باسوخواس لەبارەی چالاککردنەوەی کۆمسیۆنی پێشوو لە هەرێم گەرم بکرێت وەک لایەنێکی سیاسی دەیەوێت بە ربەی خۆی بیپێوێت، کە لەدوای چەندین دانیشتن و گەڵاڵەکردنی چەندین پێشنیاز لەلایەن دوو دەزگای تایبەتمەندی هەڵبژاردنەوە «یەکێتی و پارتی» بەبێ رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ رێکەوتنی حزب و لایەنە کوردییەکان، تا هەمواری یاسای هەڵبژاردن لە پەرلەمانەوە رێچکەی یاسایی خۆی وەربگرێت و دژی پاکژکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بوەستێت و دەنگ و رەنگی پێکهاتەکانی کوردستانیش بخرێتە بازاڕی سەودا و مامەڵەوە، بێگومان دیسان بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەم فۆرمە، هەوڵێکە تەواو سواو و راگەیاندنێکیشە خاڵییە لە ناوەڕۆک!
ئێمە دەبێت لەوە تێبگەین کە هەڵبژاردن بەو ریتم و ریسەی هەندێک لایەن و بەتایبەتی پارتی گەرەکێتی، بەردەوامیی پێ بدەن و لەوپەڕی بێ هیواییدا دەهۆڵی میدیایی بۆ دەکوتن، نەک ئێکسپایەرە، بەڵکو بێزاریی شەقام لە ئەنجامێکی ناڕاست و ساختەکردنی ئیرادەیان گەیشتۆتە ئاستێک تەنانەت لایەنەکانیشی تێپەڕاندووە و ئێستا کۆدەنگییەکی نیشتمانی وەرگرتووە. 
لەحاڵەتێکی لەو جۆرەدا دەنگدان و دەنگنەدان، هەڵبژاردنی دڵخواز و لایەنگریان بۆ لیست یان قەوارەیەک یاخود بایکۆتکردنی چوونیان بۆ سەر سندوقەکان، هیچ مانایەکی نییە، چونکە پێشوەختە زۆرینە و کەمینە و ژمارەی کورسییەکان و کاندیدە دەرچووەکانیش بە قەبارەی دەنگەوە یەکلایی کراونەتەوە و دۆخەکە سەبارەت بە هەندێک لایەن کە ساختەکاریی تا بینەقاقای هاتووە «تحصیل حاصل»ـە.
نازانم ! کە تۆ بە هەموو شێوازێک هەوڵی لەباربردنی هەڵبژاردن بدەیت و بتەوێت بەشداریی هاووڵاتیان کەم بێت، گۆڕانکاریی لە بازنەکان و هەمواری یاسا کۆنەکەدا رەت بکەیتەوە تا ئەنجامەکان بە رێژەیەکی کەمیش لە دەنگدان بۆ ساختەکاریی ئاسانتر بێتە پێش، ئەم هەموو گەوجاندنە لەپای چی کە بڵێی یەکێتی لەمپەر بۆ هەڵبژاردن دەسازێنێت؟!
ئاخر پێمان بڵێن: حزبێک کە بیەوێت تۆماری ناوی دەنگدەران لە ناوی مردوو پاک بکرێتەوە، هەمواری یاساکە بکرێت، لەگەڵ ئەوەبێت کە دەنگی پێکهاتەکان بە قەبارە و قورسایی دەنگدەری خۆیان لە هەموو کوردستاندا بە یەکسانی دابەش بکرێت بەسەر بازنەکاندا و لیستی دەنگدەری تایبەت بە خۆیان هەبێت، بۆ لە هەڵبژاردن دەترسێت؟ یان لەپێناوی چیدا سەر بلەقێنرێت بۆ پێدانی مافی دەنگدان  بەو ئاوارە عیراقی و غەیرە عیراقییانەی کە ژمارەیان نزیکەی ملیۆنێک کەسە!
خۆ ئەمەشیان تۆمەتێک نییە یەکێتی و گۆڕان و لایەنەکانی تر بیبەشنەوە، بەڵکو قەولی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراقە کە تانەت دوای ئاساییبوونەوەی دۆخی دوای شەڕی داعشیش هێشتا رێگەیان پێنادرێ بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، بە ئاشکراش وتی کە تەنها بۆ دەستکەوتی حزبی لایەنێکی دیاریکراوە دەروازەی کەمپەکانیان لێ کڵۆم دراوە!
ئاخر ئەگەر لایەنێک لە هەموو ئەو ئەگەر و داواکارییە رەوایانە بۆ پرسی هەڵبژاردن نەیەتە پێشەوە، تۆمەتەکانیشت هێندەی کەفی دەریا زۆرە و وەک رۆژی رووناک دیار و بێ بنەمابن، ئەوسا دوا هەنگاو کە مابێت بۆ دەرخستنی راستییەکان،  پەنا بردنە بۆ دادگای فیدراڵی کە تیایدا دوور لە عینادیی و سەپاندن، بە هێزی قانون لە توانایدایە یاساکە هەموار بکاتەوە، ئەوکات روونیش دەبێتەوە کە کێیە لە هەڵبژاردن رادەکات و دەیەوێت هەرێم بخاتە بۆشایی یاساییەوە و کێیە کێشەی لەگەڵ هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و دوور لە ساختەکارییە!

وتارەکانی نوسەر