لە دەیەی رابردوودا، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست تووشی دەرەنجامە ناسەقامگیرکەرەکانی رکابەریی و ململانێی سعودیە و ئێران بۆوە، کە لە یەمەن و سوریادا کاریگەری گەورەی هەبوو، جگە لەوەش، هێرش دژی کەشتیی نەوتهەڵگر لە ئیمارات و ژێرخانی وزەی سعودیە لە ساڵانی 2019 و 2020 روویدا، ئەو ململانێیەش رۆڵی هەبوو لە تێکچوون و ناسەقامگیری ئاسایشی وزە لە جیهان و سەلامەتی رێگە دەریاییەکان کە گرنگن بۆ پەیوەندییە جیهانییەکان و هەناردەی نەوت و غاز بۆ وڵاتانی خۆرئاوا.
نزیکبوونەوە دوای ململانێ
رەنگە یەکێک لە پێکهاتە هەرە دیارەکانی پاشەکشەی ریاز بەرامبەر تاران شەڕی هەژموون بێت لە ناوچەکەدا، کە هەردوو وڵات دەیان ساڵە تێیدا بەشدارن. لە روانگەی سعودیەوە ترسی لەدەستدانی هێڵی کاریگەری لە سوریا و هیوای کۆتاییهێنان بە شەڕ لە یەمەن و هەروەها خواستی زیاتری گرنگیدان بە سیاسەتەکانی گەشەپێدانی ناوخۆیی، بووە پاڵنەرێک، بۆ ئیمزاکردنی رێکەوتن لەگەڵ ئێراندا، سعودییەکان ساڵانێکە نزیکایەتییان لە ئێران رەتکردۆتەوە و پەناشیان بردە بەر زۆر رێگە بۆ لاوازکردنی رۆڵی تاران لە ناوچەکەدا، جا چ بە هێرشکردنە سەر هاوپەیمانەکانی تاران یان هەوڵدان بۆ دروستکردنی گرژی و ناڕەزایی لە ناوخۆی ئەو
وڵاتەدا.
لە دەیەی رابردوودا ئێران و سعودیە لە ململانێی ناوچەییدا بوون و ریازیش هەوڵی کەمکردنەوەی هەژموونی تاران و زیادکردنی هەژموونی خۆی لە وڵاتانی وەکو سوریا، عیراق و لوبنان دەدا. ریاز بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندییەکانی لە سوریا، پشتیوانیی لە هەندێ گروپی چەکداری دژ بە حکومەتی سوریای قبوڵ کرد. بەڵام بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕی یەمەن، تێچووی ئەم پاڵپشتییه بەردەوام نەبوو، سعودییەکان درکیان بەوەکرد که هەوڵەکانیان له سوریا شکست دەهێنێت. ئەو تێچووە مادی و مەعنەوییەی کە سەرگەرمییەکەی سعودیە لە سوریا هێنایە ئاراوە، بارگرانییەکی نەخوازراوی لەسەر سیاسەتی گەشەپێدانی ناوخۆیی دەسەڵاتی ئەو وڵاتە زیادکرد. خواستی محەمەد بن سەلمان بۆ دروستکردنی کەشێکی لەبار بۆ گرتنە دەسەڵات لەدوای ئەگەری کۆچی دوایی باوکی، وایکرد زیاتر مەیلی دۆزینەوەی رێگایەکی میانڕەوتری هەبێت، بەمەش ململانێ دەرەکییەکان کەمدەبێتەوە و دەرفەتی ئەوەی پێدەبەخشێت سەرنجی لەسەر کاروباری ناوخۆ بێت.
سعودیە لە عیراق و لوبنان
سعودیە لە عیراقیش سیناریۆیەکی هاوشێوەی پەیڕەوکرد و هەوڵیدا ئەو گێژاوە ناوخۆییەی بەهۆی هێرشەکانی داعش دروستبوو، بۆ فراوانکردنی هەژموونی خۆی و کەڵک لە کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانەکانی ئێران وەربگرێت. بەڵام ئەم سیاسەتە دەرئەنجامی نەرێنی بۆ ریاز هەبوو، دواتر پڕۆژەکەی ئەنجامێکی ئەوتۆی نەبوو.
دوای ئەوە سعودیە هەوڵیدا کەڵک لە هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ موقتەدا سەدر، رابەری رەوتی سەدر وەربگرێت کە ئەوکاتە گەورەترین بلۆکی پەرلەمانی عیراقی کۆنترۆڵ کردبوو، بەڵام ئەمەش سەری نەگرت دواجار موقتەدا سەدر لەو بیرۆکەیە پاشەکشەی کرد ئەگەر کاتییش بێت. بەوەش سعودیە دەرفەتی بە ئێران دا کە وەک هاوپەیمانێکی بەهێزی عیراق بمێنێتەوە.
لە لوبنانیش، سعودیە هەوڵیدا هاوسەنگی هێز بگۆڕێت بۆ بەرژەوەندیی هاوپەیمانەکانی، لە ساڵی 2017 بەشێوەیەکی کاتی سەعد حەریری سەرۆک وەزیرانیان دەستگیرکرد و ناچاریان کرد دەست لەکاربکێشێتەوە بەمەبەستی گوشارخستنە سەر میشێل عۆن و حزبوڵڵای لوبنان و بەدەستهێنانی ئیمتیازات لە بواری سەرکردایەتیدا و بووە هۆی لاوازبوونی سەرکردایەتی سوننە و بەدینەهێنانی بەرژەوەندییەکانی سعودییەکان بەمەبەستی گوشاری زیاتر بۆ سەر حزبوڵڵا، وەک هاوپەیمانی ئێران پشتیوانیان لە کاندیدکردنی سلەیمان فەرەنجیە نەکرد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، وتەبێژی پارتی کەتائیبی لوبنان کە هاوپەیمانی سعودیەیە، دوای ئیمزاکرانی رێکەوتنەکە لەگەڵ پەکین رایگەیاند پارتەکەی نیسابی پێویستی پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی سلێمان فەرەنجیە دروست ناکات.
بەراوردکردنی شێوازی مامەڵەکردنی سعودیە و ئێران لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان، ئەوە دەردەخات کە سعودییەکان پابەند نین بە هاوبەشەکانیان، هەڵسوکەوتەکانیان لەگەڵ سەعد حەریری لە لوبنان و گرووپەکانی دژ بە حکومەتی سوریا نموونەیەکە بۆ سەلماندنی ئەم بانگەشەیە. بەڵام ئێران بەردەوامە لە پاڵپشتی هاوپەیمانەکانی و هەمیشە هەوڵ دەدات بوونی ئەوان لە گۆرەپانی جۆراوجۆری سیاسی و سەربازیدا بەهێزتر بکات.
پەیوەندییەکان گۆڕانی بەسەردا دێت؟
پێشبینی دەکرێت پەیوەندییەکانی ریاز لەگەڵ هاوپەیمانەکانی لە ماوەیەکی کەمدا بگۆڕێت، پێویستە ئەم پۆلە لە ئەولەویەتەکانی سعودیەدا بێت. رێکەوتنێک بە نێوەندگیری پەکین لە نێوان تاران و ریاز، بێگومان پێگەی ئێران لە ناوچەکە بەهێزتر دەکات، چونکە ئەگەری ململانێی سەربازیی تێچووی زۆر کەم دەبێتەوە، بە تایبەتی لە سوریا، لوبنان و عیراق و لە یەمەنیش.
لە لایەکی دیکەوە پێدەچێت ریاز سوودمەند بێت لە درێژخایەنیی ئەم رێکەوتنە، چونکە کەمکردنەوەی بارگرانی دەستوەردانی سەربازی دەرفەتێک دەدات بە سعودییەکان بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی سەربەخۆ لە واشنتۆن. سروشتیشە کە بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی خۆی، حکومەتی ئەو شانشینە گەیشتبووە ئەو بڕوایەی کە یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکانی لەگەڵ ئێران بە بەراورد لەگەڵ روبەڕوبوونەوەی ئەم وڵاتە تێچووی کەمترە.
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، لەبەر گەورەیی و گرنگی ئەم دوو وڵاتە لە خۆڕهەڵاتی ناوەڕاستدا وەکو دوو جەمسەر و نوێنەری هەردوو مەزهەبە گەورەکەی ئیسلام و هەروەها خاوەنی رێژەی زۆری دانیشتوان ئەمە چ جای وزە کە ئەوەش کاریگەریی هەیە لەسەر ئابوویی جیهان، لەبەر ئەوە رۆڵی زۆریان دەبێت لە سەقامگیریی ناوچەکەدا لە باری تەبابوون و کاریگەریی نەرێنیش بەسەر ناوچەکەوە جێدەهێڵن لە باری ناکۆکی و ململانێدا، بۆیە ئەوەی ئێستا هەیە لە رێکەوتن لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بە نێوەندگیریی چین، بۆ ماوەیەکی باش هێمنی ناوچەکە و خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزێت و لەرووی هەناردەی نەوت و وزەشەوە بۆ خۆرئاوا کاریگەریی باشی دەبێت بەسەر ئابوویی جیهانەوە.
کاریگەریی نزیکبوونەوەی ئێران و سعودیە لە سەر سەقامگیریی ناوچەکە