زووم

ئەکتەری شاری فریشتەکان

10:40 - 2023-05-15
رۆزا دڵشاد مەریوانی
342 خوێندراوەتەوە

یەکێک لە ئەستێرەکانی هۆڵیوود کە خاوەن کاریزماو هونەرێکی تایبەتە ئەویش ئەکتەری ئەمریکی نیکۆلاس کەیجە، بێگومان دوور لەوەی لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لە میدیاکاندا وێنەی نەشیاوی بڵاوکرایەوە بەهۆی ئالوودەبوون بە ئەلکهولەوە لە دۆخێکی خراپدا بوو، بەڵام ئەوە ئەو راستییە ناشارێتەوە وەکو ئەکتەر بەتوانایە و لە دنیای نواندندا خاوەن ئەزموونێکی دەوڵەمەندە و ژمارەیەکی زۆر لە فیلمی ناوازەی پێشکەش کردووە.
رەنگە زۆربەمان نیکۆلاس کەیج بە فیلمی Face Off واتا لێکردنەوەی دەموچاو بناسین کە شانبەشانی ئەستێرە جۆن تراڤۆڵتا رۆڵی دەبینی، بێگومان هەردووکیان نواندنێکی تایبەتییان پێشکەش کرد بەوەی لەیەک فیلمدا بتوانن رۆڵی کەسێکی خراپ و باش ببینن، لێهاتوویی نیکۆلاس کەیج لەوەدا بوو جووڵەکانی روخسار و نیگاو پێکەنینەکانی بگۆڕێت و بینەر جیای بکاتەوە لێرەدا کەسێکی خراپە و لە گرتەیەکی دیکەدا کەسێکی باشە، واتا وا هەستبکەیت بەڕاستی دەموچاوی لەگەڵ تاوانبارێکدا گۆڕیوەتەوە.
ئەو ئەکتەرە فیلمێکی دیکەی هەیە زۆر پێی سەرسامم و چەند جارێک تەماشام کردووە ئەویش فیلمی City of Angels ە واتا شاری فریشتەکان-ی ساڵی 1998 ە لەگەڵ ژنە ئەکتەر مێگ رایاندا رۆڵ دەگێڕێت، فیلمەکە فەنتازیا و رۆمانسییە کاتێک فریشتەیەک کە نیکۆلاس کەیجە عاشقی پزیشکێکی نەشتەرگەری دڵ دەبێت، جوانیی ئەو فیلمە لەوەدایە لە کۆتاییدا نیکۆلاس کەیج دوای ئەوەی هەموو شتێک لەدەستدەدات دەڵێت «هیچ پەشیمان نییە و توانای بۆ هەستکردن وەکو مرۆڤێک و دەستلێدانی چڵێ قژی خۆشەویستەکەی لە ژیانێکی نەمری بەبێ ئەو پێ باشترە».
لە هەفتەی رابردووشدا فیلمێکی نوێی نیکۆلاس کەیج لە سینەما نماییشکرا دوای دابڕانێکی زۆر لە دنیای نواندن، ئەویش فیلمی Renfield ە تێیدا رۆڵی کاراکتەری دراکۆلا دەبینێت، فیلمەکە کۆمیدیای تاریکە، بەڵام تەماشاکردنی لە سینەما چێژی زیاتری دەداتێ و تێیدا وێنە کلاسیکییەکەی دراکۆلا بەرجەستە کراوەتەوە، ئەوەی ناشیرین و ترسناکە و ددانەکانی تیژە، نەک ئەو وێنە جوانە سەرنجڕاکێشەی چەندین ساڵە دراوە بە کاراکتەری دراکۆلا و خوێنمژەکان بە گشتی لە فیلم و دراماکاندا، نیکۆلاس کەیج وەک هەموو کاتێک نواندنێکی بێوێنە پێشکەش دەکات راستە تاکە پاڵەوان نییە، بەڵام توانیوێتی کاراکتەرێکی ترسناکی دراکۆلا لە هەمانکاتدا کۆمیدی تێکەڵ بکات و سەرکەوتوانە بەرجەستەی بکات، رەنگە هەندێ کەس تەماشاکردنی ئەو جۆرە فیلمانەیان بەلاوە جێی گاڵتەپێکردن بێت و بڵێن فیلمێکی منداڵانەیە، بەڵام من بۆخۆم هەر کاتێک فیلمی ئەستێرەیەکی بەناوبانگ هەبێت و لەهەمان کاتیشدا کۆمیدی بێت بەفیڕۆی نادەم، چونکە دواجار هەر کاتێک بوار هەبێت بۆ پێکەنین و دوورکەوتنەوە لە جەنجاڵییەکانی ژیان بۆ نا ئەگەر بۆ چەند سەعاتێکیش بێت بۆ پێنەکەنین؟ 

وتارەکانی نوسەر