دەر و دراوسێ

هەرێمی كوردستان بەرەو چارەسەركردنی كێشەكان

09:46 - 2023-05-16
بورهان شێخ رەئوف
221 خوێندراوەتەوە

دوای چەند مانگێك لە ململانێی سیاسی ومیدیایی و بنبەست،  دواجار دوای هەوڵ و دەستپێشخەری دۆستەكانی دەرەوە و ناوخۆ، جارێكی تر زمانی گفتوگۆ و دیالۆگ سەركەوت و بوارێك رەخسا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بە تایبەتی دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم و كاك قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم.
كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان
ئەوەی گرنگ بوو لەو كۆبوونەوەیەدا، تاوتوێی هەموو كێشەو  قەیرانە دارایی و كارگێڕییەكانی بەردەم كاری حكومەتی هەرێم كرا، هەروەها رێكەوتن لەسەر ئەوەی كە چارەسەر بۆ هەموو گرفتەكان بدۆزنەوە، لە رێگەی دانوستانەوە و هاریكاری  نێوان هەموو لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان .
ئەوەی زیاتر گرنگ بوو ئەو خۆشحاڵی دەربڕینەی بەرپرسانی ئەمریكا بوو هەر لە باربارا لیف یارمەتیدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا و باڵوێزی ئەمریكا لە عیراق  كە خوازیار بوون  كە ئەم كۆبوونەوەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانە وەبەرهێنانی سیاسی تێدا بكرێت، بۆ هەنگاونانی زیاتر بەرەو پێشەوە و چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكان لە رێگەی دیالۆگەوە .
ئەوەی ماوەی رابردوو روویدا لە ململانێی سیاسی و میدیایی  لە نێوان هەردوو لایەنی سەرەكی فەرمانڕەوای هەرێمی كوردستان، مایەی نیگەرانی هاووڵاتیان و خەڵكی خەمخۆری هەرێمی كوردستان بوو، چونكە ئەو جۆرە ململانێیانە زیانی گەورە بە پێگەی هەرێم دەگەیەنێت لە دەرەوە و ناوە و لە سەر ئاستی عیراقیش .
ئەم پابەندبوونەی یەكێتی بە چارەسەركردنی كێشەكان لە رێگەی دانوستانەوە، شتێكی نوێ‌ نییە،  بەڵكو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرۆك و رابەری كۆچكردوو مام جەلال، كە هەمیشە خاوەنی پڕۆژەو پێشنیار و قوربانی گەورەبوو بە بەرژەوەندییە حزبییەكانی حزبەكەی خۆی لە\پێناو بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستان و عیراقیشدا، بۆیە ئێستاش سەرۆك بافڵ تاڵەبانی بەهەمان رۆحیەتەوە خوازیارە كێشەو ململانێكان چارەسەر بكات، هەر لە یاسای هەڵبژاردنەوە تاوەكو چارەسەری بابەتە دارایی و كارگێڕییەكانی كە لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە .
هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن
ئێستا كە كات لە بەرژەوەندی  پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی نییە لە هەرێمی كوردستان، بۆیە گرنگە لە زووترین كاتدا یاسای هەڵبژاردن یەكلایی و هەموار بكرێتەوە بە شێوەیەكی گونجاو لەگەڵ گیانی ئەم سەردەمەدا،  كە هەل و بواری یەكسان بۆ هەموو هاووڵاتیان بڕەخسێنێت كە نوێنەری راستەقینەی خۆیان بۆ پەرلەمانی كوردستان هەڵببژێرن و كێشەی پێكهاتەكان و كۆمیسیۆن چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی لە م ساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بكرێت و ئیتر ڕەوایەتی و شەرعیەتی یاسایی زیاتر نەكەوێتە ژێر پرسیارەوە، بە تایبەتی كە ئێستا دۆسییەكەی لەبەردەم دادگای فیدرالی عیراقدایە كە بڕیاری لەسەر بدات ئایا تاچەند پەرلەمانی كوردستان شەرعیەتی یاسایی ماوە .
ئەوەی گرنگە بۆ پرۆسەی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان، پابەندبوونە بە بنەما سەرەتایییەكانی مافی مرۆڤ  لە ئازادی رادەربڕین و سەروەربوونی یاسا و شەفافیەت، بە تایبەتی دوای رادەستكردنی دۆسییەی نەوت بە كۆمپانیای سۆمۆ و  وەزارەتی نەوتی عیراق، پێویستمان بە هەماهەنگی و كاری پێكەوەیی هەیە .

وتارەکانی نوسەر