ستایش و رەخنە لە سەروبەندی ئاشتیدا

09:52 - 2023-05-16
جەمال ئارێز
238 خوێندراوەتەوە

ئەرکی  نووسەر و رۆژنامەنووسە جیاواز لە کەسانی سیاسی و ئیداریی و سەربازی رەفتاربکات، چونکە ئەرکەکان و کایەکانی کارکردنیان جیاوازە، بەڵێ دەشێت رۆژنامەنووسان و نووسەران هاوکاربن لە بەرقەرارکردنی ئاشتی و ئاسایش و پەیڕەوکردنی بنەماکانی رەخنە (بە زمانی گوڵەکە) ، چونکە ئاشتی و ئارامیی و ئاسایشی سیاسی و کۆمەڵایەتی باشترین و گونجاوترین دۆخە بۆ بەرقەرارکردنی ئازادیی کاری رۆژنامەنووسی و نووسین بەگشتی، بۆیە ئەرکی سەرەکی لە هێورکردنەوەی دۆخی ناکۆکیی و گرژیی سیاسی لە ئەستۆی ئەواندایە لانیکەم لەبەر کارەکەی خۆیان تا پیشەییانە بتوانن کار لەسەر دیاردە سەلبییە سیاسی و ئیداریی و کۆمەڵایەتییەکان بکەن، چونکە لە دۆخی ئاڵۆزیی و گرژیدا، هەموو رەخنە و سەرنجێک لەسەر دیاردەیەکی سەلبی لە جوگرافیایەکی دیاریکراو، رۆژنامەنووس و  نووسەر دەخاتە بەرەیەکی ململانێکەوە و رەخنە و سەرنجەکەی دەکرێتە کەرەستەی شەڕی میدیایی لایەنێک لە دژی ئەوی دیکە، بەڵام ئەگەر ئاشتی و ئارامیی بەرقەرار بێت و پەیوەندیی لایەنە ناکۆکەکان هێورببێتەوە، ئەوکاتە رەخنە و سەرنجی رۆژنامەنووسان و نووسەران ناچێتە گیرفانی هیچ لایەکەوە و هەردوولایەنەکە وەک رەخنەیەکی رۆژنامەنووسی دابڕاو لە مەیل و پاڵنەرێکی سیاسی دیاریکراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکەن.
ستایشی چی و رەخنە لەچی؟
ئەرکی رۆژنامەنووسان و رووناکبیران بەگشتی ئەوە نییە کە ستایشی هیچ کەس و لایەنێک بکەن، چونکە هەموو خزمەتگوزاریی و هەنگاوێکی سیاسیی ئیجابی دوو ئەرکی سەرەکیی سیاسەتمەداران و بەرپرسانی بواری کارگێڕییە، بەڵام ئەوەی کە دەهێنێت ستایش بکرێت، ئەو هەوڵ و هەنگاوانەیە کە بە جدی و بەبێ گوێدانە بیری تەسکی حزبایەتی دەنرێت و چەقی قورسایی هەنگاوەکە لە خزمەتکردنی خەڵک و بەرقەرارکردنی ئاشتیدا چڕدەبێتەوە. بۆیە هەر بۆخۆی رەخنە نەگرتن و تانە نەدان لەو جۆرە هەنگاوانە، ستایشە بەبێ ئاماژە پێکردن، چونکە لانیکەم ئەو هەنگاوە مادام ئاشتی و ئارامی بەرقەرار دەکات، دەرگا لەبەردەم پێداگریی لەسەر کردنەوەی دەرگای ئازادیی دەکاتەوە بە ئاراستەی دەستەبەرکردنی رووبەرێکی فراوانتر لەبەردەم کاری رۆژنامەنووسان و ئازادیی رەخنەدا.
ئەمە پێچەوانەکەشی راستە، چونکە لەم سەردەمەدا لایک و کۆمێنت لە پەیج و ئەکاونتە شەخسییەکانەوە زۆر کەسی کردۆتە ناو وەک نووسەر و رووناکبیر و ئەگەری هەیە لە نووسینێک یان پۆستێکدا ئامانجێکی بە جوانی بۆ بابەتێکی دیاریکراو پێکابێت، ئیتر ئەو جۆرە کەسانە پێگەی خۆیان لێ تێکچووە و  دەیانەوێت لە هەموو کاسەیەکدا ئەسکوێ بن و قسە لەسەر هەموو پێشهات و رووداوێک بکەن و پێشیانوایە تا توند و رەقتر بنووسن، بەواتای ئەوەیە کە نووسەرێکی باشترن.

 

مادام رەخنەت لە ئاڵۆزی و ناکۆکیی و ململانێ هەیە، کەواتە بێدەنگبوونت لە هەنگاونان بۆ ئاشتی، لانیکەمی راستگۆیی و پابەندیت بە پڕەنسیپە فیکرییەکانتەوە دووپات دەکاتەوە

 

گۆرانیبێژی باش ئەو گۆرانیبێژەیە کە بتوانێت هەموو ستایلەکانی گۆرانی بچڕێت
دەبێت ئەوە بزانین، چۆن هونەرمەندی سەرکەوتووی شانۆ و دراما ئەوانەن کە بتوانن هەموو رۆڵێک بگێڕن، یان گۆرانیبێژی باش ئەو گۆرانیبێژەیە کە بتوانێت هەموو ستایلەکانی گۆرانی بچڕێت، نەک بە ستایلێکی دیاریکراوەوە خۆی گرێ بدات، نووسەر و رۆژنامەنووسیش بە دەستگرتن بە بنەما و پڕەنسیپەکانی خۆیەوە، بتوانێت لە هەموو رووداو و پێشهاتەکاندا قسەی هەبێت بە جیاوازیی لە ستایڵەکاندا و دەبێت بزانێت کە چ رووداو و پێشهات و دیاردەیەک چ جۆرە نووسین و راپۆرت و رەخنە و سەرنجێکی گەرەکە و نۆتە و ستایڵی قۆناغەکە بدۆزێتەوە، چونکە نووسین ئەرشیفە و سبەی شەرم لەکەس ناکات.
ناکرێت دەنگ هەڵبڕیت دژبە ناکۆکی و رەخنەش لە هەنگاونان بەرەو ئاشتی بگریت، ئەمە هێندەی خۆ ونکردنەوە، هێندە ناچێتە ژێر پێناسەی رەخنەگرییەوە، بۆیە مادام رەخنەت لە ئاڵۆزی و ناکۆکیی و ململانێ هەیە، کەواتە بێدەنگبوونت لە هەنگاونان بۆ ئاشتی، راستگۆیی و پابەندیت بە پڕەنسیپە فیکرییەکانتەوە دووپات دەکاتەوە.

وتارەکانی نوسەر