لیستی قبووڵ لەسەر شێوازی لیرک

11:48 - 2023-05-18
جەمال ئارێز
366 خوێندراوەتەوە

بەم دواییە لیستێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە لیستی ئەو خوێندکارانەیە کە لەسەر پشکی پارێزگای کەرکوک لە کۆلێجی سەربازیی عیراق قبووڵکراون و ژمارەی خوێندکارەکانی (کەرکوک!) تێیدا (81) خوێندکارە.
ئەم لیستەدا لەهەمووی سەیرتر کۆتاییەکەیەتی کە مایەی هەم پێکەنینە هەم گریان، چونکە بەناوی (عەبدولڕەحمان سەدام حسێن) کۆتایی دێت.
مایەی پێکەنینە کە لە شارێکی وەک کەرکوکدا کە لەناو کێشمەکێشی سێ پێکهاتە سەرەکییەکەی ئەو پارێزگایەدا (کورد، عەرەب، تورکمان) و فرە پێکهاتەی ئایینی و مەزهەبی (سوننە، شیعە، کریستیان، کاکەیی) و فرە عەشیرەتی (زەنگەنە، جاف، ساڵەیی، شوانی، هەمەوەندی لە کورد و جبوری و عوبەیدی و  حەدیدی و شەمەری و بەیاتی) لە عەرەب و (ئاوچی و نەفتچی و...هتد) لەتورکمان، تەنها لە یەک نەتەوە و لە یەک مەزهەب و لە یەک عەشیرەت 81 کەسەکە قبووڵکراون کە ئەویش عەشیرەتەکەی جەنابی پارێزگاری بەوەکالەت راکان جبورییە!
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئێمەی کورد دەڵێین کەرکوک شارێکی کوردستانیی فرە پێکهاتەیە.
برا تورکمانەکان دەڵێن شاری تورکمانە و برا عەرەبەکانیش لە کەرکوک بە شیعە و سوننەوە لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بن، لەسەر ئەوە کۆکن کە کەرکوک وەکو شارێکی عەرەبیی عیراقی پێناسە بکرێت.
لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە گریمان کێشەکانی نێوان هێزە کوردستانییەکان لەم ساڵانەی رابردوودا لە کەرکوک هۆکارێک بووبێت بۆئەوەی لایەنەکانی پێکهاتەکانی دیکە بە دەرفەتی بزانن کە سەرکردایەتی کورد سەر بەرگریی لەو شارەیان نەپەرژێت و چیتر وەک ناوچەی جێناکۆک باسی نەکەن، بەڵام خۆ ئەمەی ئێستا گریمانە نییە، ئەمەی ئێستا واقعێکە و لەبەرچاوە؟ ئەدی کوا دەنگی برا تورکمانەکان، ئەگەر بەڕاستی بەرگریی لە خاوەندارێتیی ئەو شارە دەکەن خێرە لەو ستەمە لە تێکڕای پێکهاتە ئایینی، نەتەوەیی، مەزهەبی و عەشیرەتەکاندا هیچ دەنگێکیان لێ بەرز نابێتەوە؟ واز لە تورکمانەکانیش بهێنین، ئەی عەشیرەتە عەرەبییەکانی جگە لە عەشیرەتی جبور بە شیعە و سوننەوە خێرە نقەیان لەخۆیان بڕیووە لەبەرامبەر پارێزگارێکی بەوەکالەتی شارەکە کە کۆی پشکی خوێندکارانی قبووڵکراوی پارێزگای کەرکوکی بۆ کۆلێجی سەربازی قۆرغ کردووە بۆ عەشیرەتەکەی خۆی؟ 
ئایا ئەو دەنگانە لەکوێن کە لەدوای هەموو کۆبوونەوەیەکی وەزارەتی بەرگریی عیراق و هاوپەیمانان و وەزارەتی پیشمەرگە سەبارەت بە دروستکردنی هێزی هاوبەش بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق، هاواریان لێ بەرزدەبێتەوە و دژی بەشداریی پێشمەرگە لەو هێزە هاوبەشەدا دەوەستنەوە؟ 
سەیرە پارێزگارێکی بە وەکالەت کە چەندین دۆسێی گەندەڵیی لە دادگاکانی عیراق لەدژی جووڵێنراوە، لەناو ئەو هەموو کێشمەکێشە قانوونی و سیاسی و پێکهاتەییەی ئەو پارێزگایەدا لیستێکی ئامادەکردووە بۆ کۆلێجەکە لە سەر پشکی ئەو پارێزگایە، کە سەرەتا دەیبینیت وا دەزانیت شیعری لیرکی گۆرانییە میلییەکانە و هەمووی بە وشەی (الجبوری) کۆتایی دێت، بەڵام کە سەردێڕ و ناوەڕۆکەکەی دەخوێنینەوە ئەوکات بۆت مەعلوم دەبێت کە ئەوە لیستی قبووڵکردنی خوێندکارانی (کەرکوک!)ە، هەر باشە ماڵی ئاوابێت نەینووسیوە لیستی خوێندکارە قبووڵکراوەکانی پارێزگای تەئمیم.

وتارەکانی نوسەر